رۆژنامەی ھەولێر

هـــەولێر شوێنی یەکلاکردنەوەی پرسە گرنگ و چارەنووسسازەکانی کوردانە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ھەرێمی کوردستان بووەتە سەنگ و شوێنی بڕیاردان، نەک تەنیا لە ناوخۆی ھەرێم، بەڵکو بۆ ھەر چوار پارچەی کوردستان ئەوەش بۆ سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک بارزانی دەگەڕێتەوە. چاودێر و مامۆستایانی زانکۆ، دەڵێن، سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی گرنگی لە ڕاگیرانی شەڕی ڕۆژئاوای کوردستان گێڕا، ئەوەش وای کرد کوردانی ڕۆژئاوا زیاتر بەھێز بن و دەست لە خاکی خۆیان بەرنەدەن.

ڕۆژێک شاندی وڵاتانی دراوسێ و ڕۆژێکی دیکەش شاندی وڵاتانی ڕۆژئاوا و دەوڵەتە زڵھێزەکان ڕوو دەکەنە پایتەختی ھەرێمی کوردستان، ئەوەش بەو مانایە دێت ھەولێری پایتەخت شوێنی یەکلاکردنەوەی پرسە گرنگ و چارەنووسازەکانە و لەسەر ئاستی جیھان سەنگی مەحەکەمە بۆ چارەکردنی کێشەکان لەناوچەکەدا، ئەمە لە کاتێکدایە لە ماوەکانی ڕابردوو کورد لە ناوچەکە تووشی گرفت و ئالۆزی ببوویەوە لە ھەموو لایەکەوە زۆریان بۆ ھێنا، بەڵام کاریگەری و بڕیارەکانی سەرۆک بارزانی وای کرد سەرکردە، سەرۆک و نێردەی وڵاتان ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن، چونکە دەزانن سەرۆک بارزانی بۆتە سیمبۆلی ئاشتی و ڕابەرایەتی لە ناوچەکە.
ئەزموونی سی ساڵەی ڕابردوو دەریخستووە ھەر کاتێک پارچەیەکی کوردستان ڕووبەڕووی ئاستەنگ و کێشە بووبێتەوە سەرۆک بارزانی ڕابەرایەتی کەمکردنەوەی ئازارەکانی کردووە. ڕۆژی پێنج شەممە، سەرۆک بارزانی لە یازدەیەمین کۆنگرەی تەندروستیی میزۆپۆتامیا کە لە ھەولێر بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند، ترسی گەورەی من ئەوە بوو کە ببێتە شەڕی کورد و عەرەب، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو ھیچ کاتێک کورد دەستپێشخەر نەبووە بۆ شەڕ، ھیچ کاتێکیش لە ھەموو سەرکردەکانی شۆڕشەکانی کوردستان ھەمیشە ڕێنمایی ئەوە بووە کە شەڕی ئێمە دژی زۆردارە، نەک دژی میللەت، من ترسی ئەوەم ھەبوو ببیتە شەڕی کورد و عەرەب کە ئەمە دەبوو بە کارەساتێکی گەورە، ڕاستە شتی ناخۆش ڕوویدا، بەڵام دەکرا شتی زۆر خراپتریش ڕووبدات، ئێستاش ڕێککەوتنێک کراوە لە نێوان براکانمان لە ڕۆژئاوا و حکوومەتی سووریا، ئومێدەوارین ئەو ڕێککەوتنە بەردەوام بیت، ئەوەی پێمان کرا کردمان، بۆ ئەوەی شەڕەکە تەشەنە نەکات و براکانمان لە ڕۆژئاوا پارێزراو بن.
نزار عەباس، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: سەرۆک بارزانی بەھێز و دیبلۆماسی خۆی، لەگەڵ ھەموو جیھان کەوتە گفتوگۆ و پەیوەندی کرد بۆ ئەوەی ڕۆژئاوا بمێنێت، ھەموو وڵاتانی زڵھێزی ئاگادار کردنەوە بۆ پاراستنی قەوارەی ڕۆژئاوا کە کورد لێ دەژین و ئێمە بەرگری لە ھەموو کوردێک دەکەین، بۆیە با ھەموو کوردێک باش بزانن تەنیا سەرۆک بارزانی خەڵکی کوردستان لە ھەر شوێنێکی ئەم جیھانە بێت دەپارێزێت، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت بەھۆی ھەبوونی سەرۆک بارزانی کورد تا ئێستا لە جیھان ماوە و ڕۆژبەڕۆژیش بەھێزتر و پارێزراوتر دەبێت.
