عەبدولقەهار هەولێری – هۆڵەندا
بە مەبەستی توندوتۆڵی و گرنگیدانی زیاتر بە پەیوەندیی دیپلۆماتیک و هاوئاهەنگی کردن لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و برۆکسل و وڵاتانی دیکەی یەکیەتیی ئەوروپا، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکیەتیی ئەوروپا، بەردەوام لە هەوڵی پتەوکردنی چالاکییە سیاسییەکاندایە.
بۆ ئەو مەبەستەش، لەسەر داوەتی فەرمی سەرۆکوەزیرانی فلاندەرز (ماتیاس دیپێندال)، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکیەتیی ئەوروپا د. دلاوەر ئاژگەیی بەشداریی کرد لەو ڕێوڕەسمەی ساڵی نوێدا کە بۆ باڵیۆز و دیپلۆماتکارانی وڵاتان لە برۆکسێل ڕێک خرابوو.
لە میانەی بەشداریکردنەکە نوێنەری حکوومەت سڵاوی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی گەیاندە سەرۆکوەزیرانی فلاندەرز و داوای لێ کرد لە دەرفەتێکی گونجاو سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.
هەر لە پەراوێزی مەراسیمەکەدا د. دلاوەر ئاژگەیی لەگەڵ باڵیۆز و دیپلۆماتکارانی وڵاتان کۆ بووەوە و دوایین پێشهاتە ناوچەییەکان و بارودۆخی هەرێمی کوردستانی بۆ خستنە ڕوو.

