رۆژنامەی ھەولێر

کتێبی پراکاندنی ئەفسانەی خەڵافەتی هوڤانە ناسێنرا

رۆژی یەکشەممە 8ـی 2ـی 2026 بە ئامادەبوونی د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، ئەحمەد کانی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پ.د.ک و بەشێک لە فەرماندەکانی پێشمەرگە و ڕۆشنبیر و نووسەر و ڕۆژنامەڤانان، کتێبی (پراکاندنی ئەفسانەی خەڵافەتی هوڤانە)ـی نووسەر (لیوا بەهجەت سێلکی) ناسێنرا.

سەرەتای مەراسیمەکە بە دەقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان سەروەریان (بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی هەمیشە لەیاد) و بە سروودی نیشتمانی ئەی ڕەقیب دەستی پێ کرد.

لە وتەیەکدا، د. سالار عوسمان ئاماژەی بەوە کرد پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان بە ڕابەرایەتیی سەرۆک بارزانی بە گەورەییەوە چوونە نێو مێژوو و داستانەکانیان بوونە جێگەی شانازی و ئەم پێشمەرگانە لە شەڕی داعشدا ئەفسانەی ئەم ڕێکخراوەیان تێکشکاند.

گوتیشی ئەم کتێبەی ئەمڕۆ ‘پراکاندنی ئەفسانەی خەلافەتی هوڤانە’ هەر کتێبێک نییە، بەڵکو کۆکردنەوەی مێژوویەکی زیندووە لە لاپەڕەکانی کتێبخانەی کوردستاندا. جەنگی دژە داعش و بەرگری و قارەمانییەتی پێشمەرگە و دڵسۆزانی ڕێبازی بارزانی لەم کتێبەدا بە ڕوونی دەردەکەوێت و ئەم کتێبە مێژووی ئەم قارەمانانەی ئەمرۆمان بۆ دەخاتە نێو مێژوو و نەوەکانی داهاتوومان بە ئەمڕۆ ئاشنا دەکات.

لیوا شەفیق، خوێندنەوەی بۆ نێوەڕۆکی کتێبەکە کرد و تیایدا تیشکی خستە سەر قۆناغەکانی خەباتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شکاندنی ئەفسانەی داعشدا، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە بوونی ئەم جۆرە کتێبانە کاریگەرییان زۆریان لەسەر زیاتر نیشاندانی قارەمانێتی و ڕۆڵی کاریگەریی هێزی پێشمەرگە هەیە.

لە بەشێکی دیکەی مەراسیمەکەدا لیوا بەهجەت تەمیز سێلکی لە وتەیەکدا باسی لە بیرۆکەی نووسینی کتێبەکەی کرد و سوپاسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک کرد بۆ لە ئەستۆگرتنی ئەرکی چاپ و بڵاوکردنەوە و ناساندنی کتێبەکەی.

لەکۆتاییدا چەپکە گوڵی پیرۆزبایی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و ئامادەبوان پێشکەشی نووسەرکرا و نووسەر بە واژۆی خۆی (کتێبی پراکاندنی ئەفسانەی خەڵافەتی هوڤانە) پێشکەشی ئامادەبووان کرد.