رۆژنامەی ھەولێر

موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی: لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی کارەکانمان دەکەین و خزمەتەکانمان نە خێرە و نە منەتە

موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، ئاماری نوێی لەبارەی کۆمەکەکانیان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان خستەڕوو، ڕایگەیاند؛ تا ئێستا لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانیاندا لە رۆژئاوای کوردستان، 5582 لیتر نەوتیان دابەشکردووە.

سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەوەی خستەڕوو؛ وەک ئەرکێکی سەرەکی و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی هەولێر و دهۆک، تیمەکانیان توانیویانە پشکنین و چارەسەری پزیشکی بۆ 5582 کەس ئەنجام بدەن.
سەبارەت بە بوژاندنەوەی ئابووری و رەخساندنی دەرفەتی کار، سەرۆکی دەزگاکە روونی کردەوە،جگە لە کارمەندە پرۆفیشناڵەکان و ئەوانەی گرێبەستیان هەیە، لەو ماوەیەدا توانیویانە 655 دەرفەتی کار بۆ خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان دەستەبەر بکەن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی لەسەر پەیامی دەزگاکەیان کردەوە و گوتی: “لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی کارەکانمان دەکەین و پەیاممان ئەوەیە کە ئەو خزمەتانەی پێشکەشی دەکەین نە خێرە و نە منەتە، بەڵکو ئەرکێکە لەسەر شانی ئێمە بۆ خزمەتکردنی خوشک و براکانمان.”
هەروەها رایگەیاند، بە راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی بۆردی دەزگاکە، کارەکان بەشێوەیەکی پرۆفیشناڵانە بەڕێوەدەچن و لە ئایندەیەکی نزیکدا بە فەرمی ئۆفیسی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە رۆژئاوای کوردستان دەکرێتەوە، بۆ ئەوەی باشتر خزمەتگوزارییەکان بگەیەننە هاووڵاتییان.