ئاریان دەرگەڵەیی – ههولێر
د. دڵشاد زاموا مێژوونووسی كورد، چەندین توێژینەوەی جۆراجۆری لەسەر مێژووی كورد نووسیوە؛ ئەو لە تازەترین توێژینەوەیدا باسی لە كەزی و پەلکەی هێمای شاژن و جەنگاوەرانی پیاو و خانمان كردووە؛ ئەو لە سەرەتادا نووسیویەتی هەر ڕەگەزێكی نەریت و كولتووری ئەم نیشتمانە ڕەگێكی هەزاران ساڵەی هەیە، وەرن با چیرۆكی مێژووی كەزیتان بۆ بگێڕمەوە، هەر لە ڕۆژئاوای نیشتمان و ٤٢٠٠ ساڵ لەمەوبەر، وێنەی شاژن، شازادە كچە بچووك و گەورەكانی شانشینە دێرینەكەی شاری ئوركێشی گەلی دێرینی خوررییەكان، باپیرانی دێرینی ئەم نیشتمانە، لە ناوچەی قامیشلۆ چۆن لەسەر مۆرەكانیان وێنەی خێزانی شاهانەیان كێشاوە، شاژن و شازادەكان كەزییەكی درێژیان تا ناوشانیان بەر داوەتەوە. ئەمە نەریتێكی خەڵكی ئەم نیشتمانەیە و چوارهەزار ساڵە هەر كچان و ژنانی خەڵكی ڕەسەنی ئەم نیشتمانە پێوەی پەیوەستن.
لە بەشێكی دیكەی ئەو نووسینەیدا ئەو مێژوونووسەی كورد ئاماژەی بەوە داوە كە لە باشوری نیشتمانیش لە ناوچەكانی سلێمانی و شارەزوور و گەرمیان، پیاوانی جەنگاوەری گەلی دێرینی لوللوییەكان هەموویان كەزییان دەهۆنییەوە، كەزی لە گەرمیان پێی دەڵێن پەلك و پەلکە، لە باشوور و خۆرهەڵات پێی ئەڵێن (پرچی هۆندراوە). نەڕامسینی ئەكەدی لە هێرش و داگیركارییەكانیدا بۆ سەر چیاكانی قەرەداغ و سەگرمە، لە میلی سەركەوتنەكەیدا كە ئێستا دزراوە و وا لە مۆزەخانەی لۆڤەر لە پاریس، دیمەنی پیاوانی جەنگاوەری لوللوویی نیشان دەدات، كە هەموویان بە پاشا و شازادە و جەنگاوەرەوە كەزییەكی درێژیان بە ناوشانیاندا بەرداوەتەوە. دیمەنەكان لەبەرئەوەی بانگەشەی سیاسین، هەموو جەنگاوەرانی لوللویی خاوەن كەزیە بە كوژراو، بەزێندراو و شكستخواردوو نیشان دەدەن. كاتێك دیلە جەنگاوەرەكانی لوللوییەكانیان بە شارە ئەكەدی و سومەرییەكاندا دەگێڕا، وێنەی جەنگاوەرانی دیلی لوللویی بە كەزی درێژیانەوە دەگێڕدران و لە میلە بەردینێكدا لە نزیك ناسرییە دۆزراوەتەوە ئەو دیمەنانەش وێنا كراون.
د. دڵشاد زاموا دەشڵێت هەر ئێستا نییە گاڵتە بە كەزی جەنگاوەرانی ئەم نیشتمانە دەكرێ، كاتێك ئەكەدییەكان لە دوورگەی عەرەبییەوە هاتن و كەوتنە داگیركردنی چیاكانی زاگرۆس، وێنەی سەركەوتنی خۆیان وەك بانگەشەی جەنگ كێشاوە كە چۆن جەنگاوەرانی لوللویی خاوەن كەزی درێژ و پەلکەشۆڕ دەكوژن و لە چیاكانەوە فڕێیان دەدەنە خوارەوە.
ئاشورییەكانی دورگەی عەرەبیش كە لە نەینەوا جێگیربوون و، لە سەردەمی پاشا ئاشورناسرپاڵی دووەمیاندا لە نەمرودی پایتەختەوە لە ساڵی ٨٨٢پ.ز. هێرشیكردە سەر وڵاتی زاموا لە ناوچەی سلێمانی-شارەزوور و شارباژێڕ بۆ ئەوەی بێگاری و باج بەسەر خەڵكی ناوچەكەدا بسەپێنێ. هەروەك ئەم بیابانیانەی ئێستا ئەمیش شانازی بە كوشتن و سەربڕینی كچان و كوڕانی گەنجی شارە لوللوییەكانی ناوچەی سلێمانی دەكات، نووسەری شاهانە كە خۆی بەشدار و نووسەری ئەم ڕووداوانەبووە، گاڵتە بە پیاوانی لوللویی دەكات و ئەڵێت (وەك ژنان كەزییان و پرچیان هۆنیوەتەوە).
-چەندین سەدەی خەباتی شێخانی تەریقەت و دەروێشی خاوەن كەزی قەت نابێ لەبیر بكرێن.
ئەمە جگە لەوەی كە لەلای ژنانی كورد بڕینی كەزی و پەلك هێمای جەنگ و خەمباری و لە دەستدانی ئازیزان بووە. لەناو هۆزە كوردییەكاندا، ژنان و كچان لەگەڵ ناشتنی ئازیزانیاندا، كەزیەی خۆیان دەبڕی و لەسەر گۆڕی ئازیزەكەیان بەجێیان دەهێشت، وەك نیشاندانی قوربانی و خەمێكی قووڵ بۆ لەدەستچوونی ئازیزان و تەركی خۆشی دنیاكردن. بڕینی كەزیە و پەلكی كچە كوردێكی دیلی دەستی دوژمن، چەندێك ئازارێكی قووڵ بێت، دەبێت ببێتە بزوێنەری خەباتێكی نوێ، تێگەیشتن لەوەی كە ئەوانەی لە دەوری ئێمەن، چۆن دڕەندانە لە ئێمە دەڕوانن! چۆن ئەگەر بۆیان بلوێ پەلاماری خەڵك و خاكی ئەم نیشتمانە دەدەن! ئێمە هەردەم لە مێژووداین و هەموو جەنگ و ئاشتییەكی ئەم سەردەمەش هەر ڕەگەكەی بۆ مێژوو دەگەڕێتەوە.
گرنگە ئەم وەرچەرخانەی هەستی نیشتمانی، كاری نیشتمانسازییانەی بۆ بكرێ، چی تر، هەڵە و كرداری ئەحزاب پیرۆز نەبن، بە خۆداچوونەوەی قووڵ، بناغەی بەرنامەیەكی درێژخایەنی نەتەوەیی، پەروەردەكردن و كاركردن بۆ بەهێزكردنی هەموو تاك و پایەیەكی كۆمەڵگەی بەدوادا بێ، چیتر ئاڵای ئەحزاب، جێگەی ئاڵای شەكاوەی نیشتمان نەگرێتەوە،هۆنینەوەی پەلك، هۆنینەوەی هەزار پلان و پیلانی لەگەڵدابێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو دڕەندانەی لە دەورمانن، وەك دەبینن، ئەوان چۆن چەك و بڵندگۆی ڕاگەیاندنیان ڕوو كردووەتە ئێمە، ئێمەش دەبێ پێكەوە دیوارێكی پتەو بین، كەلێنەكان پڕ بكەینەوە، ڕابردووی دێرینی درەوشاوەمان لەگەڵ ئێستا و كاربۆداهاتوو بهۆنینەوە.

