رۆژنامەی ھەولێر

داعش خەریکە دووبارە دەبێتەوە هەڕەشە بۆ سەر دانیشتووانی ناوچەکە و جیهان

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

دوای زیاتر لە دوازدە ساڵ لە سەرهەڵدانی داعش و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسلامی و هەزاران تاوان کە بەرانبەر بە کورد و سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق و ناوچەکە کرا و دوای ئەو هەڕەشە و تیرۆر ومەترسییە زۆرانەی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەیی و جیهانی هاتنە کایەوە و دوای ئەو خەبات و قوربانیدانەی کە دەستکەوتی گەورەی شکستی داعشی بەدواوە بوو و ناوچەکە و جیهانی گەیاندبووە کەناری ئارامی، بەڵام ڕووداوە نوێیەکانی سووریا و ناوچەکە ئاماژە بە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش دەکەن.

پێشمەرگە و شەڕڤانان ڕۆڵی کاریگەری و یەکلاکەرەوەیان لە شکستدانی داعشدا گێڕا و ئەفسانەی داعش لە عێراق لەسەر دەستی پێشمەرگە و لە سووریاش لەسەردەستی شەڕڤانان تێکشکێنرا. کۆمەڵگەی نێودوڵەتیش لەم ڕووەوە هاوکار بوو و بە دەیان وڵاتی جیهان بە هێز و پارە و چەکە پێشکەوتووەکانیان لە ئاسمانەوە یارمەتیدەر بوون بۆ لەناوبردنی داعش و ڕزگارکردنی جیهان لە تیرۆر و مەترسییەکانی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە.
دوای کۆتاییهێنان بە فەرمانڕەوایی داعش لە شنگال لە ساڵی ٢٠١٦ ، مووسڵ لە ٢٠١٧ و ڕزگارکردنی ڕەقەی پایتەختی دەوڵەتەکە لە ساڵی ٢٠١٩ لەسەر دەستی کورد، تەواوی چەکدارانی داعش بە ژن و منداڵەکانیانەوە بەدیل گیران و لە کەمپ و گرتووخانەکانی ڕۆژئاوای کوردستان خرانە ژێر چاودێرییەوە.
ژمارەی ئەو گیراوانە بە هەزاران کەس بوون کە ژمارەیەکیان بۆ ئەو وڵاتانە گەڕێنرانەوە بۆ ئەوەی لە وڵاتی خۆیان دادگایی بکرێن، هێشتا بە هەزارانیان ماون بگەڕێنرێنەوە و دادگایی بکرێن و هەوڵێکی گشتگیری نێودەوڵەتی بە هاوکاریی کورد لەئارادابوو بۆ ئەوەی کەمپەکان و ژن و مندالەکانیشیان قۆناغ بە قۆناغ سزا بدرێن و ژن و منداڵەکان تێکەڵ بەو کۆمەڵگەیانە بکرێن کە لێیەوە هاتبوون.
رووداوەکانی ئەمساڵی سووریا و هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بەشێک لە ڕیسی چەند ساڵەی خەبات دژی داعشیان کردەوە خوری، مانگی ڕابردوو بەهۆی هێرشەکانی سوپای عەرەبی سووریا سەدان داعشی زیندانیکراو ئازاد بوون و ژمارەیەک لە کەمپەکانیش لە لایەن حکوومەتی سووریا کۆنترۆڵ کران، کۆنترۆڵێک کە داعشەکانی شاگەشکە کرد چونکە ئەوانەی ئێستە چاودێری بەشێک لەو داعشانە دەکەن هەر هاوڕێ و هاوسەنگەری پێشووی خۆیانن و مەلی بەختەوەری لەسەر شانی توندڕەوەکان نیشتۆتەوە.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە متمانەیەکی ئەوتۆی بە حکوومەتی سووریا نییە هەر زوو بڕیاری دا زۆربەی ئەو زیندانییانە بۆ عێراق بگوازێتەوە و بەگوێرەی ئامارەکان تەنیا ئەمساڵ دوو هەزار و دووسەد و پەنجا داعشی عێراقی بۆ عێراق گەڕێنراونەتەوە و پێشتریش بە هەزارانی دیکە گەڕابوونەوە.
دۆخی نوێی ناوچەکە هۆکار بووە لەوەی بە سەدان چەکداری داعش بە ناوچەکەدا بڵاوەی پێ بکەن و جارێکی دیکە هەمان ئەو هەڕەشە و تەقینەوانە بهێننە کایەوە کە پێشتر دەیانکرد.
رۆژی هەینی دوو ئەندامی داعش لە پارێزگای ئەنبار خۆیان تەقاندەوە و بەرپرسانی ئەمنی ئەنبار یەکێک لە هۆکارەکانی هەبوونی ئەو تیرۆریستانەیان بۆ کراوەبوونی سنووری نێوان پارێزگاکانی ئەنبار و نەینەوا و فراوانبوونی بیابانەکان گەڕاندۆتەوە. جگە لەمە سنوورێکی فراوانی نێوان عێراق و سووریا کە لە لایەن کورد دەپارێزرا و جێی متمانە بوون، ئەم جارە حکوومەتی سووریا دەیپارێزێت و مەترسیی پەڕینەوەی چەکدارانی داعش زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پەرەی سەندووە و هەر بۆیەش لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هێزێکی زۆری عێراقی لە سنوورەکانی سووریا جێگیر کراون.
ئەم دۆخە نوێیە نیگەرانیی ئێزدی و کریستیان و پێکهاتەکانی دیکەی بەدواوە بووە و ئەو ترسەیان هەیە دووبارە داعش دەست بۆ هەمان تاوانەکانی ٢٠١٤ بباتەوە.
شاندێکی باڵای پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئانۆ جەوهەر سەرۆکی هاوپەیمانیی کریستیانەکان لە عێراق بەشدارییان لە لووتکەی جیهانیی ئازادییە ئایینییەکان لە ئەمریکا کردووە و ئەم کۆنفرانسەیان کردۆتە دەرفەت بۆ ئەوەی ترس و نیگەرانییەکانی خۆیان بە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا بگەیەنن. ئانۆ جەوهەر، ڕایگەیاندووە کە حکوومەتی عێراق دەسەڵاتی بەسەر دەشتی نەینەوادا نییە و پێکهاتەکان لەژێر مەترسی و هەڕەشەدان.
دەبێت ئەوروپاش هەستی بەو مەترسییانە کردبێت و بۆیەش ژان نوێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە سەردانەکەی بۆ هەولێر ڕۆڵی پێشمەرگە و شەڕڤانانی لە شەڕی داعش بەرز نرخاند و پێداگری لە بەردەوامیی شەڕ دژی داعش و پاشماوەکانی کرد.
سەرکردەکانی کورد دەمێکە لە دووبارە سەرهەڵدانی داعش هۆشدارییان داوە و جیهانیان لەو مەترسییانە ئاگادار کردۆتەوە و ئەگەر ڕێکاری گونجاو بەرامبەر تیرۆریستەکان نەگیرێتە بەر ئەوا دووکەڵی ئاگرەکە دەچێتە چاوی هەمووانەوە.