رۆژنامەی ھەولێر

چـــــــاوچنۆکی ڕێگـــــــایەکە بۆ لەناوچوون و پەشیمانی

عومەر چنگیانی
دوو گوتارە پێش نیازكراوەكەی بۆردی باڵای ئامادەكردنی گوتاری هەینیی بۆ مامۆستایان تا لە 6ی شوباتی 2026 سەرپشكبن لە تیشك خستنە سەر یەكێكیان، بریتی بوو لە:
ناونیشانی یەكەم: باسكردن لە: (چاوچنۆکی ڕێگایەکە بۆ لەناوچوون و پەشیمانی):
دەستپێك بیرهێنانەوەی ئایەتی 58ی سوورەتی (نیسا)بوو، كە دەفەرمێت: (خوای گەورە فەرمانتان پێ دەدات ئەوشتانەی ئەمانەتن لەلای هەركەس بیگەیێنیەوە بەخاوەنەكانیان).
چونكە ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین دنیا بە جوانییەکانی خۆیەوە فێڵی لێکردووین، چاوچنۆکییەکی لێدەکەوێتەوە کە قەناعەت دەکوژێت و ئەخلاق تێک دەدات.
خۆشویستنی خاوەندارێتی سروشتی یە، بەڵام شەریعەتی ئیسلام هاتووە بۆ ئەوەی ئاراستەی بکات بەرەو پلە بەرزەکان و، هۆشداری دەدات لە خلیسکان بە نێو قوڵایی چاوچنۆکی؛ چونکە چاوچنۆکی نەخۆشییەکی کوشندەیە، ئەگەر بچێتە نێو دڵەکانەوە وێرانی دەکات و، ئەگەر لە کۆمەڵگاکاندا جێگیر بێت، بناغە و ئابووریی کۆمەڵگا دادەڕوخێنێ. بۆیە دەبێ زۆر وریای فیتنەکەی بین بۆ ئەوەی بەرەو لەناوچوونمان نەبات و پەشیمانیمان بۆ بەجێ نەهێڵێت.
ڕاستگۆیی و ئەمانەت لە مامەڵەکاندا:
متمانە بناغەیی ژیانێکی سەقامگیرە و، ڕاستگۆیی بنچینەکەیەتی. موسڵمان لە کڕین و فرۆشتنی خۆیدا چاودێری شەرعی خوا دەکات، ئەمانەت بە عیبادەت دەزانێت نەک تەنها قازانج، چونکە ئەمانەت ڕزق دەهێنێت و بەره‌کەتی تێدەخات، لە کاتێکدا خەیانەت بەره‌کەت دەسڕێتەوە و شەرمەزاریی لێ دەکەوێتەوە.
ئافەتی چاوچنۆکی لە کڕین و فرۆشتندا:
کاتێک چاوچنۆکی بەسەر دەروونەکاندا زاڵ دەبێت، مەبەستەکانی بازرگانی لە سوودگەیاندن بە خەڵکەوە دەگۆڕێت بۆ گۆڕەپانێکی ململانێی ماددی؛ کەسی چاوچنۆک تەنها بریقەی قازانجی دینار دەبینێت، ڕێگە بە پێداویستییەکانی هەژاران و ئاهی نەداران نادات لەبەر گەیشتن بەو قازانجە. بازرگانی خراپ بەهۆی تێکەڵاوبوونی چاوچنۆکییەوە دەرگای تاوانەکان دەکەنەوە؛ وەک فێڵی شاراوە، قۆرخکاری نادادپەروەرانە و، سوێندی درۆ، کە تێیدا نەزانی کڕیار دەکرێتە ئامرازێک بۆ بەدکاری و، پێداویستییەکەی دەکرێتە هەلێک بۆ قازانج، ئەمەش بەره‌کەت دەسڕێتەوە و متمانە لە مامەڵەی موسڵمانان تێک دەدات.
پارەی حەرام پشکۆیەکە لە ناخی چاوچنۆکدا و، پەشیمانییە کە خاوەنەکەی بەرەو شەرمەزاری ڕۆژی دوایی ڕادەکێشێت.
کاریگەرییەکانی چاوچنۆکی و چارەسەرەکەی:
چاوچنۆکی کاریگەریی وێرانکەری هەیە، بەردەوام “پەشیمانی” بەدوادا دێت؛ چونکە چاوچنۆک هەرگیز تێر نابێت و، هەموو کاتێک دەگاتە ئامانجێک، چاوی دەبڕێتە یەکێکی تر تا مردن دەیگرێت. (چاوچنۆک وەک خواردنەوەی ئاوی دەریا وایە، هەموو کاتێک لێی دەخواتەوە، تینوویەتی زیاتر دەبێت).
یەکەم: کاریگەرییەکانی چاوچنۆکی:
١. خەم و خەفەتی بەردەوام و زەلیلی: چاوچنۆک لە ماندووبوونێکی بەردەوامدایە بۆ تێرکردنی ئارەزوویەکی بێ کۆتایی و، کۆیلەی ئەو شتەیە کە چاوی تێیەتی.
٢. داڕمانی ئابووری و گەندەڵی کۆمەڵایەتی و پچڕاندنی سیلەی ڕەحم.
٣. کۆتاییەکی خراپ و پەشیمانی: سەرقاڵی بە کۆکردنەوە لەبری گوێڕایەڵیکردنی خوا و، پەشیمانییەک کە هاوەڵیەتی کاتێک دەبینێت دینەکەی لەدەست داوە لە پێناو دنیادا.
دووەم: چارەسەری چاوچنۆکی:
١. قووڵکردنەوەی باوەڕ بە قەدەر و قەناعت هەبوون: مرۆڤ دەبێ بزانێت کە ڕزقەکەی ئەو کەسێکی تر نایبات.
٢. سوودوەرگرتن لە ئەزموون و ئامۆژگاری: لە پسپۆڕان و چاونەبڕین لەوەی لە دەستی خەڵکیدایە و لاسایی نەکردنەوەی خەڵکی ئاسایی.
٣. سەیرکردنی کۆتایی دنیا و چاوچنۆکان: بیرت بێت کە بە هیچ شتێک نەهاتووینەتە دنیاوە و، بە هیچ شتێکیش لێی ناچنە دەرەوە جگە لە کردارەکان. چەند کەسێک کۆیان کردەوە و نەیاندا، پاشان هەموو شتێکیان بەجێ هێشت و لە کفنێکی سپیدا ڕۆیشتن.
٤. پەنابردن بە خوا: لە دۆعاکانی پێغەمبەر بووە دروود و سەلامی خوای لەسەر بێت.
ناونیشانی دووەم: جوان پێشوازیکردن لە مانگی ڕەمەزان:
لەژێر ئەم ناونیشانەدا بە ئەركمان زانی بیری بڕواداری بێنینەوە، تا بتوانن لە دووی هەڵسوكەوتی باش وێڵ بن و بۆبەرەو ئەو پەرستنە تایبەتە ساڵانەیە لە ئاستی پێویستدا بن.