رۆژنامەی ھەولێر

لە جەرگەی پرێمەرلیگەوە جــــــێگرەوەی كاسیمیسرۆ دەدۆزێتەوە

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

جیسۆس هەمووان شۆك كرد و داهاتووی خستە دەست ڕۆناڵدۆوە
ڕاپۆرتی مێدیاكان، بڵاویان كردەوە، كە پێشكەوتنی نوێ لەبارەی چارەنووسی جۆرجی جیسۆسی پورتوگالی، بەڕێوەبەری هونەریی یانەی نەسڕ هاتووەتە كایەوە، لە كاتێكدا هەواڵ و دەنگۆی ئەوە هەبوو كە دوای كۆتاییهاتنی ئەم وەرزە لەو یانە سعوودییە نامێنی.
لەم ماوانەی دواییدا، تووڕەیی باڵی بەسەر یاریزانی پورتوگالی كریستیانۆ ڕۆناڵدۆی كاپتنی یانەی نەسڕ و هاونیشتمانییەكەی جۆرجی جیسۆسی راهێنەری هەمان یانەدا كێشابوو، ئەوەش بەهۆی نەبوونی پاڵپشتیی پێویست لە لایەن یانەكەیانەوە.
ئەوەش وای كرد كە ڕۆناڵدۆ لە دوا دوو یاری یانەكە ئامادە نەبێ، هەروەها جیسۆس و یاریزانانی نەسڕیش خۆیان لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكان، یان دەركەوتن لە بەردەم مێدیاكاندا، بە دوور بگرن.
بە پێی زانیارییەكانی رۆژنامەی (ریازییە)ـی سعوودی، جیسۆس چارەنووسی نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ نەسڕ و مانەوەی لەو یانەیە لە دوای كۆتاییهاتنی ئەم وەرزە، وابەستەی هەڵوێستی كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ كردووە.
ڕوونیشی كردەوە كە جیسۆس بڕیاری دواخستنی دانوستانی لەبارەی ئەو كارەوە داوە، دەیەوێ چارەنووسی ڕۆناڵدۆ بزانێ، كە دوو یارییە دابڕاوە.
یانەی نەسڕ، خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی یانەی ئەركاداجی توركمانستان ئامادە دەكا، كە بڕیارە ئێوارەی سبەی چوارشەممە لە گەڕی چوونی یارییەكانی چارەكی كۆتایی خولی پاڵەوانانی ئاسیا2 بەرێوە بچێ.
ئەمە لە كاتێكدایە هەواڵ و دەنگۆی ئەوەش هەبوو، كە ڕۆناڵدۆ دەیەوێ بگەڕێتەوە ئەورووپا و لەوێوە هەوڵی گەیشتن بە هەزارەمین گۆڵی كاروانی ژیانی بدات.

مانچستەر یونایتد، لە جەرگەی پرێمەر لیگەوە جێگرەوەی كاسیمیسرۆ دەدۆزێتەوە
كارگێڕیی یانەی مانچستەر یونایتد، دەیەوێ بە گرێبەستێكی گەورە، هێڵی ناوەندیی یانەكە بەهێزتر بكا و بۆ ئەو مەبەستە یاریزانێكی نیوكاسڵی خستووەتە ژێر سەرنجەوە.
یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی، چاوی لەسەر ساندرۆ تۆنالی، ئەستێرەی یانەی نیوكاسڵ دانا، تا بیكاتە سەرلیستی ئەو یاریزانانەی دەیەوێ بۆ پتەوكردنی هێڵی ناوەڕاستی یانەكە، لە ماوەی گواستنەوەی داهاتووی هاوینەدا، بیباتە ریزەكانیەوە
چاوەڕێ دەكرێ، كە ئەو یاریزانە ئیتاڵییە 25 ساڵانە، بچێتە یانەی مانچستەر یونایتد، بە تایبەت كە هەفتەی ڕابردوو، بریكارەكەی ئاشكرای كرد، ئەو یاریزانە لەبارەی داهاتووی خۆیەوە بیر دەكاتەوە.
