عەبدولقەهار هەوڵێری/ هۆڵەندا
د. دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، سەردانی پەرلەمانی ئەوروپایی کرد و لەگەڵ نیکۆلاس فارانتوریس ئەندامی پەرلەمانتاری ئەوروپا و ئەندامی لیژنەی سیاسەتی دەرەوەی کۆمیتەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی ئەوروپا کۆ بووەوە.
لە میانەی کۆبوونەوەکەدا د. دلاوەر ئاژگەیی، پوختەیەک لە دوایین پەرەسەندە سیاسییەکانی ناوچەکە و هەرێمی کوردستانی بۆیان خستە ڕوو کە سیاسەت و تێڕوانین حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەر کۆی گشتیی پێشهات و ڕووداوەکانی ناوچەکەی خستە ڕوو؛ بەتایبەتیش تیشکی خستە سەر ڕووداوەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان و ئەو دەستدرێژیانەی سوپای سووریا بۆ سەر ناوچە کوردییەکان.
هەروەها لە بەردەوامی ئەوەشدا هەوڵەکانی سەرکردایەتی سیاسیی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی بۆ دابیکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بەشێک بوون لەتەوەری دیدارەکەدا. هەردوولا هاوڕا بوون کە کێشەکان بە ڕێگەی ئاشتی و دیالۆگ چارەسەر بکرێن و گرنگە مافی کورد و پێکهاتەکانی دیکە لە دواڕۆژی سوریا لەبەرچاو بگیرێن.
لە بەشێکی تری دیدارەکە باس لە پڕۆژە و کاری هاوبەش لە نێوان هەردوو لا کرا، بە تایبەت ئەنجامدانی چەند چالاکی و پرۆژەیەکی هاوبەش لە پەرلەمانی ئەوروپا؛ فارانتوریس ڕایگەیاند کە ئامادەی هەموو جۆرە هاوکاری و پشتگیرییەکە بۆ کوردستان.

