مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
فلیك: هیوادارم بەم ئاستە بەرانبەر ئەتلەتیكۆ مەدرید یاری بكەین
هانز فلیك، راهێنەری یانەی بەرشلۆنە، ئاماژەی بە ڕێكوپێكیی یاریكردنی یانەكەی بەرانبەر ریاڵ مایۆركا لە گەڕی 23ی خولی ئیسپانیا دا، كە یارییەكەیان 3-0 گۆڵ بردەوە، فلیك رایگەیاند لە نیوەی دووەمدا ئاستی تیپەكە زۆر باش بووە.
فلیك دوای یارییەكە، رایگەیاند: هیوام وای سەرنجمان لەسەر ئەوە نەبێ كە لە سەرەتاوە دیقەت نەخەینە سەر یارییەكە، پێم وایە پێشتر ئەمەم وتووە، ئێمە زۆر یاریمان لەبەردەمدایە، هەندێ جار ئەمەش روو دەدات.
وتیشی: هیوا دەخوازم تیپێكی دیكە نەبینم بۆ یارییەكەمان بەرانبەر ئەتلەتیكۆ مەدرید، كە پێنجشەممەی داهاتوو لە گەڕی چوونی نیوەی كۆتایی جامی شای ئیسپانیا بەڕێوە دەچێ. ئەمە ئەوە بوو كە دەمویست لە یارییەكەدا بیبینم، بە تایبەت لە نیوەی دووەمدا.
لەبارەی رۆحی مەعنەویی یاریزانانی و ڕێكخستنیانەوە، وتی: لە روانگەی منەوە، ئەوەی گرنگە هەمووان مەشق بكەن، ئەوەم دەوێ، كاسادۆ و هەموو یاریزانێك و ڕۆنیش و ئەوەی لەگەڵمان مەشقی كرد، ئەوەی كرد.
لەبارەی ئاڵوگۆڕپێكردنی لامین یامالەوە، وتی: پێویست بوو كە خولەكەكانی یاریكردن كەم بكەینەوە، دەمزانی كە كاتی یارییەكی باش بوو، بەڵام لە نیوەی یەكەمدا لە ئاستێكی باشدا نەبوو، بۆیە پارێزگاریمان لە توانای كرد و گۆڵێكی كرد، ئەوە تەواو ناوازە بوو، بۆیە داوام لێی كرد بیگۆڕین و ڕەزامەند بوو، كارێكی باش بوو.
لەبارەی بڕیارەكانی ناوبژیوانەوە، وتی: بە ناوبژیوانم وت ئەو حاڵەتە روون و ئاشكرا بوو، یاریزانانی مایۆركا زۆر نزیك بوون لە لێدانە فاوڵەكە، هەروەها پێم وایە ئەوەی لە لامال درا، لێدانی سزا بوو. ئەمەشم پێ وت.
ئایا بەرشلۆنە بە هۆی كشانەوەی لە سوپەرلیگ، تووشی سزا دەبێ؟
یانەی بەرشلۆنە، بە شێوەیەكی فەرمی بڕیاری دا، لە پڕۆژەی خولی سوپەری ئەورووپی بكشێتەوە، كە یەكێك بوو لە مشتومڕاویترین دۆسیەی تۆپی پێ لە مێژووی تۆپی پێی ئەورووپا لەم چەند ساڵەی دواییدا.
یانەی بەرشلۆنە لە ڕاگەیاندراوێكی فەرمیدا بڕیارەكەی دا: كۆمپانیای سوپەر لیگ ویانەكانمان بە شێوەیەكی فەرمی ئاگەدار كردووەتەوە، كە ئێمە لە پڕۆژەكە كشاینەوە. ئەوەش بەبێ ئاشكراكردنی هیچ وردەكارییەكی دیكە بە پشتپەردەی ئەو بڕیارە و پاشهاتە داراییەكانی.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، ئاشكرای كرد كە یانەی بەرشلۆنە، پڕۆژەی سوپەر لیگی جێ هێشتووە بێ ئەوەی هیچ سزایەكی دارایی بدرێ.
ڕوونیشی كردووەتەوە، ئەو بڕیارە دوای ئەوە هات، كە خوان لاپۆرتای سەرۆكی یانەی بەرشلۆنە، لەگەڵ ڕێكخەرانی پاڵەوانیەتییەكە گەیشتووەتە ڕێككەوتن، ڕێگەیان داوە بە بەرشلۆنە كە بكشێتەوە بێ ئەوەی هیچ بڕەپارەیەك بدا. بەو جۆرە هەموو پەیوەندییەكی بەرشلۆنە بەو پڕۆژەیەوە كۆتایی هات.
