ڕائیب جادر – ههولێر
پارێزگای دھۆک بەھۆی ھەڵکەوتە جوگرافییە ناوازەکەی و مێژووە دەوڵەمەندەکەیەوە، دەبێتە چەقی پلانە نوێیەکانی حکوومەتی ھەرێم بۆ گەشەپێدانی کەرتی گەشتیاری و پاراستنی شوێنەوارەکان. حکوومەت دەیەوێت لەڕێگەی پەرەپێدانی ئەم کەرتەوە، سەرچاوەکانی داھات ھەمەجۆر بکات و ھەلی کاری زیاتریش بۆ ھاووڵاتییان بڕەخسێنێت. گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: ھەرێمی کوردستان لانکەی شارستانیەتە خاوەنی ھەزاران شوێنەوارە ئەوەش زیاتر سەرنجی گەشتیارانی نێودەوڵەتی بۆ خۆی ڕاکێشاوە.
لە ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ھەشت ھەزار پێگەی شوێنەواری ھەیە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش لە پلانیدایە ناوچە شوێنەوارییەکان نۆژن بکاتەوە و بایەخی زیاتریان پێ بدات بۆ ڕاکێشانی گەشتیاران. بەرپرسانی شوێنەواریش لە ھەرێمی کوردستان، دەڵێن، پلانمان ھەیە گرنگی زیاتر بە پێگە شوێنەوارییەکان بدەین، بەتایبەتی لەڕووی گەشتیارییەوە، چونکە شوێنەوار ھۆکارێکی سەرەکییە بۆ سەرنج ڕاکێشانی گەشتیاران.
ساڵانە نزیکەی ٣٠ تیمی شوێنەواری بیانی دێنە ھەرێمی کوردستان، ھەرچەندە ساڵ بۆ ساڵیش جیاوازی ھەیە، کارەکانیشیان دوو جۆرە، ھەندێکیان بەردەوامن لە گەڕان و ھەڵکۆڵینی شوێنەواردا، کە ئەمجۆرەیان ١٠ بۆ ١٥ ساڵ لە کوردستان کار دەکەن، بەپێی ئەو گرێبەستەی لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شوێنەوار و ئەو تیمەی کە دێن، دامەزراوەیەکی حکوومی بێت یاخود تیمی شوێنەواری ئەکادیمی.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری دھۆک پلانێکی گشتگیری بۆ ھەموو ناوچەکان ئامادە کردووە، بە جۆرێک کە نەک تەنیا لە ھاوین، بەڵکو لە وەرزی زستان و پاییزیشدا زۆرترین گەشتیار ڕوو لە ناوچەکە بکەن، بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراق، کار بۆ دروستکردنی گەورەترین پارکی شوێنەواری دەکرێت کە مێژووی ناوچەکە بە شێوازێکی مۆدێرن بۆ گەشتیاران و توێژەران دەخاتەڕوو، پارکەکە لەسەر ڕووبەری ١٣٠ کیلۆمەتری دووجا دروست کراوە و لە پێنج شوێنەواری خەنەس، جەروانە، فایدە، بەندەوایا و ھەلامەتا پێکھاتووە، ھەروەھا کارەکانی نۆژەنکردنەوە لە قەڵای ئامێدی، شوێنەوارەکانی ئاکرێ و ئەشکەوتی چوارستوون بەردەوامن، ئەم پڕۆژانە بە ھاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئەنجام دەدرێن بۆ پاراستنی سیمای مێژوویی ناوچەکە.
ھەرێمی کوردستان خاوەن سرووشتێکی ڕەنگین و دەوڵەمەندە، پلانی دەستەی گەشتوگوزار ئەوەیە، ھەموو ناوچەکانی کوردستان جا شوێنەواری بێت، یان گەشتیاری خزمەت بکرێن، بۆ ئەوەی لە ھەر چوار وەرزی ساڵ گەشتیار ڕووی تێ بکەن، ھەر ئەوەش وای کردووە ڕۆژبەڕۆژ ژمارەی ھاتنی گەشتیارانی بیانی بۆ ھەرێمی کوردستان زیاتر بێت.
سەرباری گەشتیاری زستانە مێژوو و شارستانیەتی ھەرێمی کوردستان پڕە لە شوێنەواری دێرین. بێکەس بریفکانی، بەرێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری پارێزگای دھۆک، دەڵێت: پاش ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پلانێکی توکمەی دانا بۆ ئەوەی کار لەسەر شوێنەوار بکات، بەرنامەی حکوومەتی ھەرێم ئەوەیە زیاتر خزمەتی شوێنەوارەکان بکات، بەتایبەتی پاراستنیان، ھەروەھا ژمارەیەکی زۆر لە ڕێکخراو و زانکۆی بیانی کاریان لەسەر شوێنەوارەکانی دھۆک کردووە، ئەوەش پاش ئەوە دێت کە بۆ ئەوان دیار بوو پارێزگای دھۆک دەوڵەمەندە بە مێژوو و شوێنەوار و بە ھەزاران شوێنی گرنگی مێژووی دەکەونە ناوچەکە.
بەرێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری پارێزگای دھۆک، دەشڵێ: لە دھۆک پارکێکی شوێنەواری دروست دەکرێت، ئەوەش بۆ یەکەمجارە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراق پارکێکی لەو شێوەیە دروست بکرێت، کە بەشێکی زۆری کارەکانی تەواو بوونە و لە مانگی ١٠ی ئەمساڵ دەکەوێتە خزمەت گەشتیاران، لەگەڵ ئەوەی ڕێگەوبانمان بۆ چەندین شوێنەوار بردووە، سەرەڕای ئەوەی چەندین شوێنەوار نۆژەنکراونەتەوە ئەوانەش لە ھەموو شار و شارۆچکەکانی سنووری پارێزگای دھۆک بوونە، ئەوەش زیاتر سەرنجی گەشتیارانی بۆ سنوورەکە ڕاکێشاوە، پلانیش ھەیە چەند مۆزەخانەیەک دروست بکرێن بەتایبەتی لە ھەر دوو شارۆچکەی ئامێدی و ئاکرێ.
گرنگییەکی زۆر بە کەرتی گەشتیاری دراوە، ھەوڵ دراوە جۆرە جیاوازەکانی گەشتوگوزار ببووژێندرێنەوە
لەلایەکی دیکەوە ئیبراھیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: سەبارەت بە گەشتوگوزاری زستانە دیارە خۆشبەختانە لەسەردەمی کابینەی نۆیەم، گرنگییەکی زۆر بە کەرتی گەشتیاری دراوە، ھەوڵ دراوە جۆرە جیاوازەکانی گەشتوگوزار ببووژێندرێنەوە، لە نێویدا گەشتوگوزاری زستانە دوای ئەو پێشوەچوونەی کە لەڕووی ژێرخانەوە لە کەرتی گەشتیاری ھاتە کایەوە لەسەردەمی کابینەی نۆیەم لە ماوەی پێنج ساڵدا بە گوژمەی ٧ ملیار و زیاتر لە ٥٠٠ ملیۆن دۆلار پڕۆژەی گەشتیاری ئەنجام دران، ئەو پڕۆژانە وای کرد کەرتی گەشتیاری بەشێوەیەکی گشتی بچێتە قۆناغێکی پڕشنگدار لە نێویاندا جۆرە جیاوازەکانی گەشتوگوزار ببووژێتەوە، جاران گەشتیاران تەنیا لە وەرزی ھاوین سەردانی ھەرێمی کوردستانیان دەکرد، بەڵام خۆشبەختانە چەند ساڵێک دەبێت گەشتیاران لە وەرزی زستانیش بەتایبەتی لەو کاتانەی بەفر دەبارێت ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، ئەمساڵیش بەو پێیەی کە بارودۆخی کەشوھەوا بە جۆرێک بوو کە ڕێژەی دابارینی بەفر باش بوو ئەوەش وای کرد سەرنجی زۆر لە گەشتیاران ڕابکێشێت، بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی کە کردوومانە و ئەو فیدباکەی کە ئێمە لە کەرتی تایبەت و بنکە گەشتیارییەکان وەرمان گرتووە ڕێژەیەکی زۆر لە گەشتیاران ئەمساڵ لە وەرزی زستان ڕوویان لە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان کردووە، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی کە بەفر تێدا دەبارێت.
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، ئاشکراشی کرد: شوێنەوار لە ھەرێمی کوردستان و لە تەواوی جیھانیش ڕەگەزێکی سەرەکی کەرتی گەشتیارییە، ھەرێمی کوردستانیش خۆشبەختانە بەو پێیەی کە لانکەی شارستانیەتە خاوەنی ھەزاران شوێنەوارە ئەوەش وای کردووە سەرنجی گەشتیارانی نێودەوڵەتی بەتایبەتی بۆ خۆی ڕابکێشێت، حکوومەتی ھەرێم خودی سەرۆکی حکوومەت گرنگییەکی زۆری بە شوێنەوار داوە ھەوڵ دەدرێت بەشێک لەو شوێنە شوێنەواریانە بە گەشتیاری بکرێن، واتە خزمەتگوزاریان بۆ دابین بکرێت، تاکو گەشتیاران لە کاتی سەردانیکردنیان ھەم ئاسانتر بگەنە ئەو شوێنانە، ھەمیش کە چوونە ئەو شوێنانە خزمەتگوزاریە سەرەتاکانی لێ بێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە سەردەمی کابینەی نۆیەم زیاتر لە حەوت سەد پڕۆژەی ڕێگەوبان ئەنجام دراون کە بەشێکیان ڕێگەی سەرەکی بوونە لە دەرەوەی شارەکان، ھەروەھا ڕێگەی لاوەکیش بۆ ھەندێک شوێن چووە ئەوەش وای کردووە گەشتیاران ئاسانتر دەستیان بگات بە ھەندێک لە شوێنەوارەکان، بۆیە وەکو گوتم شوێنەوار ڕەگەزێکی گرنگی گەشتیارییە، بۆیە ھەماھەنگی تەواومان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و کەلەپووری ھەرێمی کوردستان ھەیە بۆ ئەوەی بتوانین ژمارەیەک لەو شوێنە شوێنەوارانە دەستنیشان بکەین و ھەنگاو بنێین بە ئاراستەی بە گەشتیارکردنیان.