ئەمە لە كاتێكدایە یانەی یوڤێنتوسش گرنگییەكی زۆر بەو یاریزانە دەدا بۆ ئەوەی بیگەڕێنێتەوە خولی ئیتاڵیا، هاوكات لە دوایین ڕۆژی ماوەی گواستنەوەی زستانەی ڕابردوودا، ناوی تۆنالی وابەستەی یانەی ئارسناڵیش كرا، مانچستەر یونایتد ئێستە چاودێریی هەموو دۆخەكە دەكات.
تۆنالی بە یەكێك لە دیارترین یاریزانانی هێڵی ناوەڕاست دادەنرێ كە مان سیتی بیرلە دەستخستنی دەكاتەوە، جگە لەو یاریزانە، هەردوو یاریزان ئیلیۆت ئەندەرسۆن لە یانەی نۆتینگهام فۆڕست و ئادەم وارتۆن لە یانەی كریستاڵ پاڵاس، لە ژێر چاودێریی یانەی مانچستەر یونایتددان.یانەی مانچستەر یونایتد، پێش چەند ڕۆژ رایگەیاند، كە كاسیمیرۆی ئەستێرەی یانەكە، لە دوای كۆتاییهاتنی ئەم وەرزە، كە هاوكات وادەی گرێبەستەكەشی كۆتایی دێت، ڕیزەكانی یانەكەیان جێ دەهێڵێ.
بە دڵنیاییەوە جێهێشتنی كاسیمیرۆ، بۆشاییەكی گەورە لە ناوەڕاستی مانچستەر یونایتد جێ دەهێڵێ، بۆیە ئێستە تۆنالی یەكێكە لە بژاردە سەرەكییەكانی مان یونایتد، بە تایبەت كە سێیەمین وەرزیەتی لە خولی نایابی ئینگلتەرا. بە پێی زانیارییەكانی رۆژنامەی تێلێگراف، یانەی مانچستەر بە دوای بژاردەیەكدا دەگەڕێن، كە ماوەیەكی زۆر لە یانەكەدا بمێنێتەوە.
رۆژنامەكە باسی لەوە كردووە، كە یانەی نیوكاسڵ، لە گرێبەستی تۆنالیدا قازانجێكی زۆر دەكا، بە تایبەت كە لە ساڵی 2023ـدا بە 55 ملیۆن جونەیهی ئیستەرلینی ئەو یاریزانەی لە یانەی ئەی سی میلانی كڕی.
ئەمە سێیەمین وەرزیەتی لە خولی ئینگلتەرا، هەروەها پێشتریش بە هۆی سەرپێچیی هەندێك لە بڕیارەكانەوە لە ئیتاڵیا، لە یاریكردن ڕاگیرابوو.
لە ماوەی ڕاگرتن و سڕكردنیدا، گرێبەستێكی لەگەڵ یانەی نیوكاسڵ تا ساڵی 2029ـدا واژۆ كرد، لەگەڵ بژاردەی نوێكردنەوە و درێژكردنەوەی بۆ ساڵێكی دیكە.
ڕوونیشی كردەوە، لەگەلا كڕینی یاریزانی هێڵێ ناوەڕاست ئینزۆ فێرناندێز و میسیس كایسیدۆ و دیكلان رایس بە زیاتر لە 100 ملیۆن جونەیهی ئیستەرلینی بۆ هەریەكێك لەوانە، چاوەڕێ دەكرێ نیوكاسڵ هەمان بڕەپارەی تەنیا لە فرۆشتتنی تۆنالیدا دەست بكەوێ.
لای خۆیەوە ئیدی هاو، راهێنەری یانەی نیوكاسڵ لەبارەی تۆنالییەوە قسەی كرد و لە دوایین ڕۆژی ماوەی گواستنەوەی زستانەدا، هاندەرانی یانەكەی دڵنیا كردەوە كە تۆنالی لەوێ ئاسوودەیە، بەڵام ئەوە ڕێی لە یانەكانی دیكە نەگرتووە بۆ ئەوەی بۆ دەستخستنی دەست بە جووڵە بكەن.هەروەها لێدوانی جۆرزیپی ریزۆی بریكاری تۆنالی، جێی هەرا و مشتومڕ بوو، بە جۆرێك بۆ رۆژنامەی تۆتۆ سپۆرتی ئیتاڵی رایگەیاند، كە نیوكاسڵ ڕووبەڕووی سەختی دەبێتەوە لە دەستبەرداربوون لە ساندرۆ تۆنالی، ئەو حەزی لێیە لە یارییەكانی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپا بێ.
