رۆژنامەی ھەولێر

وەختێ میدیایەك دەبێتە ئاگری بن كا!

‎هاودەنگ فارووق
شتێك هەیە لە دنیادا پێی دەگوترێت ئاسایشی دەروونیی خەڵک، یا لێكۆڵینەوەی دادگا و ئاسایشی نەتەوەیی، یان ئابڕووی هاووڵاتی، یان بێڕێزی بە ڕەمزی نەتەوە و نیشتمان، یا ئیتیكی ڕۆژنامەوانی.
لێ بەشێك لە میدیای كوردی، هیچكام لەو بنەمایانە ڕەچاو ناكات، بێباكە لە هەموو شتێك. بۆیەش ناڵێم کوردی و دەڵێم کوردزمان، چونکە زۆر میدیا هەن بە زمانی کوردی دەدوێن، لێ بۆ لێدانی کورد دامەزرێنراون. ئەوانە کوردی و کوردانە نین تەنیا زمانیان کوردییە. ئەو ڕاگەیاندنانە، لە بەزاندنی هەموو سنوورێك، لە هەر نەریت و بابەتی قەدەغەكراوێك یەکەمی بێ دووهەمن. ئەوەی جێگەی مەخابنی زۆرە، هەرجۆرە سانسۆرێك لەسەر ئەو كردەوە ناشیرنانەی بەعزە میدیایەك، بەوە لێك دەدرێتەوە كە دەزگای دادوەریی كوردستان، سانسۆر دەخاتە سەر كاری میدیا! لە كاتێكدا ئەوانەی ئەو خەرقە میدیاییە دەكەن، نایەن پێوەرەكانی كاری میدیا ڕەچاو بكەن. لە هیچ وڵاتێکی دیموكراتدا میدیای یاساشكێنی لەم جۆرە بەبێ لێپێچینەوەی یاسایی دەربازیی نابێت. لەكاتێكدا هەموو لایەنە كوردستانییەكان لەسەر یەك هێڵی نەتەوەیی و كوردایەتی كۆ بوونەتەوە و، هەوڵ دەدەن ناكۆكییەكانیان وەلا بنێن، كەچی كەناڵێك پەنجە بۆ سیمبول و پیرۆزییەكانی كورد ڕادەكێشێت.
ئەوەش بەرنامەی پێشوەختەی لە پشتە و، ئامانجەكەی تێكدانی ئەو هاودەنگییە كە لەناو نەتەوەی كورددا هەیە. ئاخر سیاسەتی ئەم كەناڵە تەنیا ئەوە نییە وێنەیەك بشێوێنێ یا بیسڕێتەوە، بەڵكوو ئەوەی مایەی مەترسییە، دەست بۆ هێڵێکی سوور دەبا. چونكە ئەگەر نەتەوەیەك نەتوانێت هێڵێكی سوور بۆ پیرۆزییەكانی خۆی بكێشێت و ڕێگەنەدا تێكەڵاوی ناكۆكییەكان بكرێن، ئەو نەتەوەیە ناتوانێت ببێتە میللەت و خاوەنی هیچ سەروەرییەك.
لە دنیادا چەندین نەتەوە هەن، لەپەنای سیمبولەكانیان بوونەتە خاوەنی دەوڵەت، ناكۆكییەكانیشیان گەیشتوونەتە لووتكە، بەڵام لەبەر بەرژەوەندییە باڵاكانی نیشتمان جیاوازییەكانیان سفركردووەتەوە، بۆ نموونە: هیچ هێزێكی ئەمریكایی و میدیا و سیاسەتمەدارێك نییە بتوانێت لەسەر جۆرج واشنتۆن قەباحەتێكی ئاوا بنوێنێت، كە تەلەفزیۆنە بەناوكوردییەكە كردی، هیچ توركێك بەرانبەر ئەتاتورك. ناتوانێ ئەم ناماقولییە بكات.
ڕاستییەكەی ئەم كەتنەی تەلەفزیۆنە داخراوەكە ڕەهەندێكی یاسایی زۆر ئاشكرای هەیە، ئەویش پێشێلكردنی بڕیاری ژمارە 7ی ساڵی 1997ی پەرلەمانی كوردستانە. كە بەپێی بڕیارەكە وێنەی بارزانیی نەمر لە دامودەستگاكانی هەرێمی كوردستان بڵند ڕاگیراوە.
پرسیار ئەوەیە: ئایا ئەگەر كەسێك یاسای پێشێل كرد، ئەركی دادگا چییە؟ ئەركی لایەنی جێبەجێكردن چییە؟ ئەی نابێ سزای ئەو كردەوە نادروست و بێڕێزییە وەربگرێت؟