هاودەنگ فارووق
نامەکەی بارزانیی نەمر بۆ “ژەنراڵ دیگۆڵ” یەکێکە لەو بەڵگە گرنگ و زۆر هەستیارانەی کە پێمان دەڵێن: بارزانیی نەمر لەپەنای هەموو خەسڵەتەکانی وەک گەورە سەرکردەیەکی ڕۆحیی نەتەوە، دیپلۆماتکارێکی کارامە و زۆر لێزان بووە. سەبارەت بە بیرکردنەوە لە کوردستانەوە نامەیەک بۆ سەرۆککۆماری فەرەنسا بنێریت، لەو ڕۆژگارەدا کە هەموو دەرگاکان لەسەر کورد داخرابوون و دونیای کورد تەنگ و تاریک بوو، ئەوەندە مایەی ڕاچڵەکین و تێڕامانە لە خودی بارزانیی نەمر، کە ناکرێت وەک ڕووداوێکی ئاسایی تەماشای بکرێت؛ چونکە ئەم نامەیەش پێمان دەڵێت: بارزانیی نەمر داینەمۆی شۆڕشێكی مەزنی دۆزی ڕەوای نەتەوەیەک بووە.
بابەتی ناردنی نامەکە سەیر بکەن؛ نەتەوەیەکی مەزڵوومی لە هەموو لایەکەوە گەمارۆدراو، خاکداگیرکراو و بریندارکراو، لە بەرانبەریشدا عێراق لە لووتکەی نەشونمای خۆیدایە و ئیمپریالیزمی جیهانی ئومێدیان لەسەر هەڵچنیوە، بە هەموو شێوەیەک هاوکاریی دەکەن بۆ ئەوەی ببێتە دەوڵەتێک، چەکی پێ دەدەن و کۆمەکی دیکەی پێشکەش دەکەن.
دۆخە بابەتییەكەو ئەو ژینگە ڕەش و تاریکە، ژەنەڕاڵ بارزانی بێهیوا ناکەن، بەڵکوو زیاتر هانی دەدەن بۆ ئەوەی بەو ئیرادە بەرزەوە بیر لە دەسپێشخەرییەک بکاتەوە. بۆ بەردەمی کێ؟ بۆ بەردەمی ژەنراڵ دیگۆڵ، کە سەرۆکی یەکێک لە پێنج دەوڵەتە زلهێزەکەی دنیا بووە. بۆ سەلماندن و پیشاندانی ئەو جیاوازییەش، بارزانیی نەمر لە نامەکەیدا، پەیامێکی مرۆیی و سیاسیی گرنگ و تەواوی بنەماکانی دەوڵەتی فەرەنسا و شۆڕشی فەرەنسای پێ دەهەژێنێت.
سەیری ئەم دێڕە زێڕینە بکە، بارزانیی نەمر بۆ شارڵ دیگۆڵ دەنووسێت: «ئێوەن کە وڵاتەکەی خۆتان بەرەو سەرفرازی برد، ناتوانن هاوهەستیی گەلی کوردی شاخنشین نەبن کە ماوەی شەش ساڵی ڕەبەقە لە باکووری عێراق، لە خەباتی بێوچاندایە».
پرسیاری سەرەکی ئەمەیە: لە کاتێکدا لە سەردەمی شۆڕشدا کورد نە تیمی پرۆتۆکۆڵ و ڕاوێژکاری هەبووە، نە ئاشنایەتییەکی قووڵی لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا هەبووە، دیقەت بدەن بارزانیی نەمر چۆن ئەو وشە و دەستەواژە کاریگەرە ئاڵتوونییانە دەنووسێت و پڕ لە پەیامی مرۆیی و سیاسی هەڵیان دەبژێرێت؟ چۆن دڵنیابوو لەوەی ئەو وشانە کلیلە زێڕینەکانی دواندن و زمانی دیپلۆماتین لەگەڵ فەرەنسییەکاندا؟
ڕاستییەکەی دەقی نامەکە پێمان دەڵێت لە کاتێکدا بارزانی سەرقاڵی ڕزگارکردنی گەلەکەی بووە، دانەبڕاوە لە دۆخی نێودەوڵەتی؛ بە ئاشکرا دیارە نەخشەی هاوپەیمانێتییەکانی لە ئاستی جیهان خوێندووەتەوە و زۆر باش ئاگاداری سیاسەتی زلهێزەکان بووە و لە گۆشەنیگای بەرژەوەندیی خۆیانەوە قسەی لەگەڵ کردوون، وەک ئەو بڕگەیەی کە باسی سیاسەتی فەرەنسا دەکات لە ڤێتنام.