وتیشی: دۆخەكە هەڵدەسەنگێنین و لە هاوینی داهاتوو بڕیار دەدەین كە چی بكەین، دواتر دانوستانی گواستنەوە ئەنجام دەدەین، با بزانین چۆن وەرزەكە كۆتایی دێ، دواتر بڕیار دەدەین كە چی بكەین.ئێستە هەلی گەیشتنی یانەی نیوكاسڵ بۆ خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپا زۆر بووە، بە تایبەت كە خانەی 12ی خولی پرێمەر لیگی بە 33 خاڵ گرتووە و 12 خاڵ لە یانەی مانچستەر یونایتدی خاوەن خانەی چوارەم گرتووە، كە دوایانەیە ئەگەری بەشداریكردنی لە چامپیۆنس لیگ هەیە. لە كاتێكدا تەنیا 13 گەڕ ماوە بۆ كۆتاییهاتنی خولی تۆپی پێی ئینگلتەرا.

گاری نیڤیڵ لە ڕەتكردنەوەی گۆڵەكەی مانچستەر سیتی تووڕەیە
گاری نیڤیڵی ئەستێرەی پێشووتری یانەی مانچستەر یونایتد، زۆر تووڕەیە لە ڕەتكردنەوەی گۆڵەكەی یانەی مانچستەر سیتی لە خولەكی 100 بەرانبەر لیڤەرپوول، لەو یارییە سەرنجڕاكێشەی لە یاریگەی ئەنفێڵد بەڕێوە چوو.
لە خولەكی 100ـدا گۆڵێكی یانەی مانچستەر سیتی لە ڕێگەی لێدانەوەی تەكنیكی دووبارەكردنەوەی ڤیدیۆ (ڤار) گۆڵێكی لێ ڕەت كرایەوە. ئەو گۆڵەی مان سیتی لە كاتێكدا بوو یارییەكە 2-1 لە بەرژەوەندیی خۆیدا بوو، بەڵام لیڤەرپوول هەوڵی تۆماركردنی گۆڵی یەكسانبوونی دەدا.
ئەلیسۆنی گۆڵپارێزی بەڕازیلی هاتبووە نێوەڕاستی یاریگە، تۆپێكی ئاڕاستەی گۆڵی لیڤەرپوول كرا، بەڵام كێبەركێ لە نێوان دۆمینیك سۆیۆسلای و ئیرلینگ هالانددا بوو، هالاند یاریزانەكەی لیڤەرپوولی بە خێرایی تێپەڕاند و تۆپەكەی بۆ گۆڵ لێ دا، بەڵام ركەبەرەكەی لە پشتەوە هالاندی ڕاكێشا و پێشی كەوتەوە، هالاندیش بەربەستی بۆ دروست كرد و ڕایكێشایەوە، بۆیە هیچیان نەگەیشتنە تۆپەكە كە لە تۆڕدا گیرسایەوە.
لە سەرەتادا كریج باوسۆنی ناوبژیوان گۆڵی ژمارد، بەڵام دوای لێدانەوەی تەكنیكی ڤار، ناوبژیوان ناچار بوو پەنا بۆ دەقی یاسا ببات.
باوسۆن وای دەربڕی كە دەبێ گۆڵەكە ڕەت بكرێتەوە، چونكە هالاند فاوڵی دژی سۆبۆسلای كردووە، دوای ئەوەی بۆ یەكەمجار سۆبۆسلای ئەوی لە پشتەوە ڕاكێشا. هەروەها بە ئاشكرا ڕێگەی لێ گرت گۆڵ بكا، بۆیە یاریزانە هەنگارییەكە كارتی سووری وەرگرت.
ئەو حاڵەتە كەمێك یارییەكەی ڕاگرت و دوای ماوەیەكی تر دەستی پێ كردەوە، تا ئەو كاتەی ناوبژیوان 2-1 گۆڵ لە بەرەژوەندیی سیتی فیكەی كۆتایی یارییەكەی لێ دا.
