رۆژنامەی ھەولێر

نێچیرڤان بارزانی و کونسوڵی گشتیی ئەمه‌ریکا لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی ئەمه‌ریکا لە هەرێمی کوردستان کرد، دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران و دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی سیاسی لە عێراق خرانە بەر باس.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 9ـی شوبات، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە گوينده‌لن گرين، کونسوڵی گشتیی ئەمه‌ریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارێکدا، دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی لێکگەیشتن و هاریکاریی نێوان لایەنە سیاسییەکان کردەوە بۆ سەرخستنی پرۆسەی سیاسی.

لە تەوەرێکی دیکەی دیداره‌که‌دا، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی سیاسی لە عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکوومەتی نوێی فیدراڵ، خرانە بەر باس. هەردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگیی سه‌رخستنی پرۆسه‌ی سیاسی و پاراستنی سەقامگیریی سیاسی له‌ وڵات.

دۆخی سووریا و دوا پێشهاتەکانی ناوچەکە بەگشتی، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کونسوڵی گشتیی ئەمه‌ریکا بوو.