رۆژنامەی ھەولێر

شاندێکی حکوومی پەیامی پیرۆزبایی مەسروور بارزانی دەگەیەنێتە یەکگرتووی ئیسلامی

ئەمڕۆ شەممە، ٧ـی شوباتی ٢٠٢٦، شاندێکی باڵا بە نوێنەرایەتیی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیان کرد و پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکوەزیرانیان گەیاندە ئەمینداری گشتیی.

شاندەکە پێکهاتبوو لە د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی و ئاریان سەڵاحەدین بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری. لەلایەن سە‌ڵاحە‌دین محەمەد بەهائەدین، ئە‌مینداری گشتی و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یە‌كگرتووی ئیسلامی كوردستانەوە پێشوازیی گەرمیان لێ کرا.

شاندەکە وێڕای گەیاندنی سڵاو و پیرۆزبایی ڕێزدار مەسروور بارزانی، هیوای پێشکەوتن و سەرکەوتنی بەردەوامیان بۆ یەکگرتووی ئیسلامی خواست. نوێنەرانی سەرۆکی حکوومەت ئومێدیان خواست کە یەکگرتووی ئیسلامی وەک هەمیشە لە پاراستنی ڕۆڵی میانڕەوانەی خۆی بەردەوام بێت و هەوڵەکانی بە ئاراستەی پتەوکردنی یەکڕیزی، تەبایی و یەکترقبوڵکردن بێت لە نێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستاندا.

لەلایەن خۆیەوە، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی سوپاس و پێزانینی خۆی و حزبه‌كه‌ی بۆ ئەم بەسەرکردنەوە و پەیامی پیرۆزباییەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و جەختی لەسەر گرنگیی هەماهەنگی بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان کردەوە.