ڕائیب جادر – هەولێر
حکوومەتی ھەرێم یەکێک لە ئامانجەکانی فڕە چەشنکردنی سەرچاوەکانی داھاتە، ساڵانە زیاتر لە ١٠٥ ملیۆن مریشک لە کوردستان بەخێودەکرێن و بەرھەمەکەیان ٢٥٠ ھەزار تۆن گۆشتە. ئەوەی بووەتە جێگەی نیگەرانی جووتیار و خاوەن پەلەوەرەکان، بازگەکانی عێراق ئاستەنگ بۆ ھەناردەکردنی بەرھەمەکانیان دروست دەکەن و گێچەڵ بە شۆفێران دەکرێت، ھەرچەندە پێشتر ڕێککەوتن کراوە. گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێم، دەڵێت: ئەگەر ھیچ کێشەیەک نەھێتە پێشەوە ڕۆژانە دە ھەزار تۆن بەروبوومی جووتیاران ڕەوانەی شارەکانی عێراق دەکەین.
مۆڵەت بە ٤٨٧٨ پڕۆژەی پیشەسازی دراوە
وەزارەتی کشتوکاڵ دەیەوێت پشت بە بەرھەمی ناوخۆ ببەستێت و بەرھەمی ھاوردەکراو نەمێنێت، لە چەند ساڵی ڕابردوودا ٢٠ سایلۆ لە ھەرێمی کوردستان دروست کراون، لەو سایلۆیانە زیاتر لە ١٠٠ ھەزار تۆن گەنم کۆگا کراوە، بەرھەمھێنانی ئاردیش لە ساڵێکدا یەک ملیۆن تۆن بووە، بەرھەمھێنانی ساوەر و بڕووش و گەنمەکوتاو ٣٠٠ ھەزار تۆن و ئالیکی ئاژەڵ ١٨٠ ھەزار تۆن بووە، مۆڵەت بە ٤٨٧٨ پڕۆژەی پیشەسازی دراوە، پڕۆژەکانی کارکردن و بەرھەمھێنان ١٣٠٠ پڕۆژە بوونە.
دەیان بەرھەمی جووتیاران ھەناردەی دەرەوە دەکرێن
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەڵێنی ئەوەی بە جووتیاران داوە بەرھەمەکانیان لە ڕێی دۆزینەوەی بازاڕ لە دەرەوە، ھەناردەی دەرەوەی وڵات بکرێن، سەرۆکی حکوومەت بەڵێنەکەی بەجێگەیاند و توانرا بۆ یەکەمجار چەند جۆرێک لە بەرھەمی جووتیاران ڕەوانەی دەرەوە بکرێت و بازاڕی بۆ بدۆزرێتەوە، ئەوەش ئەوەمان پێ دەڵێت، کە کشتوکاڵ لە ھەرێم ھەنگاوی گەورەی ناوە بەو پاڵپشتییەی حکوومەت کە بۆ بەرھەمی ناوخۆ دەیکات.
ھەرێمی کوردستان لە زۆربەی ئەو بەرھەمانەی کە بەرھەم دەھێنرێن دەوڵەمەندە، لە کوردستان جووتیاری زۆر بە ئەزموون ھەیە، ئەو بەرھەمانەی ڕەوانەی دەرەوە کراون، حکوومەت کاری لەسەر کردوون لە ڕێی وەزارەتی کشتوکاڵ وەک پەتاتە، ترێ، سێو، ھەنجیر و ھەنار ڕەوانەی دەرەوە کراون، ھەروەھا لە ڕێی کۆمپانیایەکیش ھەریەکە لە برنجی کوردی، تەحین و سماق دەبرێنە دەرەوە و بەسەر چەند وڵاتێک دابەش دەکرێن.
زیاتر گرنگی بە کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری دەدرێت
جووتیاران، جەخت لەوە دەکەنەوە، ئەوە بۆ چەند ساڵێک دەبێت حکوومەتی ھەرێم ھاوکاری ئێمە دەکات و بەروبوومی ئێمە ساخ دەکاتەوە، ئەوەش وای کردووە کە زیاتر گرنگی بە کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری بدەین، لەوەتەی بەرھەمەکانمان ھەناردە دەکرێت و ڕەوانەی ئەو کارگانە دەکرێت کە کراونەتەوە زۆر باشە و بەفیڕۆ ناچێت، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت حکوومەتی ھەرێم گرنگی زۆری بە جووتیار و ئاژەڵداران داوە، ئەوەش ھاندەرێکە بۆ ئێمە بۆ ئەوەی زیاتر گرنگی بە کاری خۆمان بدەین.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بواری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری وەبەرھێنانی کردووە و گەورەترین کارگەی بەرھەمە شیرەمەنییەکانی لە دەڤەری بارزان کردووەتەوە، لە گوندەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، شارۆچکەکانی ئاکرێ و ئامێدی بە ھەزاران سەر مەڕ و بزن و مانگا ھەنە و بەرھەمەکانیان ئەوەندە خواستی لەسەرە، ھەر لەدوای دۆشینی ئاژەڵەکان، ساخ دەبێتەوە. کارگەکە بووەتە ھۆی دابینکردنی داھاتێکی بەردەوام بۆ گوندنشینان و ئاژەڵداران لە ڕێی کڕینی شیری ئاژەڵەکانیان، ئەمەش ھاندەرێک دەبێت بۆ زیادبوونی ژمارەی بەخێوکەرانی ئاژەڵ، کارگەکە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ھەلی کاری بۆ زیاتر لە سێ ھەزار و ئاژەڵدار ڕەخساندووە لە ڕێی کڕینی شیری مانگەکانیان. محەممەد ڕەشید، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی مێرگەسۆر، لەسەر زیادبوونی خواست لەسەر بەخێوکردنی مانگا و مەڕ و بزن، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: کارگەی زۆم، پڕۆژەیەکی ناوازەی بەرھەمھێنانی بەرھەمەکانی شیرەمەنییەکانە لە دەڤەری بارزان، ئەم پڕۆژەیە ھەلی کاری بۆ ھەزاران کەس ڕەخساندووە.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی مێرگەسۆر، باس لەوەش دەکات ئامانج لە دامەزراندنی ئەو کارگەیە بۆ ئەوەبوو ئەو بەرھەمەی لەو سنوورە ھەیە کاری بە بازاڕ کردنی بۆ بکەین، چونکە لێرە بەرھەمی شیرمان زۆرە، جگە لەوەش بەکردنەوەی ئەو کارگەیە خەڵکی ئەو ناوچەیە بوونەتە خاوەن داھاتی خۆیان و گوندەکانیش زیاتر ئاوەدان بوونەتەوە.
