رۆژنامەی ھەولێر

ئەردەوان ئیبراھیم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران: لە ماوەیەکی نزیکدا کارەبای پێنج قەزای دیکەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەبێتە ٢٤ کاتژمێری

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پڕۆژەی ڕووناکی ماوەی ساڵێکە لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان ھاووڵاتییانی ناوچەکەی خۆی حەساندووەتەوە، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کارەبا تا ئێستا نزیکەی ٥ ملیۆن کەس لە پڕۆژەکە سوودمەندبوونە، چەند قەزایەکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تا ئێستا بێبەشن لە پڕۆژەکە و ھاووڵاتییان نیگەرانن لە کرێی مووەلیدە ئەھلیەکان و داوا دەکەن ھەرچی زووە پڕۆژەی ڕووناکی بگاتە ناوچەکانیان، چونکە بەگوێرەی داتاکان، ٨٠%ـی ھاووڵاتییان، بەتایبەتی کەمدەرامەتان، پارەیەکی کەمتر دەدەن بە بەراورد بەو پارەی پێشتر بۆ کارەبای نیشتمانی و مووەلیدە دەیاندا. بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران، دەڵێت: تا مانگی سێ تەواوی گوند و قەزاکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەبنە خاوەن کارەبای ٢٤ کاتژمێری.

پڕۆژەی ڕووناکی پڕۆژەیەکی ستراتیژیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری لەڕێگەی پێوەری زیرەک، پڕۆژەکە سەرەتا لە گەڕەکی بەختیاریی ھەولێر دەستیپێکرد و ئێستا بۆ زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی ھەرێم و ئیدارە سەربەخۆکان فراوان کراوە، ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەکە ڕێکخستنی بەکارھێنانی وزە، کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان و کۆتاییھێنانە بە مووەلیدە ئەھلییەکان کە بارگرانیی دارایی و ژینگەییان بۆ ھاووڵاتییان دروست کردووە.
پێنج ملیۆن ھاووڵاتی لەڕێی پڕۆژەی ڕووناکییەوە پارەی کەمتر دەدەن، لە ھەمان کاتدا لە ژینگەیەکی پاکتر و سەلامەتتر دەژین، ئەوەش دوای ئەوەی ٤٠٠٠ مووەلیدە کوژێنرانەوە، ھەروەھا ئەم کارەبایە ڤۆڵتییەکی جێگیر و ژیانێکی سەقامگیرتری بۆ خێزانەکان و کاسبکار و پیشەوەرانیش زامن کردووە، لە کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دەبنە خاوەنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری، کە بەگوێرەی داتاکان، ٨٠%ـی ھاووڵاتییان، بەتایبەتی کەمدەرامەتان، پارەیەکی کەمتر دەدەن بە بەراورد بەو پارەیەی پێشتر بۆ کارەبای نیشتمانی و مووەلیدە دەیاندا.
ڕۆژی ١٧ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، لە کاتی سەردانێکیدا بۆ گەڕەکی شادی لە شاری ھەولێر، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند.
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەر ئەو کات ڕایگەیاند، پڕۆژەی ڕووناکی یەکێکە لە گرنگترین پڕۆژەکانی خزمەتگوزاریی بۆ ھاووڵاتییانی خۆشەویستی ھەرێمی کوردستان، کە مەبەستمانە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ واتە کۆتایی ئەمساڵ کارەبای سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان بکەینە ٢٤ کاتژمێری.
پڕۆژەی ڕووناکی یەکێکە لە پڕۆژە ھەرە سەرکەوتووەکان، ھەر ئەوەش وای کردووە بەردەوام ھاووڵاتییان داوای پڕۆژەکە بکەن. سوودەکانی بۆ ھاووڵاتییان نرخەکەی بە گوێرەی نرخی جیھانییە، ڕەچاوکردنی ھاووڵاتییانی کەم دەرامەت کە وایت ئەمپێر خەرج دەکەن، نەھێشتی دووکەڵ و ژاوەژاوی مووەلیدە و پاککردنەوەی ھەوای کوردستانە، کارەبا بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دەگاتە ھاووڵاتییان، تێچووی زیاد بەکارھێنان کەم دەکاتەوە، ھەر بۆیە ئامانجی پڕۆژەکە ئەوەیە کە باشترین خزمەتگوزاری بە کەمترین تێچوو پێشکەش بە ھاووڵاتییان بکات.
ھاووڵاتییانی قەزاکانی مێرگەسۆر، چۆمان، ڕواندز، سیدەکان و خەلیفان داوا دەکەن وەکو ناوچەکانی دیکە، ناوچەکانی ئەوانیش بە کارەبای ٢٤ کاتژمێری ڕووناک بکرێتەوە، چونکە وەکو تێبینیمان کردووە ئەوانەی پڕۆژەی ڕووناکییان پێگەیشتووە ٢٤ کاتژمێر کارەبایان ھەیە، جگە لەوەی ئەو پارەی کە بۆیان دێتەوە لە خوار ئەو پارەیە کە دەدەینە کرێی مووەلیدە.
بەپێی پلانەکانی وەزارەتی کارەبا، کە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو دەست بە ڕێکخستنەوەی سەنتەرەکانی کارەبای کردووە، تا ئێستا زیاتر لە ٥ ملیۆن کەس لە پڕۆژەکە سوودمەندن، بەرپرسانی کارەباش لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەڵێن، ھەوڵی جددیمان داوە بۆ ئەوەی پڕۆژەکە لە تەواوی سنوورەکە بکەوێتە خزمەت ھاووڵاتییان، داواکاریش ھەیە

