ڕائیب جادر – هەولێر
لە ساڵی ڕابردوو، کۆی گشتی ئەو پڕۆژانەی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کاریان تێدا کراوە، گەیشتووەتە ١٤٤٢ پڕۆژەی جۆراوجۆر و ١١٠٠ پڕۆژەش خراونەتە خزمەتی ھاووڵاتییان. حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش دووپاتی دەکاتەوە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و پێشکەشکردنی پڕۆژەی نوێ لە ھەموو کوردستان بەردەوام دەبێ، بە ئامانجی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ھەموو ھاووڵاتییان.
لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ئاوەدانکردنەوە و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بە ھەموو ناوچەکان، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە ساڵی ٢٠٢٥ گەشەسەندنێکی گەورەی لە کەرتی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکاندا بەخۆیەوە بینیوە.
بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، کۆی گشتیی ئەو پڕۆژانەی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کاریان تێدا کراوە، گەیشتووەتە ١٤٤٢ پڕۆژەی جۆراوجۆر، پڕۆژەکان سێکتەرە سەرەکییەکانی وەک ڕێگەوبان، باڵەخانە، ئاو، کارەبا و چەندان پڕۆژەی تری خزمەتگوزاریی گشتییان گرتووەتەوە.
لەبارەی ئاستی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان، تا ئێستا ١٠٩٩ پڕۆژە بەتەواوی کۆتاییان ھاتووە و خراونەتە خزمەت ھاووڵاتییانەوە، ھەروەھا ٣٤٣ پڕۆژەی تریش لە قۆناغی جێبەجێکردندان و کارکردن تێیاندا بەردەوامە.
لەبارەی دابەشبوونی پڕۆژەکان، تەنیا لە سەنتەری شاری سۆران ٤٧٤ پڕۆژەی جۆراوجۆر جێبەجێ کراون، ئەمەش کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر جوانترکردنی سیمای شار و باشترکردنی گوزەرانیی دانیشتووانەکەی ھەبووە.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە کە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و پێشکەشکردنی پڕۆژەی نوێ لە ھەموو کوردستان بەردەوام دەبێ، بە ئامانجی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ھەموو ھاووڵاتییان.

