فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ستایشی ڕۆڵی مرۆیی و نەتەوەیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد و ڕایگەیاند کە گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، هەنگاوێکی بێوێنە بوو بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی گەلی کورد.
دوێنێ، فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و خاتوو ئهڤین هروری ئهندامی كۆمیتهی ناوهندی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی بارەگای سەرەکیی دەزگای خێرخوازیی بارزانییان له ههولێر کرد و لەلایەن موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگاوە پێشوازی لێکران. لە دیدارێکدا، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوە کرد: “ئەوەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی تا ئێستا و ئهم دواییهش لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامی دا، کارێکی مرۆیی گەورە و بێوێنە بوو؛ لە هەمان کاتدا پەیامێکی قووڵی نەتەوەییە بۆ بەیەکەوە گرێدانی پێکهاتەکانی گەلی کورد.”
لە بەرانبەردا، موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، کورتەیەکی لەبارەی ڕەوشی مرۆیی و بارودۆخی ئاوارەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان خستە ڕوو. ناوبراو ڕوونی کردەوە کە تیمەکانیان توانیویانە لە ماوەیەکی پێوانەیی و کەمدا، بڕێکی یەکجار زۆری پێداویستی و هاوکاریی مرۆیی بگەیەننە ناوچەکە و بەسەر لێقەوماوان و ئاوارەکاندا دابەشی بکەن.
ئەم سەردانەی فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چوارچێوەی سوپاس و پێزانین و پشتیوانیکردنی ئەو هەوڵە مرۆییانەدایە کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەک ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی و نیشتمانی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و ناوچەکە پێشکەشی دەکات.