محەممەد ڕەشید، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی مێرگەسۆر، گوتیشی: ئێستا بەرھەمھێنانی شیر زیاتر بووە خەڵک زیاتر گرنگی بە سامانی ئاژەڵ دەدەن، ئەوەش وای کردووە بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ دەرفەتی کار و سەرچاوەی داھات ڕۆژبەڕۆژ زیاد بێت، کڕینی مانگا و چاندنی وێنجە و بە بازاڕ کردنی شیری ئاژەڵداران ئامانجی ھەر سەرەکی بوو، بە بوونی ئەو کارگانە بەرھەمێکی تەندروست دەکەوێتە بازاڕ و پارەی خۆشمان ناچێتە وڵاتێکی تر لەناو خۆی وڵات دەمێنێتەوە.
ڕۆژانە دە ھەزار تۆن بەروبووم ڕەوانەی شارەکانی عێراق دەکەین
ھیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ھەرێمی کوردستان لە بەرھەمی پەتاتە، گەنم، ھێلکە و گوشتی مریشک گەیشتووتە ئاستی خۆبژێوی، بەرھەمەکانیش ڕەوانەی عێراق و وڵاتانی دیکە دەکات.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەشڵێ، دەستکەوتەکانی حکوومەتی ھەرێم لە بواری کشتوکاڵ وای کردووە، لە وەرزی پێگەیشتنی بەرھەمەکانمان ڕۆژانە دە ھەزار تۆن بەروبووم ڕەوانەی شارەکانی دیکەی عێراق بکەین.
لە بازگەکان ڕێگە بە مریشکی کوردستان نادرێت
جووتیاران نیگەرانن لە حکوومەتی عێراق نەک ھیچ ھاوکاریان ناکات، بەڵکو لە دژی ئەوانیش دەوەستێتەوە، ھەروەھا لە بازگەکان گرفت بۆ بارھەڵگرەکان دروست دەکەن و گێچەڵ بە شۆفێران دەکرێت، ئەوەش وا دەکات جووتیاران واز لە کارەکانیان بھێنن، یان ئەوانەشی کە واز ناھێنن بەرھەمەکانیان بە نرخێکی زۆر لەسەریان بکەوێت، کاتێکیش کە دەبەنە بازاڕ فرۆشیاری نابێت، لە ھەمان کاتدا بازگەکانی عێراق قەدەغەی کردووە مریشکی کوردستان ھاوردەی عێراق بکرێت، ھەرچەندە پێشتر ڕێککەوتن کراوە و بڕیار بوو مریشک لە ھەرێمی کوردستانەوە ھەناردەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بکرێت، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ ھەناردەکردنەکە دەستی پێ نەکردووە.
کارئاسانی و دامەزراندنی سەدان کێڵگەی پەلەوەری نوێ، لە ماوەی کابینەی نۆیەم، بەرھەمی گۆشتی مریشکی گەیاندووەتە ئاستی خۆبژێوی و بگرە زیاتریش، لە ھەرێمی کوردستان، خواستی زۆر لەسەر مریشکی زیندووە بەراورد بە بەستوو، بۆ دابینکردنی مریشک ھەزار و ٨٤٠ پەلەوەرخانە ھەن، وەزارەتی کشتوکاڵ، ئاماژە بەوە دەکات، بەرھەمی ھەرێمی کوردستان دەتوانێ بازاڕەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق بە زیادەوە پڕبکاتەوە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان، ساڵانە زیاتر لە ١٠٥ ملیۆن مریشک لە ھەرێمی کوردستان بەخێودەکرێن، کە بەرھەمەکەیان نزیکەی ٢٥٠ ھەزار تۆن گۆشتە. بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: لەگەڵ عێراق لەبارەی ھەناردەکردنی مریشک و بەگشتی بەربوومە پەلەوەرییەکان ڕێککەوتنمان کردووە، بۆ ئەوەی ڕێکارەکانی چۆنێتی ناردنی بەرھەمی وەک مریشکی زیندوو و بەستوو بگیرێتەبەر، ھەموو ھەوڵی ئێمەش بۆ ئەوەیە بەشێوەیەکی باش بتوانین بازاڕ بۆ پەلەوەر و ھەموو بەرھەمە نێوخۆییەکانی خۆمان دروستبکەین بۆ بە بازاڕکردنیان.