گاری نیڤیڵ، كە وەكوو كۆمێنتەر لە كەناڵی سكای سپۆرتس سەرنجی یارییەكەی دەدا، رایگەیاند كە ڤار لەو حاڵەتەدا كاریگەری و ڕۆڵێكی خراپی هەبووە.
لەو رووەوە ئەفسانەكەی مانچستەر یونایتد، وتی: چ تێكدەرێكی خۆشی بوو، گەورەترین ساتەكانی ئەم وەرزەی تێك دا.
گاری نیڤیڵ وتی: ڤار دەڵێ ناكرێ هەڵەی یەكەم پاشگوێ بخەیت و هەڵەی دووەم حساب نەكەی، هیچ هاندەرێكی تۆپی پێ نییە بڵێ ئەمە پێچەوانەی یاسایە، لەو رووەوە هەست بە داخێكی زۆر دەكەم.

تۆنی کرووس پەسنی بەرگریکارە ئەڵمانییەکەی ئینتەر میلان دەکات
ئەستێرەی تۆپی پێی ئەڵمانیی وازهێنراو لە تۆپی پێ تۆنی كرووس، یاریزانی پێشتری یانەی ریاڵ مەدرید، ئاماژەی بە ئاستی یەكێك لە بەرگریكارانی خولی ئیتاڵیا كرد، بەوەی لە ساڵی ڕابردووەوە گەشەی سەندووە و ئاستی بەرز بووەتەوە.
لە پۆدكاستێكی تایبەتدا، كە تۆنی كرووس میوانداریی ئەستێرەی ئەڵمانی مایكل بالاكی كرد، ڕایگەیاند: یانەی ئینتەر میلان، بەهرەوەرێكی باشی بەرگریی هەیە، كە ئەڵمانیا لە ساڵانی داهاتوودا سوودی لێ وەردەگرێ.
كرووس ئاشكرای كرد، كە مەبەست بەرگریكاری ئەڵمانی بیسیكە و بە دڵی بەرگریی نایاب ناوی برد، بەوەی ترسی خستووەتە دڵی ڕكەبەرەكانیەوە.
كرووس باسی لەوەش كرد، كە لە وەرزی ڕابردووەوە ئەو یاریزانە جێی سەرنجی بووە، بەوەی توانایەكی بەرزی بەرگریی هەبووە و خۆی دەسەلمێنی.
كرووس وتیشی: سەرسامم بە ئاستی ئەو یاریزانە لە ساڵی ڕابردووەوە، چەقەبەرگریكارێكی نایابە، یەكێكە لەوانەی هیچ یاریزانێك نایەوێ دژی یاری بكا، بە تایبەت لە رووبەڕووبوونەوەی دوو كەسیدا.
ئەو ئاماژەدانە بە بیسیكی 25 ساڵ، دوای ئەوە دێ كە دوای چاكبوونەوەی لە پێكانەكەی، لەگەڵ ئینتەر میلان ئاستێكی بەرز پێشكەش دەكات.
بیسیك لە ساڵی 2023ـەوە لە یانەی ئەرهۆسی دانماركییەوە چووە یانەی ئینتەر میلان، بووەتە كۆڵەكەیەكی سەرەكیی هێڵی بەرگری لەژێر سەرپەرشتیی كریستیان كیڤۆی راهێنەر، ئاستێكی باشی هەبووە و ڕۆڵی بەرگریی یانەكەی زیاد كردووە. هەروەها لە 15 یاریی ئەم وەرزەدا دوو گۆڵیشی تۆمار كردووە.
لای خۆیەوە، مایكل بالاك، هاوڕا بوو لەو پەسندانەی بیسێك، وتیشی: بیسێك دەكرێ یارمەتیی نوێكردنەوەی هێڵی بەرگریی ئەڵمانیا بدا، راشیگەیاند دەیەوێ ڕۆژێك لە رۆژان بە درێسی بایرن میونشنەوە بیبینێ.
بیسێك كە هەڵگری ڕەگەزی كامیرۆنیشە، بەم دواییە 13 خولەك بۆ ئەڵمانیا یاریی كرد لەو یارییەی لە گەڕانەوەی چارەكی كۆتایی خولی نەتەوەكانی ئەورووپا لە ئاداری 2025ـدا بەڕێوە چوو، ئەنجامەكەشی 3-3 گۆڵ كۆتایی هات.