مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.
ڕاپۆرتێك لەسەر ئمباپێ، مشتومڕی لە نێو ریاڵ مەدرید دروست كرد
ڕاپۆرتێكی مێدیایی، شەپۆلێكی مشتومڕی خستە نێو یانەی ریاڵ مەدریدەوە، ئەویش لەبارەی دۆخی دەروونی ئەستێرەی فەرەنسی كیلیان ئمباپێ و پەیوەندیی لەگەڵ دەستەی هونەریی یانەكە بوو، لە كاتێكدا كە ئمباپێ بەردەوامە لە پێشكەشكردنی ئاستی باش و تۆماركردنی گۆڵ، سەرەڕای گۆڕینی سەركردایەتیی هونەریی یانەكە.
ریاڵ مەدرید راهێنەرێكی كاتیی هەیە كە ئەلڤارۆ ئەربیلووایە و دوای رۆیشتنی چابی ئەلۆنسۆ، ئەركەكەی گرتە ئەستۆ، ئەویش لە كانوونی دووەمی ڕابردوودا بوو، لە كاتێكدا هەوڵی دەدا ژووری جلگۆڕینی یانەكە ڕێك بخاتەوە، هەرچەندە فشاری زۆری لەسەر بوو بە هۆی ئەنجامەكانەوە.
لە بەرنامەیەكی ئێزگەییدا، كە لە ئێزگەی كۆبی پەخش دەكرێ، ئاشكرا كرا، كیلیان ئمباپێ هەست بە ئاسوودەیی و دڵخۆشیی زیاتر دەكرد لە سەردەمی ئەلۆنسۆ بەراورد بە سەردەمی ئەربیللوا.
ڕوونیشی كردووەتەوە، كە جیاوازییەكە وابەستەی لایەنی هونەریو گۆڵكردنەوە نییە، بەڵكوو شێوازی ئیدارە و مامەڵەكردنە لە نێو یانەكە، كە ڕەنگدانەوەی هەستی یاریزانەكەیە لە نێو ژووری جلگۆڕیندا.
ڕاپۆرتەكە ڕوونی كردووەتەوە، كە ئمباپێ پەیوەندییەكی باشی لەگەل ئەلۆنسۆ هەبوو، لەو ماوە كورتەی راهێنەری یانەكە بوو، ئمباپێ زۆر لە ڕووی دەروونییەوە لەگەڵیدا گونجاو بوو، ئێستە لە سەردەمی ئەربیللوادا لە دۆخێكی جیاوازدایە، هەرچەندە لە نێو یاریگەدا ئاستی زۆر باشە.
بەرنامەكە باسی لەوە كردووە، كە جیاوازیی مامەڵەكردن، بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ بەسەر ئاستی ئمباپیوە دەرناكەوێ، بەڵكوو لە دوای 6 یاریدا 9 گۆڵی تۆمار كردووە لە سەروەختی ئەربیللوادا، هەروەها 22 گۆڵی بە 25 یاریی ئەم وەرزەی خولی ئیسپانی تۆمار كردووە و 7 گۆڵیشی دروست كردووە.
هانز فلیك گومانەكانی لەسەر كۆندێ ڕەواندەوە و متمانەی پێ دایەوە
هەرچەندە نازانێ متامەنەیە یان ناچاری، بەڵام كۆندێی یاریزانی فەرەنسیی یانەی بەرشلۆنە، بووەوە جێی متمانەی هانز فلیكی راهێنەری یانەكە.
بە هۆی ئاستی جۆل كۆندێی یاریزانی بەرگریی ڕاستی یانەی بەرشلۆنە، زۆر پرسیار لەسەر ئەو یاریزانە دروست بوو، بە تایبەت كە یاریی ڕابردوو لە گەڕی 23ی لا لیگا هەرچەندە 3-0 لە مایۆركایان بردەوە، بەڵام چەند هەڵەیەكی كرد.
ڕاپۆرتە ئیسپانییەكان باسیان لەوە دەكرد، كە هانز فلیك بێزاریی خۆی بۆ هەڵە دووبارەبووەوەكان و ئاستی كۆندێ دەربڕیوە.
كۆندێ بە ڕەگەزێكی گرنگ و حەتمی دادەنرێ لە بەرشلۆنە ، بەو هۆیەی لە دوای ئیریك گارسیاوە خاوەن زۆرترین خولەكی یاریكردنە، كە گارسا 2780 خولەك یاریی كردووە و كۆندێ 2635 خولەك یاریی كردووە.
جگە لە یارییان بەرانبەر سێلتا فیگۆ، كۆندێ لە هیچ یاریزانێكی یانەی بەرشلۆنە دانەبڕاوە.
