هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

شیرین حوسێن، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی بانكه‌ پسپۆرییه‌كان؛ له‌ هه‌رێمی كوردستان 28 بانكی پسپۆڕیمان هه‌یه کە پێشینەیان بە هاووڵاتیان داوە ٤ تریلیۆن دینار وەک پێشینە دراوە و نیوەی زیاتری نەگەڕاوەتەوە

شیرین حوسێن، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی بانكه‌ پسپۆرییه‌كان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری، سەبارەت بە بانکە پیشەییەکانی هەرێمی کوردستان چەند زانیارییەک دەخاتەڕوو، دەڵێت؛ كاتی خۆی حكومه‌تی هه‌رێم نزیكه‌ی چوار تریلیۆن دینار قه‌رزی وه‌كو پێشینه‌كانی خانووبه‌ره‌ و نیشته‌جێبوون و كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و گه‌شتیاری به‌ هاووڵاتیان‌ داوه‌، ئه‌مه‌ لۆدێكی زۆره‌ هه‌تا ئێستا به‌ هاووڵاتیان دراوه‌، به‌ڵام به‌هۆی هه‌ندێك بارودۆخی ناهه‌موار هاووڵاتیان نه‌یانتوانیوه‌ وه‌ك پێویست به‌ ده‌نگ ئه‌وه‌وه‌ بێن كه‌ ئه‌و پشكانه‌ی له‌سه‌ریانه‌ بیگه‌ڕێننه‌وه‌.

شیرین حوسێن باس لە لێخۆشبوونی سوودی دواکەوتنی قەرزەکانی پێشینە دەکات و دەڵێت؛ پێویسته‌ ئه‌و كه‌سه‌ كه‌ هه‌موو پشكه‌كانی له‌ سه‌ریه‌تی و هه‌موو پێشینه‌كه‌ی كه‌ وه‌ریگرتووه‌ له‌ ماوه‌ی 90 ڕۆژی كاركردن بۆ بانكه‌كان بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆیه‌ ئه‌و كات سوومه‌ند ده‌بێت و بڕیاره‌كه‌ ده‌یگرێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر هاتوو هه‌موو بڕه‌كه‌ی گه‌ڕانده‌وه‌ و پێشینه‌كه‌ی پاكتاو كرد، ئه‌و كاته‌ له‌ هه‌موو سوودی دواكه‌وتنه‌كه‌ لێخۆشبوون ده‌یگرێته‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌ 90 ڕۆژی كاركردنه‌كه‌ ده‌مه‌وێ بۆ هاووڵاتیانی ڕوون بكه‌مه‌وه‌ واته‌ بانكه‌كان 90 ڕۆژ كار له‌سه‌ر ئه‌م بڕیاره‌ ده‌كه‌ن، ئینجا هه‌ر پشوویه‌كی فه‌رمی یان ڕۆژانی هه‌ینی و شه‌ممه‌ دێته‌ پێش و بانكه‌كان ده‌وام ناكه‌ن، ئه‌مانه‌ بۆیان قه‌ره‌بوو ده‌كرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی 90 ڕۆژ كار بكرێت. ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان 28 بانكی پسپۆڕیمان هه‌یه‌، كه‌ ئه‌م بانكانه‌ پێشینه‌یان داوه‌، كه‌ بانكه‌كانیش بریتین له‌ بانكی خانووبه‌ره‌، پیشه‌سازی، كشتوكاڵ، نیشته‌جێكردن، هاووڵاتی له‌ كامه‌ بانك پێشینه‌ی وه‌رگرتووه‌، پێشینه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ هه‌مان بانك، چونكه‌ دۆسیه‌كه‌ی له‌وێیه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ له‌گه‌ڵ خۆی بیبات، ئه‌و كارته‌یه‌ كه‌ به‌ر له‌ وه‌رگرتنی پێشینه‌كه‌ بۆی كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پێشینه‌كه‌ی پێ وه‌ربگرێت، كه‌ ئه‌و كارته‌ ناوی سیانی و ژماره‌ی دۆسیه‌ی تێدایه‌. ئه‌گه‌ر هاووڵاتی ئه‌و كارته‌ی نه‌مابێ یان لای نه‌بێت، ئه‌و كات بانكه‌كان به‌ سیستمی كۆمپیوته‌ری ناوه‌كه‌ی ده‌دۆزنه‌وه‌ و كاره‌كانی بۆ جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، یانیش ئاساییه‌ به‌ كارتی نیشتمانی یان ناسنامه‌ی باری شارستانی ئه‌و كاره‌ی بۆ ده‌كرێت. هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی وه‌كاله‌تیان بۆ كه‌سێك كردووه‌، ده‌بێت ئه‌و كه‌سه‌ وه‌كاله‌نامه‌ی لا بێت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ژماره‌یه‌كی زۆر خه‌ڵك له‌ پێشینه‌كان سوودمه‌ند بوون، نزیكه‌ی 231.474 كه‌س سوودمه‌ندبوون به‌ هه‌موو جۆره‌كانی پێشینه‌، زیاتر له‌ 4 ترلیۆن دینار ‌بۆ پێشینه‌ دراوه كه‌ نیوه‌ی زیاتری نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.