ئاری ئاغۆک
(١)
هەریەكە و لەلایەك دەهات
چەند دنكە زیوانێكی فڕێ دەدایە نێو پێدەشتی دڵ،
تەنیا تۆ بووی لە پاییزێكی درەنگ وەختدا هاتی و
دنكەگەنمی ئەوینت ڕواند.
بە ئەشك و بارانی چاو
بە فرمێسكی دڵ
هەموو دنكە زیوانەكانت وشككرد،
ئێستا پێدەشت و نیشتمانی دڵ
سەراسەر گوڵەگەنمی سێبوری و وەفایە
ئێستا جوانی هەر لە گوڵەگەنمی ئەوینی تۆدایە.
(٢)
وەکوو تاریکايی نێو ڕۆشنايی
لەزەین و زاكيرەى یەکترى داین
وەکوو ڕۆشنايی نێو تاریکايی
لەیادەوەری ریتمی ڕەنگەکان داین
هەموو دیدگاکان هەر بەڕواڵەت جوانن
وەکوو ئەو ماڵانەی
لە دەرەوە فرە ڕەنگ و جوانن
لە ناوەوەش،
هەر ژوورەی چیرۆکێكى تاڵ و تاريكى
لەخۆ گرتوەو
پڕە لە مەراق و خەون و خۆزگەی بەدینەهاتوو.

