پارێزگاری دھۆک: ڕێگا نادەین نرخی نان بەرز ببێتەوە

کێشەی نانەواخانەکانی سنووری پارێزگای دھۆک چارەسەر کرا و، پارێزگاری دھۆک لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەری نانەواخانەکان گوتی، ڕێگە نادەین نرخی نان لە دھۆک بەرز ببێتەوە و ھاوکار دەبین بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشەکە.

عەبدولعەزیز ڕەمەزان، نوێنەری نانەواخانەکانی پارێزگای دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “بەرزبوونەوەی نرخی ئارد لە بازاڕ و نەبوونی سووتەمەنی تەنگی بە نانەواخانەکانی دھۆک ھەڵچنیوە و تا ئێستا  ٦٠ نانەواخانە داخراون، ئەوانی دیکەش ئەگەر ھاوکاری نەکرێن لە ڕۆژانی داھاتوودا دادەخرێن، چونکە بەرزبوونەوەی نرخ ھۆکاری سەرەکییە و ھیچ سوودێکی بۆ کاسبکارانی دھۆک نەھێشتووەتەوە، بڕیاریش بوو ئەم ھەفتەیە بایکۆتی سەرتاسەری ڕابگەیەنین، بەڵام پارێزگاری دھۆک بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکەیان پێ داوین”.

دکتۆر عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک ڕایگەیاند: “ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نانەواخانەکانی پارێزگای دھۆک و پێشتریش چەندین بڕیارمان دەرکردووە بۆ ڕێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی نان، لەوانەش قەدەغەکردنی ھەناردەی ئارد لە دھۆک بۆ پارێزگاکانی دیکە، ھەروەھا ئاسانکاریی زۆر دەکەین بۆ ئەوەی ئەو ئەرکە قورسەی سەر کاسبکارانی دھۆک ھەندێک کەم بکەینەوە”.

لە پارێزگای دھۆک یەک ھەزار و ٣٩٢ نانەواخانە و فڕنی سەموون ھەیە، بە گوێرەی ئامارێک ٩٥% خەڵکی سەنتەری شاری دھۆک نانی بازاڕ بەکار دێنن.

ھەواڵی زیاتر