رۆژنامەی ھەولێر

نوێکردنەوەیەکی خۆکاری وۆردپرێس شکستی هێنا لە تەواوبوون! تکایە بەڕێوەەری ماڵپەڕ ئاگادار بکەوە.

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ژمارەی ئەو واژۆیانەی لە ماڵپەڕی change.org بۆ پاڵپشتی لە پڕۆژەیاساکەی لیندسی گراهام سێناتۆری بەناوبانگی کۆماریخواز کۆ کراونەتەوە گەیشتۆتە نزیکەی چوار سەد هەزار کەس. لیندسی گراهام سێناتۆر و سیاسەتمەداری کۆماریخواز لە پڕۆژەیاساکەیدا داوای پاراستنی کورد و سزادانی ئەوانەی کردووە پەلاماری کورد دەدەن.

لە سەرەتای ئەمساڵ گەڵ دەستپێکردنی هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە حەلەب و پاشان بەرفراوانتربوونی هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە دێرەزۆر و ڕەقە و تەنانەت هەندێک ناوچەی تر، لیندسی گراهام یەکەم کەس بوو لە کۆنگرێس وەک دەنگێکی بوێر زۆر بە ڕاشکاوی پاڵپشتیی خۆی لە کورد ڕاگەیاند و هەڕەشەی لە حکوومەتی سووریا کرد ئەگەر درێژە بەو دەستدرێژییانە بدات و بیهەوێت زیان بە کورد بگەیەنێت ئەوا سەرجەم سزاکانی پێوەندیدار بە قەیسەر لە دژی سووریا زیندوو دەکاتەوە.
هەڵوێستەکەی لیندسی گراهام هەر بە قسە نەوەستا و بەڵکوو هەنگاوی پراکتیکی بۆ نا و کار گەیشتە ئەوەی لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسایەک دەسەڵاتی یاسایی خۆی لە کۆنگرێس بەکار بهێنێت و داوای پاڵپشتیکردن لە کورد بکات.
ئەو زۆر بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند دەستبەرداربوون لە کورد، کە هاوپەیمانی سەرەکی بووە لە تێکشاندنی خەلافەتی داعش، دەبێتە کارەسات بۆ ناوبانگ و بەرژەوەندییە تەناهییەکانی ئەمریکا و مایەی ئابڕووچوونە بۆ ئەمریکا، پشت لە هاوپەیمانێکی گرنگی وەک کورد بکات کە بە هەزاران کەسیان لە شەڕی دژی داعش فیدا کردووە و بۆیەش هەڕەشەی کرد سزای توند بەسەر هەر حکوومەت یان گرووپێکدا دەسەپێنرێت کە کە بەشداری بکات لە کردەوەی دوژمنکارانە دژی کورد.
لە ڕۆژانی ڕابردوو بە سەدان هەزار کورد واژۆیان لەسەر ئەو پاڵپشتییە کردووە کە گراهام بۆ کورد دەری بڕیوە و ژمارەی ئەو واژۆیانە تا زیاتر ببن ئەوا کاریگەری دەبێت لەسەر بەهێزترکردنی لۆبی بۆ سەرخستنی پڕۆژەیاساکەی لیندسی گراهام.
لیندسی گراهام خۆیشی لە چوارچيوەی ئەو پێگە و هەژموونەی لە کۆنگرێس هەیەتی سەرنجی ژمارەیەکی زۆر لە سێناتۆرەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و پەسندکردنی پڕۆژەکە پێگەی سیاسیی کورد بەهێزتر دەکات و وا دەکات دوژمنان بە ئاسانی نەتوانن هێڵە سوورەکانی کورد ببەزێنن و زیانی پێ بگەیەنن.
ئەوەی لە هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ پڕۆژەیاساکەی لیندسی گراهام جێی تێڕامانە ئەوەیە خەڵکێکی زۆری کورد ئاگای لەو ماڵپەڕە و ئەو هەڵمەتە نییە دەستی پێ کردووە و ئەو ژمارە واژۆیەی کۆ کراوەتەوە ناگاتە لەسەدا یەکی دانیشتووانی کوردستان لە هەرچوار پارچە و دەرەوەی وڵات.
بە گریمانەی ئەوەی ژمارەی دانیشتووانی کوردستان لە هەمووو گۆی زەوی نزیک بێت لە پەنجا ملیۆن کەس ئەوا ئەگەر یەک ملیۆن واژۆش کۆ بکرێتەوە ئەوجا دەگاتە لەسەدا دووی دانیشتووانی کوردستان.
رۆژنامەی هەولێر داوا لە هەموو هاووڵاتییەکی نیشتمانپەروەر دەکات تەنیا یەک خولەک لە کاتی خۆیان بۆ ئەو پاڵپشتییە تەرخان بکەن و بەشدار بن لەو هەنگاوە نیشتمانیی. دوای ئەوەی ماڵپەڕەکە دەکەنەوە کە بە ناونیشانی change.org ە و ناو و ئیمەیلی خۆیان بنووسن واژۆی ئەو داواکارییە بکەن کە فیدراسیۆنی ڕەوندی کوردی لە ئەمریکا ئامادەی کردووە.
ئەو جۆرە خەباتە مەدەنییە بایەخێکی یەکجار زۆری هەیە و دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ سەرخستنی بەشێک لە ویست و داخوازییەکانی گەلی کورد لە ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
بۆ نمووونە یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی هاندەرانی یانەی زاخۆ بۆ پێشبڕکێیەکەی فیفا پەیوەندی بەو هەڵمەتە لە واژۆ کۆکردنەوەیە هەبوو کە لە کوردستان کرا و تەنانەت سەرکردە و ڕێبەری حزبە سیاسییەکان پاڵپشتییان لێی کرد و هانی خەڵک و جەماوەری خۆیان دا واژۆی پلاتفۆرمەکە بکەن و ناوی هاندەرانی زاخۆ تۆمار بکەن، بە خۆشییەوە دواجار هاندەرانی زاخۆ پلەی یەکەمی لە ئاستی هاندەرانی سەرجەم یانەکانی جیهان مسۆگەر کرد.
پاڵپشتیکردن لە سەرخستنی پڕۆژەکەی لیندسی گراهام بایەخەکەی زۆر زیاترە و دەتوانێت ببێتە هۆی پارێزگاریکرردن لە کورد نەک لە سووریا بەڵکوو لە هەر چوار پارچەی کوردستان. بە لەبەرچاوگرتننی ئەگەری ئەوەی تۆم باراک دۆسیەی عێراقیش بەدەستەوە بگرێت کورد پێویستی بەوە هەیە بەپشتبسەتن بە دۆستەکانی لە کۆنگرێس و دامەزراوەکانی دیکەی ئەمریکا و وڵاتانی جیهان، ڕێگری لەوە بکات هەندێک پلانی خراپ لە دژی کورد جێبەجێ بکرێن. جگە لەمە راستە دیمەشق و بەڕێوەبەریی خۆسەر رێککەوتوون بەڵام هیچ گەرەنتییەکی دەستووری نییە رووداوە تاڵەکانی مانگی رابردوو دووبارە نەبنەوە.