عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
فیلمی سینەمایی “جیران” کە لە دەرهێنانی مانۆ خەلیلە و کۆمەڵێک ئەکتەری کورد و عەرەب ڕۆڵی تێدا دەگێڕن، لە نمایشێکی تایبەتدا لە شاری نیوکاسڵ لە بەڕیتانیا نمایش کرا.
مانۆ خەلیل، دەرهێنەری ئەو فیلمە، دەربارەی نمایشکردنی بەرهەمەکەی، بە (هەولێر)ـی ڕایگەیاند: فیلمی سینەمایی “جیران” بەشداری زیاتر لە 300 فێستیڤاڵی جیهانی کردووە و زیاتر لە 70 خەڵاتی بەدەستهێناوە، فیلمەکە لە وڵاتەکانی وەکوو، ئەمریکا، سویسرا، سلۆڤاکیا، کەنەدا و ئیسرائیل و دانیمارک، سوێد و فینلەندا نمایشکراوە و لە زۆربەیان خەڵاتی گەورەی بەدەستهێناوە.
مانۆ خەلیل گوتیشی: فیلمەکە باس لە چیڕۆکی منداڵێکی کوردی 6 ساڵان دەکات، کە لە گوندێکی نزیک سنووری باکوور و ڕۆژاوای کوردستان لە شاری قامشلۆ دەژی و بنەماڵەکەی لەنێوان دوو دەوڵەتی تورکیا و سووریا دابەش کراون، هەروەها فیلمەکە باس لە 50 ساڵ ستەمی ڕژێمی بەعس دەکات، فیلمەکە بۆ هەر کوردێک پڕە لە ئێش و بیرەوەریی ناخۆش، وەکوو ئەو منداڵەی کە لەسەر قسەکردن بە زمانی کوردی لێدانی دەخوارد، لە قوتابخانە بە عەرەبی و لە ماڵەوە بە زمانی کوردی قسەی دەکرد، ئەو سنوورەی کە زەوی، ماڵ، فەرهەنگ، هەست و مرۆڤایەتی دابەش دەکرد.
ئەو دەرهێنەرە ئاماژەی بەوەدا: هەروهها لهژێر ناوی پشتێنی عەرهبی و بە هێنانی ئهو عهرهبانهی که به زۆر له جێی کوردەکان دادەنران، لە هەوڵی گۆڕینی دێمۆگرافیای ناوچەکە بوون، لەلایەکی ترەوە چیڕۆکی جوولەکەکانی سووریا کە ناچار بوون ماڵ و موڵکی خۆیان بەجێ بهێڵن و کۆچ بکەن، ئەوی تریان دەربارەی مامۆستایەکی عەرەبە کە لە پایتەختەوە هاتووە بۆ دیمەشق و دروشمگەلی “نەتەوەی عەرەب یەکن” و “سووریای ئەسەد” و چەندین دروشمی دیکە بە زۆر دەکاتە مێشکی قوتابییەکانەوە.
مانۆ خەلیل، دەرهێنەری سینەمایی، خەڵكی رۆژئاوای كوردستانە، ئێستە لە وڵاتی سویسرا دەژی، كاری دەرهێنانی بۆ زیاتر لە 20 فیلم كردووە و چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە.

