رۆژنامەی ھەولێر

بەدەستی خۆت قژم ببڕه

که‌ژاڵ ئیبراهیم خدر

 

بەدەستی خۆت قژم ببڕە
من قژێکم بۆچییە
تاڵەکانی تاڵی ژێی کەمانێک بن
ئاوازی خەمم بۆ لێدەن
من هەرگیز ئەو قژەم ناوێ
نەزانەکان وەکو گوریسێک،
بیهۆننەوە
بۆ ساتێ ئاسوودەییان
کۆرپەی رقیانی لەناودا
بخەوێنن
دڕندەکان بیکەنە پەتی سێدارەو
هەموو گەردنە بێ گەردەکان
بخنکێنن
***
مەڵێ قژت زەرد بکە جوانە
با هەر رەنگی خەنەیی بێ،
من دەمەوێ وەکو قژی هەموو ژنانی وڵاتەکەم
رەنگی سووری خوێناوی بێ ..