كۆندێ بەرانبەر ڤێرجیلی ئەستێرەی مایۆركا، ساتەوەختی ناخۆشی بردە سەر، چەندان جار لێی دەرچوو و ماندووبوونی زۆر بە ڕوونی بە كۆندێوە دیار بوو، ئەوەش وای كرد جەستەی قورس لەسەر قاچی بكەوێ، هەروەها فشاری دەروونی لە ناوەندی بەرگریی ڕاست، كە وای لێ دەكا دوو هێندەی خۆی ئاستی باش پێشكەش بكا، ئەوەش بە پێی زانیارییەكانی رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانییە.
ڕۆڵی كۆندێ تەنیا لە بەرگریدا كورت ناكرێتەوە، چونكە داوای لێ كراوە پشتیوانیی لامال بكا لە هێرشبەر، جا بە ڕاكێشانی بەرگركیاران بێ، یان بەشداریكردنی دووانەیی بێ، ئەوەش بارگرانییەكەی زیاد دەكات.
هەروەها كۆندێ هەڵەی دیكەی كرد لە یاریی رابردوو بەرانبەر ئێلچی، هەروەها بەرانبەر یانەی كۆپنهاگنیش بووە هۆی لێتۆماكردنی گۆڵێك لە بەرشلۆنە، دوای پاسدانێكی هەڵە.
ئێستە هانز فلیك هەوڵ دەدا، فشارەكانی سەر كۆندی كەم بكاتەوە لە یارییان بەرانبەر ریاڵ ئۆڤیدیۆ لە سەرەتاوە بەشداریی پێ نەكرد و لە سەرەتادا لەسەر كورسیی یەدەگ بێ، بەڵام دواتر پێویستی پێ بوو بردیە ناو یاریگە و ئیریك گارسبا چووە هێڵی ناوەڕاست.
هەروەها لە یارییەكەیان بەرانبەر ئەلباسیتی لە جامی شا، شتێكی هاوشێوە ڕووی دا، كە جواو كانسیلۆ ناچار بوو لە لای ڕاست یاری بكا، پێش ئەوەی لە ترسی دەركردن ئاڵوگۆڕی پێ بكرێ، دواتر لە دواخولەكەكاندا كۆندێ چووە نێو یاریگە.
كۆندێ هەمیشە بە جۆش و خرۆش و ورەوە دەبینرێ، هەمیشە خواستی بۆ باشتربوون پیشان دەدا، بەڵام فلیك هەندی جار ناچارە لە مەشقی زیادە لەگەڵ یەدەگان لە دوای یارییەكان، ڕایبگرێ. ئەو زاتیارییەیش رۆژنامەی سپۆرت بڵاوی كردەوە.
سەرەڕای داكشانی ئاستی، بەڵام رۆژنامەكە باسی لەوە كردووە، فلیك سوورە لەسەر ئەوەی متمانەی تەواوی پێ بدا، ئەویش بە هۆی لێتێگەیشتنی تەواوی لەگەڵ لامین یامالەوە. هەروەها ڕۆڵی گەورەی لە دەستكەوتەكانی وەرزی ڕابردوو گێرا، لە یاریی كۆتایی جامی شایش بەرانبەر ریاڵ مەدرید، گۆڵی یەكلاكەرەوەی تۆمار كرد.
باسی لەوەش كردووە، كە دەستەی هونەری پێی وایە ئەوە تەنیا داكشانێكی ئاستی بە شێوەی كاتییە، وێنەی ئۆریجیناڵەكەی كۆندێ، لە قۆناغەكانی داهاتوو كە یەكلاكەرەوەن، دەردەكەوێ.
ئاستە بەرزەكەی ئیندریك، مشتومڕی گەرمتر كرد و بریكارەكەی بە توندی هاتە خەت
یاریزانی بەڕازیلیی ریاڵ مەدرید بە خوازراو لە یانەی ئۆڵیمپیك لیۆن، لەو یانەیە ئاستێكی بەرز پێشكەش دەكات، هەر زوو داهاتوویەكی ڕوونی لە خۆی دەرخست، جا بە درێژكردنەوەی ماوەی خواستنەكەی بێ، یان گەڕانەوەی بۆ یانەی ریاڵ مەدرید.
لەو چوارچێوەیەدا، بریكاری یاریزانە لێدوانی دا و ڕەوشەكەی یەكلا كردەوە.
ئیندریك لە یارییەكەیان بەرانبەر نانت كارتی سووری وەرگرت، بەڵام یانەكەی سەركەوتنێكی گرنگ 1-0 گۆڵی تۆمار كرد. ئەوە یەكەم گورز بوو لە یاریزانە بەڕازیلییەكە درا. هێشتاش یانە فەڕەنسییەكەی خاوەن 7 ناسناوی خولی فەرەنسی، بە تەواوی لەو گرێبەستە ڕازییە كە لەگەڵ ریاڵ مەدرید كردوویەتی بۆ دەستخستنی ئەو یاریزانە بە شێوەی خواستن.
