ئەمڕۆ سێشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە عەلی ئەلعەللاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق کرد. لە کۆبوونەوەکەدا کە نوێنەرانی ژمارەیەک لە بانک و جزدانە ئەلیکترۆنییەکان ئامادەی بوون، گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی سیستەمی بانکی و پڕۆژە هاوبەشەکانی نێوان هەردوولا کرا.
تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە هەردوو پڕۆژەی (هەژماری من) و (ئی پسوولە) تێیدا جەخت لە گرنگیی باشترکردنی سیستەمی بانکی و بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بانکی ناوەندیی عێراق و ئەو بانکانە کرایەوە کە بەشدارن لەم پڕۆژە نیشتمانییانەدا.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی پارێزگاری بانکی ناوەندی و تیمەکەی کرد بۆ ئەو کارئاسانی و پشتیوانییەی لە چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێم لە بواری پێشخستنی کەرتی بانکیدا دەیکەن. هەروەها ستایشی هەنگاوەکانی عەلی ئەلعەللاقی کرد بۆ کاراترکردنی سیستەمی دارایی لە عێراقدا.
لای خۆیەوە عەلی ئەلعەللاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ستایشی دیدگای سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کرد بۆ بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و چاکسازی لە کەرتی بانکی. ئامادەیی تەواوی بانکی ناوەندیی نیشاندا بۆ هەموو جۆرە هاوکاری و هەماهەنگییەک لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامانجی سەرخستنی پڕۆسەکە.

