رۆژنامەی ھەولێر

هاتووچۆی هەولێر بۆ ڕێکخستنەوەی هێمای ڕووناکیی تاکسییەکان چەند ڕێنماییەکی بڵاو کردەوە

هاتووچۆی هەولێر بۆ ڕێکخستنەوەی هێمای ڕووناکیی تاکسییەکان چەند ڕێنماییەکی بڵاو کردەوە

بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر لە ئاگادارییەکدا شۆفێرانی تەکسی لە سنووری پارێزگاکەی ئاگادار کردەوە پێویستە پابەندی چەند مەرج و ڕێنماییەکی نوێ بن سەبارەت بە بەکارهێنان و جێگیرکردنی “هێمای ڕووناکیی تەکسی” لەسەر ئۆتۆمبێلەکانیان.

ڕاگەیاندنی هاتووچۆی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، دوای چاودێریکردنی ئۆتۆمبێلەکانی تەکسی، تێبینی کراوە کە بەشێک لە شۆفێران هێمای تەکسییان بەکارنەهێناوە یان لە شوێنی نەگونجاو دایانناوە. بۆیە بە مەبەستی یەکخستنەوەی سیمای تەکسییەکان، بڕیاردرا بە پەیڕەوکردنی ئەم خاڵانە:

1- شوێنی جێگیرکردن: پێویستە هێمای تەکسی لەسەر سەقفی ئۆتۆمبێلەکە و ڕێک لە ناوەڕاستی نێوان دەرگای شۆفێر و دەرگای پشتەوەی شۆفێردا بچەسپێنرێت.

2- ڕەنگی ڕووناکی: دەبێت هێماکە گڵۆپی تێدابێت و شەوان بە ڕوونی ببینرێت، هەروەها مەرجە ڕەنگی گڵۆپەکە تەنها “زەرد” بێت و بەکارهێنانی هەر ڕەنگێکی دیکە قەدەغەیە.

3- شوێنە قەدەغەکراوەکان: بە هیچ جۆرێک ڕێگە نادرێت هێمای تەکسی لەسەر جامی پێشەوە، جامی دواوە، یان لەسەر سندوقی ئۆتۆمبێلەکە دابنرێت.

بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر جەخت دەکاتەوە ئەم هەنگاوە بۆ بەرژەوەندیی گشتی و ڕێکخستنی زیاتری هۆکارەکانی گواستنەوەیە و داوا لە شۆفێران دەکات بۆ دوورکەوتنەوە لە سزای یاسایی، پابەندی ڕێنماییەکان بن.