هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

هۆشیار زێباری: دەبوو دادگای فیدراڵی بە رەهەندێکی جیاوازترەوە سەیری ئەم بابەتەیان بکردایە

دواجار دادگای فیدڕاڵی عێراق، بڕیاری کۆتایی لەبارەی پرسی بەربژێر بوونی هۆشیار زێباری، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق دا و دادگاکە ناوبراوی لە خۆپاڵاوتن بۆ ئەو پۆستە دوور خستەوە و هۆشیار زێباریش، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند؛ بڕیارێکی ستەمکارانەیە و دەبوو دادگای فیدراڵی بە رەهەندێکی جیاوازترەوە سەیری ئەم بابەتەیان بکردایە.

دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی و دوورخستنەوەی لە خۆپاڵاوتنی پۆستی سەرکۆمار، هۆشیار زێباری لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وەڵامی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی دایەوە و سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی گوتی؛ ئێمە رێز لە بڕیاری دادگا دەگرین، بەڵام ئەوەی کە کراوە ستەمە و بڕیارێکی هەڕەمەکی بوو لە دادپەروەریدا.هۆشیار زێباری گوتیشی؛ رۆژێکی غەمگینە بۆ عێراق، ژیان لە خاڵێکدا ناوەستێت و بەردەوام دەبێت، ئەو عێراقەی کە ئێمە تێکۆشانمان کرد لە پێناویدا تا ببێتە دەوڵەتێكی دادپەروەر، کاتێک خۆم پاڵاوت بۆ سەرۆکی کۆمار تەواوی مەرجەکانمان تیێدا بوو، نووسراوی فەرمی تەواوی دەستەکانی نەزاهە و خویندنی باڵا و دادگای تاوانەکان هەیە کە رازیبوون بە خۆکاندیدکردنی ئێمە.ئەوەشی خستەڕوو، لەلایەن چوار پەرلەمانتارەوە تانە لە خۆکاندید کردنی دراوە کە سێ لەو پەرلەمانتارانە لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوون.هەروەها گوتی؛ بڕیارێکی ستەمکارانەیە و دەبوو دادگای فیدراڵی بە رەهەندێکی جیاوازترەوە سەیری ئەم بابەتەیان بکردایە، ئەوان سەرۆکێکی بەهێزیان بۆ عێراق ناوێت، کەسێکیان ناوێت کە شارەزایی هەبێت، هەموو ئامانجیان پەکخستنی ئێمە بوو بۆئەوەی نەگەینە پەرلەمانی عێراق.”جێگای ئاماژە پێکردنە، هۆشیار زێباری، تاکە کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو بۆ پۆستی سەرکۆمار و لە ئەگەری چوونە نێو کێبڕکێی پەرلەمانەوە تا ڕادەیەکی زۆر سەرکەوتنی مسۆگەر بوو، بەڵام دوای ئەوەی لە جاری یەکەمدا دادگای فیدڕاڵی بەڕوونی ئاماژەی بەوەکرد، دۆسیەی زێباری پاکە و مەرجەکانی خۆپاڵاوتنی تێدایە، جارێکی دیکە، لە 6ی ئەم مانگە لەسەر سکاڵای چەند پەرلەمانتارێک دادگای فیدراڵی بڕیاریدا، به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی رێكاره‌كانی هه‌ڵبژاردنی هۆشیار زێباری، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق رابگرێت، تا ئه‌و كاته‌ی سكاڵاكان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ یه‌كلایی ده‌كرێنه‌وه‌، دووبارە دۆسیەکە لە دادگای فیدڕاڵی جووڵێنرا و تا ڕادەیەک فشاری چەند لایەنێکی نەیاری پارتی و هاوپەیمانێتی حکوومەتی زۆرینە لەسەر دادگای فیدڕاڵی عێراق هەبوو، هەر بەو هۆیەشەوە دادگا دادگای باڵای فیدراڵی دۆسیه‌ی به‌ربژێركردنی “هۆشیار زێباری” كۆتایی پێهێنا و بڕیاری دا بۆ خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار ره‌تبكرێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ یاسای سه‌رۆكایه‌تی ناگونجێت، بەمەش دادگاکە لە بەرژەوەندی ئەو لایەنانە بڕیاریدا.بەپێی زانیارییەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان لە نزیکتریم ماوەدا کە چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ بێت، کۆ دەبێتەوە و بڕیاری نوێی خۆی لەسەر پۆستی سەرکۆمار و هەڵوێستی خۆیشی لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵیەوە ڕادەگەیەنێت.