ئەو ڕێککەوتنەی بەو دوایە لە نێوان ھەسەدە و دیمەشق کرا، بەبینینی مامۆستایەکی زانکۆ سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی سەرەکی لەو ڕێککەوتنەدا گێرا. ئازاد محەممەد، مامۆستای زانکۆ، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی زۆر گرنگی لە ڕێککەوتنی ھەسەدە و دیمەشق گێڕا، سەردانی بەڕێزیان بۆ لای پاپای ڤاتیکان و ھەروەھا لەگەڵ بەرپرسانی ئیتالیا و بەرپرسانی کەنداو و وڵاتانی دیکەی جیھان ھەموو بۆ ئەوە بوو ڕۆژئاوای کوردستان پارێزراو بێت، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت بۆ ھەر پرسێک کە پەیوەندی بە کورد و کوردستانەوە بێت، دەستەڵاتدارانی جیھان سەردانی سەرۆک بارزانی دەکەن، چونکە دەزانن ئەو لێڤەگەڕی کوردایە.
بەڕۆژ حامد، مامۆستای زانکۆ، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: ئەو ئاگربەستەی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاندرا بۆ گەلی کورد و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست زۆر باش و گرنگ بوو، لە ھەمان کاتدا خەڵکی کوردستان لە ھەموو پارچەکانی کوردستان یەکیان گرت، سەرۆک بارزانییش لەو نێوەندەدا ڕۆڵێکی سەرەکی و گرنگی گێڕا، ئەوەی سەرۆک بارزانی کردی بە ڕاستی ڕۆڵێکی مێژوویی بوو بۆ پاراستنی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە ھەمان کاتدا سەرۆک بارزانی دیارکرد کە کورد لە ھەر کوێ بێت یەکە، بۆیە ئێمە لەو باوەڕەداین ئەگەر سەرۆک بارزانی نەبوایە شەڕێکی زۆر گەورە لەو بەشەی کوردستان ڕوویدەدا ئەوەش دەبووە ئاوارە و دەربەدەربوونی خەڵکێکی زۆر و شەھید بوونی سەدان کەس.
کامەران نازم، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ھێرشی حکوومەتی سووریا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و بەرخۆدانی ڕۆژئاوا بووە ھەوێنی یەکڕیزیی نەتەوەیی، لەسەر ئاستی کوردستانی مەزن ھەموو کوردستانییان بە ‌یەکدەنگ و یەکڕەنگ پشتیوانیی ڕۆژئاوای کوردستان بوون، لەسەر ئاستی سیاسییش سەرۆک بارزانی وەک ڕێبەری بزاڤی ڕزگاریخوازی نیشتمانیی کوردستان ڕۆڵێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی مەزنی بینی، بۆ پارێزگاریکردن لە ڕۆژئاوای کوردستان و ھەوڵەکانی بوون بە فاکتەرێکی گرنگ بۆ خاوکردنەوەی گرژییەکان و ڕاگرتنی شەڕ و خوێنڕشتن.
ئەو چاودێرە، گوتیشی: سەرۆک بارزانی لە ‌سەرەتاوە گوتی ئێمە ڕۆژئاوای کوردستان بە تەنیا جێناھێڵین، سەرۆک وەک خەمخۆری نەتەوەیی مامەڵەی لەگەڵ پرسی ڕۆژئاوای کوردستانی کرد و ھەموو ھەوڵێکی دا بۆ پاراستن و پارێزگاریکردن لە ڕۆژئاوای کوردستان، سەرۆک بارزانی ھیچ کات لەگەڵ شەڕدا نەبووە، لە پەیامەکانیدا ھەمیشە جەختی لە ئاشتی کردووەتەوە، خۆشبەختانە لە کۆتاییدا ھەوڵەکانی بە ئامانج گەیشت و کورد لە پیلانی لەناوبردن ڕزگار کرا، بە دڵنیاییەوە ئەگەر ئەو یەکڕیزییەی کورد و ھەوڵەکانی سەرۆک بارزانی نەبوانە، کارەسات ڕوویدەدا.