پێشتر خوان لاپۆرتا، ڕایگەیاندبوو كە لەو پڕۆژەیە دەكشێنەوە، چونكە ئاشتی و ئارامی و بەردەوامیی تۆپی پێیان دەوێ.
دەشڵێ: من بۆم دەرکەوت کە پڕۆژەی سوپەرلیگ پێشتر لە شوێنی خۆیدایە کاتێک دەستبەکاربووم و منیش چوومە پێشەوە، چونکە پێم وابوو جیاوازییەکی گەورە لەگەڵ یانەکانی وڵاتەکاندا هەبووە، بەڵام ئەم حاڵەتە نادڵنیاییە لە بەرژەوەندی ئێمەدا نییە”.
لای خۆیەوە رۆژنامەی ماركای ئیسپانی، باسی لەوە كردووە، كە بەرشەلۆنە بەم بڕیارە کۆتایی بە بەشداریکردنی لەو پڕۆژەیە دەهێنێت کە لە ساڵی 2021 لەدایک بووە بە ئامانجی “چاکسازی لە تۆپی پێی ئەوروپا”، بەڵام لە سەرەتای دامەزراندنیەوە ڕووبەڕووی دژایەتییەکی بەرفراوانی دامەزراوەیی و گشتی بووەتەوە.
باسی لەوەش كردووە كە یانەكە، هۆكارەكانی پشت ئەو بڕیارەی روون نەكردووەتەوە، تەنیا بەوەندە كۆتایی پێ هێناوە كە بە فەرمی بە لایەنی پەیوەندیداری ڕاگەیاندووە كە ئەوان كشاونەتەوە.
ماركا باسی لەوە كردووە، بەو هەنگاوە، بەرشلۆنە و خوان لاپۆرتای سەرۆكی یانەكە، بە شێوەیەكی كۆتایی خۆیان لەگەلا چوارچێوەی كێبەركێی ئێستەی تۆپی پێی ئەورووپا دەگونجێنن، هەروەها لەو پاڵەوانیەتییانەدا بەشداری دەكا كە یەكێتیی تۆپی پێی ئەورووپا ڕێكی دەخات. بەو جۆرەش دۆسیەیەكی دڕكاوی مشتومڕهێنەری چەند ساڵە دادەخات.
بڕۆنۆ فێرناندێز، گەیشتە ژمارەیەكی سەرنجڕاكێش
ئەستێرەی پورتوگالی بڕۆنۆ فێرناندێز، گەیشتە ژمارەیەكی سەرنجڕاكێش و زۆرێك لە ئەستێرەكانی مانچستەر یونایتدی سەردەمی سیر- ئەلێكس فێرگسۆنی تێپەڕاند.
فێرناندێز ڕۆڵی هەبوو لە بردنەوەی مانچستە ریونایتد بەسەر تۆتنهام بە دوو گۆڵی بێوەڵام لە گەڕی 25ی یارییەكانی خولی نایابی ئینگلتەرا، كە گۆڵی دووەم بڕۆنۆ لە خولەكی 81ـدا تۆماری كرد.
فێرناندێز تا ئێستە ڕۆڵی لە 200 گۆڵی یانەكەیدا هەبووە، كە 104 گۆڵی خۆی تۆماری كردووە و 96 گۆڵیشی بۆ هاوڕێكانی دروست كردووە، ئەوەش لە كۆی گشتیی 314 یاری لە سەرجەم خول و پاڵەوانیەتییەكاندا لەگەڵ یونایتد. پێشترجگە لە واین روونی، هیچ یاریزانێكی دیكە ئەو ژمارەیەیان تۆمار نەكردووە.
لە دوای ڕۆنی و بڕۆنۆ لەو لیستەدا، ئەفسانە كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ دێ، كە لە دوو ماوەیدا لەگەڵ مانچستەر یونایتد، گەیشتە ئەو ژمارە گۆڵكردنە لە 339 یاریدا، دوای ئەوان دەیڤید بێكهام بە 393 یاری و رەیان گیگز بە 424 یاری و پۆڵ سكۆڵز بە 564 یاری دێن.
ژمارەی بڕۆنۆ بەوە جیا دەكرێتەوە، كە لە ماوەیەكی ناجێگیردا بووە لەگەڵ شەیتانە سوورەكاندا، لە كاتێكدا ئەفسانە ناوبراوەكان، هەمان ئەو ژمارەیەیان لە سەردەمی سێر – ئەلێكس فێرگسۆن تۆمار كرد.
یانەی مانچستەر سیتی، ئامادەیە داهاتووی بڕۆنۆ لە پێش كۆتایی ئەم وەرزەدا یەكلا بكاتەوە، لە كاتێكدا یاریزانەكە دەیەوێ بچێتە هیلالی سعوودی، كە لە هاوینی ڕابردووەوە یانەكە پلانی دەستخستنی دادەنێ.

