رۆژنامەی ھەولێر

کوردبوون

ئاری ئاغۆک
بەدرێژایی مێژوو چەمکی کوردبوون، لە فۆرمی قوربانیدان و بەرخودان و بەرگریکاریدا هیچ کات چەقی نەبەستووە و هەمیشە بەردەوام بووە، گەلێ جار ئەو چەمکە دەبێتە پرسیارێکی قووڵ بۆ خودی خۆمان، ئایا لە کوێ ناسنامەی کوردبووندا کارمان کردووە؟ ئایا هەستە پڕ ئیحساسەکان لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە، کاتێ پێمان دەڵێن تۆ کێی؟ ئێمەش دەڵێین کوردین.
کوردبوون ئەو ڕستە شیرینەی سەر زارە، لە دوێنێ قوربانیدانەوە تا ئەمڕۆی بەردەوامی و سبەینێی ئومێدبەخش و گەشبینی، ئەوا هەموومان مکوڕین لەسەر ماف و داخوازیەکانمان.
ئەوەی جێگەی دڵخۆشی و خۆشحاڵیە، لە یەکەم ڕۆژی کارەساتی ڕۆژئاوا، هەمووان خۆڕسکانە، هەریەکەو لە شوێن و پێگەی خۆیەوە بە هەستێکی قووڵی بیری نەتەوەیی، سەیری وێنە گەورەکەی کرد، ئەویش کوردبوونە، چونکە ئەو وشە لە ناخ و دڵ و بیرکردنەوەی هەر تاکێکدا، دوور لە بیری تەسکی حزبایەتی سەیری تایتڵە گەورەکە دەکەن، ئەویش غەدرکردنە لە کورد و کوردبوون، کە بە شانازیەوە چیرۆکی دیرۆکی گەلی کورد، لە دەسپێکەوە تا ئەمڕۆ بەردەوام بووە لە قوربانیدان نەک خۆبەدەستەوەدان! چونکە لەنێوان ئەم دوو دەستەواژەیەدا چەندین ڕیتمی بەرز و نزم هەیە، بەڵام گەلی کورد هەمیشە قوربانیدانەکەی هەڵبژاردوە، نەک خۆبەدەستەوەدان و ژێردەستایەتیی ئەم و ئەو.
دەبێت ئەو ڕاستیە بزانین کوردبوون تەنیا ئامرازێکی سادە و ساکار نیە، بەڵکو کوردبوون هەستێکی قووڵی مرۆڤایەتیە، مێژوو پێمان دەڵێت ئەو هەستە لەگەڵ لەدایکبوون و گەورەبوون و بەردەوامی بۆتە سەرچاوەی وزە و ورەبەرزی لە هەر کات و سات و بەرەنگاربوونەوەیەک وەڵامی خۆی هەبووە؛ بۆیە ناکرێ لە یەک دیدگاوە ئەم پرس و بابەتە شرۆڤە بکەین بەبێ گەڕانەوە بۆ مێژوو و قوربانیدانی قۆناغە یەک لە دوای یەکەکان، بەڵام هەمیشە سەربڵندانە و بوێرانە لە پرس و بابەت و دۆخەکەی ڕوانیوە، کەواتە ئەم بابەتەی ئەو سەردەمەش کە بۆ کورد هیچ پارچەیەکی جیاوازی نیە، خەم و زامی هەر لایەک رەنگدانەوەی گشتی یەو هەمووان هەستی پێ دەکەین، بەڵام بابەتی ڕۆژی ئەمڕۆمان خەمی ڕۆژئاوایە، بۆیە ئەوەی لە ماوەی ڕابردوو بینیمان جێگەی شانازیی هەموو کوردێک بوو، لە هەر کوێیەکی دنیا بێت، لای هەمووان سەنگی شانازی کوردبوونمان قورستر و بەهێزتر بوو بەرامبەر بەگەلانی هەموو جیهان پێمان گوتن لە هەر شوێنێک و لە هەر پارچەیەکی نیشتمان خوێن لە جەستەی هەر کوردێک بێ، ئەوا هەر یەکەمان لە شوێن و ماڵی خۆی ئێش و ئازارەکەی هەست پێ دەکات.
بۆیە کاتی ئەوە هاتووە تۆختر و قووڵتر کار لەسەر پرسە نەتەوەییەکەمان بکەین بۆ ئەوەی ئەو دەنگ و هاوار و بەرخودانە کرانەوەیە بکەینە دەرفەت و دەستپێشخەریەکی گرنگ بۆ یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی و یەکگوتاری بۆ پرۆسە گەورەکە ئەویش هەنگاوێکە بە درێژایی کارمان لەسەر کردورە کەسمان سڵ ناکەینەوە و ناوەستین تا بەدیهاتنی مافە جێگرەکان بە هەموو بنەماکانیەوە.