رۆژنامەی ھەولێر

هونەرمەندان کارگەی شانۆیان لە سلێمانی دامەزراند

شیڤان شێرزاد – هەولێر

بێدەنگییەک ڕەوتی شانۆ سلام لە کوردستان بە گشتی و لە سلێمانی بە تایبەتی گرتۆتەوە، بۆیە دەستەیەک لە هونەرمەندان بڕیاری دامەزراندنی کارگەی شانۆیاندا بۆ لەمەودوا کار و چالاکیە هونەرییەکانیان لەو ڕێگەیەوە دەخەنە ڕوو.

رووبار خالید، ئەکتەر و ئەندامی دامەزرێنەری کارگەی شانۆ رایگەیاند: ئەمڕۆ شانۆ چاخێکی بێدەنگە و شارەکە لە بۆشاییەکی ترسناکدایە، شارێک کە دەست بۆ هەر بەشێکی جەستەی دەبەیت ژانێکی تێدایە، ئەمڕۆ ئەکتەرەکان لەسەر تەختەی شانۆ نین، دەرهێنەرەکان سەرقاڵی کۆکردنەوەی ستاف و پرۆڤە نین، هۆڵەکانی شانۆ دەڵێن: بینەرانمان لە کوێن؟ رووناکییەکان بەتەواوەتی کوژاونەتەوە، سلێمانی شاری بێدەنگی نییە و نابێ بێ شانۆ بێت.
گوتیشی: سلێمانی نزیکەی یەک ملیۆن کەسی تێدا دەژی، شارێک بەو قەبارە و مێژوو و قووڵاییە کولتوورییە، لە دۆخی ئاسایی دا، دەبوو ساڵانە سەدان شانۆیی و نمایشی زیندووی تێدا پێشکەش بکرایە، بەڵام ئێستە شانۆ لە سلێمانی بە یەکێک لە سستترین رۆژگارەکانی دا تێدەپەڕێت، تەنانەت لە ساڵانی نەوەدەکان دا سەرباری بێ بودجەیی و چەندین گەمارۆ، هێندەی ئەمڕۆ بێ شانۆ نەبووین، بگرە لە دوو ساڵی رابردوودا شارەکە تەنیا دوو بۆ سێ بەرهەمی شانۆیی بەخۆیەوە بینیوە، بۆیە نمایشی شانۆ کە رۆژانێک ترپەی دڵی شار بوو، خەریکە بەیەکجاریی نامێنێت.
دەربارەی گرنگی دامەزراندنی کرگەی شانۆ، رووبار خالید دەڵێت: کارگەی شانۆ لەم قاتوقڕییەوە سەرهەڵدەدات، کە ئێمە کۆمەڵێک دەرهێنەری شانۆ، ئەکتەر، دراماتۆرگ و شانۆکاری سەربەخۆین، لە کۆڕ و تیپ و گرووپ و نەوە و پاشخانی هونەریی جیاوازەوە هاتووین، ئەوەی ئێمە یەکدەخات، یەک شێواز و یەک دیدگا نییە، بەڵکو بڕوایەکی هاوبەشە، شانۆ دەبێت بەردەوام و زیندوو بێت، هەموو رۆژێک نمایش هەبێت، نەک تاکوتەرا، نەک بە سوتفە، شانۆ هونەری بۆنەکان نییە، ئامانجمان دامەزراندنی پانتاییەکە، تەرخانکراو بۆ شانۆ، ماڵێکی دەرگا واڵا بۆ پێکەوە کارکردنی شانۆ، ئەو پانتاییەی دەمانەوێت هۆڵێک نییە کە جاروبار نمایشی تێدا بکرێت، بەڵکوو ناوەندێکی کارای شانۆ دەبێت، پرۆڤە، مەشق و راهێنان، وۆرکشۆپ، بەرهەم، نمایش، رەخنە و گفتوگۆ، دەبنە ڕووخساری ژیانی رۆژانە.
ئەو هونەرمەندە ئاماژەی بەوەشدا: کارگەی شانۆ هەر بەراستی وەک کارگە کاردەکات، دەبێتە شوێنی بەرهەمهێنان، بەریەککەوتن و ئاڵوگۆڕکردن، پلاتفۆرمێکی هاوبەش کە بتوانێت شانۆکارە چالاکەکان لە سلێمانی کۆبکاتەوە، لەسەر بنەمای بەرپرسیاری و هاوکاری،

شانۆی شار بەرووی فرەچەشنیدا بکاتەوە، هەروەها ئێمە خەون بە رێپرتوارێکی دەوڵەمەند و زیندووەوە دەبینین، جێگەی هەموو ئەوانەی تێدا ببێتەوە وەکو، شانۆی کلاسیک و نەریتی، درامای مۆدێرن و هاوچەرخ، نمایشی پۆست درامی و ئەزموونی، دەقی نوێ، نووسینی نوێ، فۆرمی نوێ، جوانناسی جیاواز، دەنگی جیاواز، ئەزموون و سەرچڵیی جیاواز، بەڵام پێکەوە کارکردن لە شانۆدا.