رۆژنامەی ھەولێر

١١٠ هەزار ئاوارەی ناوخۆیی عێراق لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان ماونەتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، ڕایگەیاندووە، ھەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی عێراق بۆ شوێنی خۆیان بەردەوامە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ١١٠ ھەزار ئاوارە لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستاندا ماونەتەوە. بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ، دەڵێت: بە سەدان منداڵی ئاوارەی عێراق لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان کێشەی بەڵگە یاساییەکانیان ھەیە، حکوومەتی عێراق ھاوکاریی ئاوارەکان ناکات، لە ھەمانکاتدا ئێستا کۆنتڕۆڵی بەشێکی زۆری ھاوکارییە نێودەوڵەتییەکانیشی کردووە کە لە لایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەھێنران، ڕێگە نادات ھاوکارییەکان بگەنە ئەو خەڵکانەی کە پێویستییان پێیەتی.

کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، ڕایگەیاندووە، ڕێکخراوەکەیان پشتگیری لە ھەوڵەکان دەکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی ناوخۆی عێراق کە ژمارەیان نزیکەی ١١٠ ھەزار پەنابەرە و لە ٢١ کەمپی ھەرێمی کوردستان ژیان بەسەر دەبەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، نەتەوەیەکگرتووەکان کار دەکات بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان وەک تەندروستیی و خوێندن، تاوەکو ڕێگری لە کارەساتی مرۆیی بکەن لەناو کەمپەکان، ھەروەھا جیاواز لە ھەوڵی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان، ھاوکات پاڵپشتی و پشتگیری زیاتر لە ٣٣٨ ھەزار ئاوارە دەکەن کە پێوستییان بە چاودێری بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکان ھەیە.
سەرەڕای فشاری حکوومەتی عێراق بۆ داخستنی کەمپەکان و بڕینی ھاوکارییەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم ١١٠ ھەزار کەسە بەھۆی ئەم ھۆکارانە ناتوانن بگەڕێنەوە، لەبەر نەبوونی دۆخی ئەمنیی و ئاسایش بەتایبەت لە ناوچەی شەنگال بەھۆی بوونی ھێزە جیاوازەکان، ھەروەھا وێرانبوونی ماڵ و شوێنی مانەوەیان چونکە زۆرێکیان تاوەکو ئێستا ماڵەکانیان چاکنەکراوەتەوە، لەگەڵ نەبوونی خزمەتگوزاری وەکو ئاو، کارەبا، قوتابخانە و نەخۆشخانە لە ناوچە ڕەسەنەکانی خۆیان.
ساڵی ٢٠١٤ و دوای دەستبەسەرداگرتنی چەند ناوچەیەکی عێراق و سووریا لە لایەن داعشەوە، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەو ناوچانە ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوون کە ژمارەیان لە نێوان ٨٥٠ بۆ ٩٠٠ ھەزار کەس بوون، ھاوکات بە سەر زیاتر لە ٣٥ کەمپ دابەشکران، ٢٥ کەمپ بۆ ئاوارەکانی ناوخۆی عێراق و ١٠ کەمپی دیکەش بۆ ئاوارەکانی سووریا تەرخانکرا.
ئەم ئامارەی نەتەوە یەکگرتووەکان دوای ئەوە دێت، حکوومەتی عێراق بڕیاری دابوو تا کۆتایی مانگی تەممووزی ٢٠٢٤ ھەموو ئەم کەمپانە دابخرێن، بەڵام حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ناتوانێت ئاوارەکان ناچار بە گەڕانەوە بکات، بۆیە تا ئێستا بەشێک لە کەمپەکان کراوەن و خزمەتگوزارییان پێشکەش دەکرێت.
بەرپرسی ھەندێک لە کەمپەکان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێن، حکوومەتی عێراق ھیچ ھاوکارییەک پێشکەش بە ئاوارەکان ناکات، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێمە بە دەیان جار داوامان کردووە، بەڵام بەداخەوە عێراق خۆی لە ئاوارەکان ناکاتە خاوەن، بۆیە ئەگەر ئاوارەکان بەتەمای بەغدا بانە، ژیان و گوزەرانیان زۆر خراپ دەبوو، بەڵام حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەردەوام ھاوکاری ئاوارە و پەنابەران دەکەن، ئەمە لە کاتێکدایە زۆربەی ئەو ئاوارانەی لەو کەمپانە نیشتەجێن کە لە پارێزگای مووسڵ و شارەکانی دیکەی عێراقەوە ھاتوونە.
سروە ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: تا ئێستا بە سەدان منداڵی ئاوارەی عێراق لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان کێشەی بەڵگە یاساییەکانیان ھەیە و حکوومەتی عێراق بە دەنگیانەوە نەھاتووە و کێشە و گرفتەکانیان چارە نەکراوە، کەچی حکوومەتی عێراق خۆی کە ھیچ ھاوکارییەکی ئاوارەکان ناکات، ئێستا کۆنترۆڵی بەشێکی زۆری ھاوکارییە نێودەوڵەتییەکانیشی کردووە کە لە لایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەھێنران، ڕێگە نادات ھاوکارییەکان بگەنە ئەو خەڵکانەی کە پێویستییان پێیەتی.