ڕۆژانە ھاووڵاتییانی ئەو شوێنانەی پڕۆژەی ڕووناکیان پێ نەگەیشتووە داوا دەکەن و
سەردانمان دەکەن بۆ ئەوەی ماڵەکانیان بە کارەبای ٢٤ کاتژمێری ڕووناک بکرێتەوە، بەو ھەنگاوەش بە دەیان مووەلیدە لە کار دەخرێن، ئەمەش ھۆکارێکی باشە بۆ پاکڕاگرتنی شارەکە و نەھێشتنی ژاوەژاوی ئەو مووەلیدانەی ھاووڵاتییانی بێزار کردووە.
شەو و ڕۆژ تیمەکانی پڕۆژەی ڕووناکی کۆچە و کۆڵانەکانی ھەرێمی کوردستان بەسەر دەکەنەوە و بەگوێرەی ئەو پلانەی دایاناوە گەڕەک و شوێنەکان دەست نیشان دەکەن و کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆیان دابین دەکەن. ژمارەی ھاوبەشانی کارەبا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ٨٩٢٣٩ ھاوبەش دەبن، ئەو ھاوبەشانە بەسەر پێنج پۆل دابەشکراون، لەوانە ماڵان، بازرگانی، پیشەسازی، میری و کشتوکاڵی. ئەردەوان ئیبراھیم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زیاتر لە ٨٩ ھەزار ھاوبەشی کارەبا ھەن، لەو ڕێژەیە ٤١ ھەزار و ٥٠٠ ھاووڵاتیی سوودمەندن لە پڕۆژەی ڕووناکی، ڕێکارە ھونەرییەکان بەرەو کۆتایی دەڕۆن و لە داھاتوویەکی زۆر نزیکدا تەواوی ھاووڵاتییانی گوند و شارۆچکەکانی ئیدارەی سەربەخۆیی سۆران لەوانە چۆمان، مێرگەسۆر، سیدەکان، خەلیفان و ڕواندز بۆ مانگی ٣ لە پڕۆژەی ڕووناکی سوودمەند دەبن و کارەبایان دەبێتە ٢٤ کاتژمێری.
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران، دەشڵێ: لە زستاناندا لۆد لەسەر کارەبا زیاد دەبێت، یەکەم ھۆکار کە دەبێتە ھۆی ھاتنەوەی بڕێکی زۆری پارە ھیتەر، سپلێت و ئاو گەرم کەرەوەیە، لە وەرزی زستانیش ئەوانە خواستی زۆریان لەسەرە، ئەمەش ھۆکارە تا بڕی پارەکە بەراورد بە مانگەکانی

پێشوو زۆرتر بێتەوە، لە ٤١ ھەزار و ٥٠٠ ھاوبەشی کارەبا لە سۆران ٤١
ھەزار ھاوبەش خوار ١٥٠ ھەزار دیناری بۆ
ھاتووەتەوە، ئەو چەند کەسەشی کە پارەیەکی زۆریان بۆ ھاتووەتەوە، کارەبایەکی زۆریان بەکارھێناوە.
زۆرینە ھاوڕان لەسەر ئەوەی پڕۆژەی ڕووناکی خزمەتێکی گەورە و گرنگە بە ھاووڵاتییان و چەندین سوودی ھەیە، لە داھاتوودا ئەوە بۆ ھاووڵاتییان زیاتر ڕوون دەبێتەوە کە چۆن ئەو پڕۆژەیە خزمەتی بە ھەمووان کردووە و کوردسانیش وەک ھەر وڵاتێک بووەتە خاوەنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری و لە دووجۆر کارەبا ڕزگاریان بووە و کارەبایەکی بەردەوامیان ھەیە،
لەڕووی ئابوورییەوە کاریگەری دەبێت و ھەرێمی کوردستانی بردووەتە قۆناغێکی نوێ. ناجی میرزا، شارەزای بواری کارەبا، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: لە ھەرێمی کوردستان شەش مانگ کارەبا زۆر بەکاردەھێنرێت، لە ھاوین و لە زستان، بۆ فێنککردنەوە و گەرمکردنەوە، ئەگەر ھاووڵاتی لە ھاوین و زستان کارەبای بەردەوامی ھەبێت، لەگەڵ ئەوەی ڕاھات بەپێی پێویست بەکاری بێنێت و دەست پێوە بگرێت، لەو شەش مانگە لە گەرما بێزارنەبوو، لە سەرماش گرفتی نەبوو، دەستیشی بە کارەباوە گرت، پارەیەکی وای لەسەر ناکەوێت.
ئەو شارەزایەی بواری کارەبا، دەشڵێ: پڕۆژەی ڕووناکی یەکێکە لە پڕۆژە بەھێز و کاریگەرەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کە بەوھۆیەوە ھەموو ھاووڵاتییان و کۆمپانیا و شوێنە بازرگانییەکان و ھەموو ھاوبەشەکانی کارەبا سوودی لێ وەردەگرن و ژێرخانی ئابووریی ھەرێمی کوردستانیشی بەرز کردووەتەوە.