كارزان گلی – ههولێر
ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، باسوخواسێكی گەرمە لەناو پەرلەمانی توركیا و پارتە سیاسییەكان. بۆچوونەكان لەگەڵ یەكتریدا ناكۆكن لەبارەی ئازادبوونی ئۆجەلانەوە، بەڵام ئاكەپە و مەهەپە، لە راپۆرتی خۆیاندا باسیان لەو پرسە كردووە و دەم پارتییش پێشوازی لێ دەكات. پارتی خاس و چەند پارتێكی تر دژی ئازادبوونی ئۆجەلان دەنگیان هەڵبڕیوە.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، بۆ جاری دووەم داوای كرد عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە مافی ئومێد بیگرێتەوە و ئازاد بكرێت، بەڵام لەناو پەرلەمانی توركیا كار لەسەر ئەوە دەكرێت رێگەیەك بۆ ئازادبوونی بدۆزنەوە.
لەناو پەرلەمانی توركیا كۆمیسیۆنی (پاڵپشتیی میللی و برایەتی و ئاشتی) بۆ چۆنییەتی چەكدانانی پەكەكە و پرسی كورد دروست بووە، گفتوگۆ لەبارەی ئەوەوە دەكرێت، لە راپۆرتی ئەو كۆمیسیۆنەدا مافی ئومێد بۆ ئۆجەلان جێگیر بكرێت.
بەڵام بۆچوونێكی تر هەیە و پێیانوایە، بەهۆی ئەوەی توركیا ئەندامی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپایە، بۆیە هەر بەبڕیاری ئەو دادگایە ئۆجەلان مافی ئومێد بیگرێتەوە و نەخرێتە ناو راپۆرتی كۆمیسیۆنی ناوبراودا.
فاتی یڵدز، جێگری سەرۆكی و ئەندامی كۆمیسیۆنی (پاڵپشتیی میللی و برایەتی و ئاشتی)، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد، هەموو ئەندامانی ئەو كۆمیسیۆنە كۆكن لەسەر ئەوەی ئۆجەلان مافی ئومێد بیگرێتەوە.
گوتیشی: ”راپۆرتی كۆمیسۆن هەفتەی داهاتوو تەواو دەبێت، رێككەوتنیش كراوە مافی ئومێد بۆ ئۆجەلان جێگیر بكرێت و كێشەی نییە، هەر خۆشی بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا هەیە، بۆیە لەڕووی یاساییشەوە كێشەمان بۆ دروست نابێت.“
موراد ئەمیر، پەرلەمانتاری جەهەپە و ئەندامی ئەو كۆمیسیۆنە، وەكوو وەڵامێك بۆ فاتی یڵدز، لە هەژماری خۆی لە (X) دەڵێت ”ئەوە راست نییە هەموو ئەندامانی كۆمیسیۆن لەگەڵ ئەوەدا بن ئۆجەلان مافی ئومێد بیگرێتەوە، لەوڕووەوە هیچ رێككەوتنێك نەكراوە“
بەڵام ئەمیر رەتی نەكردووەتەوە ئەوان دژی مافی ئومێد بن بۆ ئۆجەلان و دەڵێت ئەگەر لەناو كۆمیسیۆنیش رێككەوتن نەكرێت، ئەوان وەكوو جەهەپە كێشەیان لەگەڵ مافی ئومێد نییە، چونكە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپایە.
لەناو راپۆرتی مەهەپە و دەم پارتیدا، بەڕووی باسی مافی ئومێد كراوە بۆ ئۆجەلان و تەنانەت دەم پارتی باس لە ئازادبوونی سەلاحەدین دەمیرتاشیش دەكات، بەڵام لە راپۆرتی ئاكەپەدا مافی ئومێد باس نەكراوە و رەنگە لەكاتی تێكەڵكردنی هەموو راپۆرتەكان و یەكخستنی بۆ یەك راپۆرت، مافی ئومێد بۆ ئۆجەلان جێگیر بكرێت.
لە دەستووری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپادا هاتووە، ئەگەر كەسێك بە هەر تاوانێك بخرێتە زیندانەوە و سزایەكەی هەتا هەتایە زیندان بێت، شكۆی ئەو كەسە دەشكێت، بۆیە دوای ٢٥ ساڵ زیندانی، دەكرێت مافی ئومێد بیگرێتەوە با هەر تاوانێكیشی كردبێت.
بەگوێرەی ئەم دەستوورەی دادگای ناوبراو بێت، ئازادبوونی ئۆجەلان كێشەی نییە و توركیا دووچاری هیچ بەرپرسیارییەتییەكی یاسایی نابێتەوە، چونكە ئەندامی ئەو دادگایەیە و دەبێت هەموو بڕیارێكی ئەو دادگایە لە وڵاتەكەی خۆی جێبەجێ بكات.