تا ئێستە ئیندریك 5 گۆڵی تۆمار كردووە و گۆڵێكی دروست كردووە لە 6 یاریدا لەژێر سەرپەرشتیی راهێنەر پاولۆ فۆنسیكا، ئەوەش وای كرد وەكوو باشترین گرێبەستی ماوەی گواستەوەی زستانەی یانەكە دەستنیشان بكرێ، تەنانەت لە ئاستی ئەورووپاش، سەرەڕای ئەوەی تەمەنی 19 ساڵی تێ نەپەڕاندووە.
ئەو زوو خۆگونجان و ئاستە بەرزەی ئیندریك، بووەتە مایەی سەرنجێكی گەورە لە فەرەنسا، ڕایەڵەكەشی گەیشتووەتە بەڕازیل، تۆڕی “ESPN” بڵاوی كردووە، كە فۆنسیكا داوای لە كارگێڕیی یانەی لیۆن كردووە، كەناڵی پەیوەندی لەگەڵ ریاڵ مەدرید ببەستن بۆ ئەوەی بتوانن ماوەی خواستنەكەی درێژ بكەنەوە تا كۆتایی وەرزی 2026 – 2027
هەروەها ڕاپۆرتی مێدیا ئیسپانییەكان، باس لەوە دەكەن كە لە نێو یانەی ریاڵ مەدرید هەست بە پەشیمانی دەكەن بە هۆی دەستبەرداربوونی كاتییان لەو یاریزانەیان.
لای خۆیەوە ئیندریك ڕەزامەندە بەو ئەزموونە نوێیە پیشەگەرییەی لە دەرەوەی ئیسپانیا، ئەوەش بە ئامانجی خۆگونجاندن لەگەڵ یارییەكان و سەلماندنی بەهرەوەرییەكەی و دەستخستنی ناووبانگی فراوان پێش دەستكەوتنی گرنگتر، كە مۆندیالی 2026ـە.
لە دیمانەیەكدا لەگەڵ بەرنامەی “Win Win” و رۆژنامەی ئاس بڵاوی كردەوە، تیاگۆ فریتاس، بریكاری ئێندریك، ڕوونكردنەوەی تەواوی لەسەر ڕەوشی یاریزانەكە دا، ئاماژەی بە كەمیی یاریكردنی ئەو یاریزانە لە ماوەی بوونی لە ریاڵ مەدرید كرد.
فریتاس روونی كردەوە، كە بەشداریی ئیندریك لەگەڵ یانەی شایانە سنووردار بووە، ئەوەش كارێكی ئاسایە، لە كاتێكدا ڕكەبەرییەكی زۆر لە هێڵی هێرشبەری هەیە، كە باشترین یاریزانانی جیهانی وەكوو ڤینیسیۆس جۆنیۆر، كیلیان ئمباپ و جود بیلینگهامی لێیە، وێڕای ڕۆدڕیگۆ.
باسی لەوەش كرد، كە ئەو یاریزانە لە 18 ساڵانەوە پەیوەندیی بە ریاڵ مەدریدەوە كردووە. لەوێ تەنیا بە چەند خولەكێكی كەمی یاریكردن فەرامۆش كرا، كارێكی لۆژیكی بوو بە تایبەت كە بە هۆی پێكانەوە ئندریك نەچووبووە گەڕی ئامادەكاریی ریاڵ مەرید لە ئەمریكا و مۆندیالی یانەكان بە هۆی پێكانەوە.
بریكارەكەی باسی لەوە كردووە كە نائامادەبوون بۆ ماوەی 3 یان 4 مانگ لە یانەیەكی گەورەی وەكوو ریاڵ مەدرید، وا دەكا گەڕانەوە بۆ ئاستی خۆی كەمێك سەخت بێ،
لە بارەی داهاتووی ئیندریك، بریكارەكەی وتی: ڕێككەوتنەكە ڕوونە و هیچ لێكدانەوەیەك هەڵناگرێ، كۆتایی ئەم وەرزە ماوەی خواستنەكەی لەگەڵ یانەی لیۆن كۆتایی پێ دێت، دواتر دەگەڕێتەوە مەدرید و گرێبەستەكەی لەگەڵ ریاڵ مەدرید تا ساڵی 2030ـە.
فریتاس بە رونی وتی: ئیندریك تەنیا 6 مانگ لە لیۆن دەبێ بە شێوەی خواستن، دواتر لە كۆتایی وەرز دەگەڕێتەوە ریاڵ مەدرید، هیچ لێڵی و ناڕوونییەك لەمەدا نییە.
دەشڵێ: خواستن بەبێ بژاردەی كڕینی یەكجاری، هەروەها گەڕانەوەی مسۆگەرە. ئەوەی لە وەرزی داهاتوو روو دەدا، ناكرێ پێشبینیی بۆ بكەین، بەڵام ئەوەی دڵنیایە كە ئیندریك لە كۆتایی ئەم وەرزەدا دەگەڕێتەوە و ئەو یاریزانێكی ریانەی ریاڵ مەدریدە.

