رۆژنامەی ھەولێر

خۆری ئازادی

هۆمەر نۆریاوی

 

خۆری ئازادیم کە هەڵهات، لێم دەبێتە ساڵی نوێ
“ئەی ڕەقیب”[1]گەر کەوتە زاران، هەم لە شار و هەم لە دێ
هەڵپەڕینێ دەمگرێ وەک”مەست و بێدارانی شەو”[2]
چاوی پەیڤی شۆخ و شەنگم، قەت ئیتر ناچێتە خەو
ڕوو لە هەر لایەک بنێم، ئازادی هەڵدەمژم بە ناخ
من کە عومرێک ڕایدەکێشام، حەسرەت و سەد ئاخ و داخ
ئێستێ وا بەژنی بڵندە و بووەتە شادارێک، نەمام
بووەتە سێبەر، هەم بەر و پشت و پەنام
ئای کە چەند خۆشە بژی ئازاد لە بن ئاڵای ژیان
پڕ بە زار هاوار بکەی”زیندووە، هیچ نانەوێ ئاڵاکەمان”[3]
تا بمێنم بۆت دەنووسم پەیڤی جوان، ئەی نیشتمان
من کە ژینم هەر بە تۆ بەخشی، وڵاتم، کوردستان

سنە
16ی بەفرانباری 2725

[1] سروودی نەتەوەیی کوردە و شیعری مامۆستا یۆنس ڕەئووف ناسراو بە”دڵدار”(1948-1918)ە.
[2] نیو بەیتێک لە شیعرێکی “ئەحمەد هەردی”(2006-1922)یە کە بۆ خۆی پێنجخشتەکییەکە لەسەر شیعرێکی مامۆستا”شێخ نووریی شێخ ساڵح(1958-1898).
[3] نیو بەیتێک لە شیعری”ئەی ڕەقیب”ی مامۆستا دڵدارە.