ماكوان عێزهت – هەولێر
زۆرن ئەو کەسانەی تەنیا بە یەک جار پێوانەکردنی پەستانی خوێنیان و بینینی ژمارەیەکی بەرز، تووشی دڵەڕاوکێ دەبن و وا دەزانن دەبێت تا هەتایە حەب بەکار بهێنن. بەڵام ئایا هەموو بەرزبوونەوەیەک بە مانای تووشبوون بە نەخۆشینی “فشارخوێن” دێت؟
د. شێروان کۆساری، قوتابی دکتۆرا لە نەخۆشییەکانی هەناو، وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە و ڕوونی دەکاتەوە کە بەرزبوونەوەی کاتیی پەستانی خوێن نابێتە هۆی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە، چونکە چەندین هۆکاری ژینگەیی و دەروونی هەن کە بۆ ماوەیەکی کاتی فشارەکە بەرز دەکەنەوە و دواتر دەگەڕێتەوە باری ئاسایی.
چۆن بە شێوەیەکی زانستی دڵنیا دەبیتەوە؟
د. شێروان ئاماژە بەوە دەکات کە باشترین ڕێگە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم بابەتە بەکارهێنانی ئامێری (Ambulatory blood pressure monitoring)ـە، کە بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر بە قۆڵی نەخۆشەکەوە دەبەسترێت. ئەگەر ئەم ئامێرە بەردەست نەبوو، پێویستە نەخۆش ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکات پێش پێوانەکردن:
• ئامێری جیوەیی: باشترە ئامێری جیوەیی بەکاربێت بۆ دەستنیشانکردنی ورد.
• خشتەی هەفتانە: بۆ ماوەی یەک هەفتە، ڕۆژی دوو جار پەستانی خوێنت بگرە و تۆماری بکە.
• پشوودان: پێش گرتنی فشارەکە، دەبێت ٥ بۆ 10 خولەک بە بێدەنگی دانیشیت و پشوو بدەیت.
• دوورکەوتنەوە لە هاندەرەکان: نیو کاتژمێر پێشتر جگەرە مەکێشە و چا، قاوە و نیسکافە مەخۆرەوە.
• دانیشتنی تەندروست: لەسەر کورسی دانیشە، قاچەکانت لەسەر زەوی جێگیر بکە و دەستت هاوئاستی دڵت بێت.
• ئامادەیی جەستەیی: پێویستە میزڵدانت بەتاڵ بێت و فشارەکە لە هەردوو قۆڵتەوە بگیرێت.
جۆرەکانی فشاری خوێن؛ هەموویان پێویستیان بە حەب نییە!
دوای ئەوەی پزیشک لە ڕێگەی خشتەی تۆمارکراو یان ئامێرەکەوە بڕیاری دا کە فشارەکەت بەرزە، دەبێت جۆرەکەی دیاری بکرێت:
1. جۆری یەکەم: هۆکارەکەی بە ڕوونی دیار نییە و زۆرجار پەیوەندی بە تەمەن و بۆماوەییەوە هەیە.
2. جۆری دووەم: ئەم جۆرە بەهۆی بوونی کێشەیەک لە ئەندامەکانی تری جەستە دروست دەبێت. مژدە خۆشەکە ئەوەیە کە ئەگەر هۆکارە سەرەکییەکە چارەسەر بکرێت، فشاری خوێنەکەش ئاسایی دەبێتەوە.
هەنگاوی کۆتایی پزیشک چییە؟
پزیشکی پسپۆڕ تەنیا بە گرتنی فشارەکە ناوەستێت، بەڵکو کۆمەڵێک پشکنینی ورد ئەنجام دەدات وەک: (پشکنینی گشتی خوێن، فرمانی گورچیلەکان و غودەی دەرەقی). ئەمەش بۆ ئەوەی دڵنیا بێتەوە کە ئایا بەرزبوونەوەکە پەیوەندی بە ئەندامەکانی تری جەستەوە هەیە یان نەخۆشییەکی سەربەخۆیە.
ئامۆژگاری: هەرگیز بێ ڕاوێژی پزیشک و تەنیا بە یەک پێوانەکردن، دەست بە خواردنی دەرمانی فشاری خوێن مەکە.

