رۆژنامەی ھەولێر

دانا محەمەد ڤیدیۆ ئاڕتی دیواری کەزییەکان دەنێرێتە فێستیڤاڵە جیهانییەکان

شیڤان شێرزاد – هەولێر

بەشی سینەما و شانۆی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی هەولێر ڤیدیۆ ئاڕتی دیواری کەزییەکان، کە لە دەرهێنانی “دانا محەمەد”ـە بۆ فێستیڤاڵە جیهانییەکان دەنێرێت.

دانا محەمەد، دەرهێنەری ڤیدیۆ ئارتەکە، دەربارەی نمایشکردنی و ناردنی بۆ فێستیڤاڵە جیهانییەکان، بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: ڤیدیۆ ئارتی “دیواری کەزییەکان” هەر لە مانگی شوبات، لە نمایشێکی تایبەتدا نمایشی دەکەین، هەروەها لە مانگی مانگی نیساندا، لە چوارچێوەی فێستیڤاڵی کۆلێژی هونەرە جوانەکان نمایشی دەکەین، هەروەها بۆ فێستیڤاڵە جیهانییەکانیشی دەنێرین، بۆ ئەوەی دەنگ و ڕەنگی ڕۆژئاوای کوردستان لەڕێگەی ئەو ڤیدیۆ ئاڕتەوە بگاتە وڵاتانی جیهان.
گوتیشی: کۆنتێستی ڤیدیۆ ئارتەکە، باس لە بەرخودانی شۆڕشی ڕۆژئاوا دەکات، کاتێک ستەمکارێک هەوڵ دەدات بە بڕینی قژی ژنێک ناسنامەکەی بشکێنێت، ڕووبەڕووی دیوارێکی بێدەنگ لە کەزی دەبێتەوە کە وەکوو رەگی چیاکان بەیەکەوە گرێ دراون، هەروەها وەڵامێکە بۆ ئەوەی کە بڕینی تاکێک، هەڵسانەوەی هەزارانە.
هەروەها، ڤیدیۆ ئاڕتی “دیواری کەزییەکان”، لە دەرهێنانی دانا محەمەدە، هەر یەکە لە، دیار فەرهاد و زەینەب کاوە و ڤیانا ئەسعەد و نور عومەر و شادی عوسمان و ئاوات ئەسعەد و رەیان شۆرش و شنیار محەمەد و شەیما حاتەم، ڕۆڵی سەرەکی لەو ڤیدیۆ ئاڕتە دەگێڕن.