رۆژنامەی ھەولێر

دانایی سەرۆک بارزانی تەنیا لە ئاستی سیاسی نەبوو، بەڵکو هاوتەریب بوو لەگەڵ یەکگرتوویی گەلی کورد

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەھاناوەچوونی ڕۆژئاوای کوردستان لەسەر ئاستی کوردستان و جیھان بەردەوامە، یەکھەڵوێستی نیشتمانی و ڕۆڵی سەرۆک بارزانی بۆ پشتگیریکردن لەو بەشەی کوردستان بەرزدەنرخێندرێت، جوولە دیبلۆماسییە داڕێژراوەکانی سەرۆک بارزانی لە ماوەی ڕابردوودا کە جەختیان لەسەر دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ و ڕاگرتنی ململانێکان لە کوردستانی ڕۆژئاوا دەکردەوە، ھەر زوو ئەنجامی بەرچاویان لێکەوتەوە، ئەمەش لەڕێگەی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی و پاراستنی بوونی کورد و کەمکردنەوەی گرژییەکان. چاودێران، جەخت دەکەنەوە، ئامادەیی سیاسی و مرۆیی سەرۆک بارزانی چەندین جار ھاوکار بووە لە ئاراستەکردنی ڕووداوەکان بەرەو کەناری ئارامی و بەھێزکردن و ئومێد بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان.

بەڕێگای ھاوکاری مرۆیی و یەکھەڵوێستی نیشتمانی لە ھەرێمی کوردستان بەردەوام ھاوکاری ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێت، ڕۆژانە کاروانی ھاوکاری لەڕێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەگەنە ڕۆژئاوا و بەسەر ئاوارەکان دابەشدەکرێن.
ساڵح ئیبراھیم، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ئەوەی سەرۆک بارزانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، بەتایبەتی لەم دواییانەدا کردی و پێشتریش لە پارچەکانی تری کوردستان بۆ پڕۆسەی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە گێڕاویەتی، ڕاستەوخۆ ئەو ڕاستییەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە سەرۆک بارزانی مەرجەعی نەتەوەیی و نیشتمانیی گەلی کوردستانە.
ئەو چاودێرە، دەشڵێ: سەرۆک بارزانی ھەموو کات پشتگیری ڕۆژئاوای کردووە، پێش ١٢ ساڵ حزبەکانی ڕۆژئاوای لە دەوری یەکدی کۆکردەوە بۆ ئەوەی پێکەوە بگەنە ڕێککەوتن و پێکەوە ڕۆژئاوای کوردستان بپارێزن، بۆ ئەوەش چەندین ڕێککەوتن کراون، دواتر دوای ھاتنی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ سەرۆک بارزانی پێشمەرگەی ڕەوانەی کۆبانی کرد و توانی شارەکە ئازاد بکات، جگە لەوەی چی پێویست بوو بۆ پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستانی کرد، ئێستاش کە ڕۆژئاوا لە مەترسیدایە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھێنایە سەر خەت و ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی گێڕاو و توانی ڕۆژئاوا بپارێزێت، بۆیە ھەڵوێستی سەرۆک بارزانی بۆ پشتگیریکردن لە ڕۆژئاوای کوردستان بە خاڵێکی گرنگ و بەھێز دادەنرێت، لەگەڵ شەڕ و ئالۆزیەکان و ئاوارەبوونی خەڵک لە یەکەم ڕۆژەوە دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕاسپارد ئەوەی بۆ ئاوارەکان پێویست بێت بکرێت، بەوەش سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە کە سەرکێشی دۆزی نەتەوەی کوردە، ھەر ئەوەش وای کرد کە ھەموو جیھان لە دەرگای سەرۆک بارزانی بدەن بۆ چارەکردنی شەڕ و ئالۆزیەکانی ڕۆژئاوا.
موسلیح سەدیق، مامۆستای زانکۆ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: سەرۆک بارزانی ئەو پەڕی خەمخۆرانە ڕۆڵی دیبلۆماسی خۆی لە ناوەندە جیھانییەکان گێڕا و پەیوەندی بە ناوەندە نێودەوڵەتییەکانەوە کرد و ھەمووانی ھێنایە سەر خەت بۆ ڕاگرتنی ئەو شەڕەی ڕۆژئاوا، بۆیە ڕۆڵی بەڕێزیان خەمخۆرانە بوو، وەکو باوکێکی دڵسۆز بۆ منداڵەکانی، ئەوەش جێگەی خۆی گرت و ئێستاش ڕۆژبەڕۆژ بارودۆخی ئەو بەشەی کوردستان ئاسایی دەبێتەوە.
ئەو مامۆستایە، دەشڵێ: دانایی سەرۆک بارزانی تەنیا لە ئاستی سیاسی نەبوو، بەڵکو ھاوتەریب بوو لەگەڵ یەکگرتوویی گەلی کورد و پشتەوانی مرۆییە بەرفراوانەکان کە خۆی لە گەیاندنی ھاوکارییە فریاگوزارییەکان بۆ کوردستانی ڕۆژئاوا بینیەوە دیارترینیان کاروانەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بوون، کە توانیان بگەنە ناوچە گەماڕۆدراوەکان لەوانەش شاری کۆبانێ بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئازارەکانیان.
بارزان وەھاب، شرۆڤەکاری سیاسی، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: ھەرێمی کوردستانیش وەک قەوارەیەکی دەستووری لەژێر ڕابەڕایەتی سەرۆک بارزانی بۆتە ناوەندێکی سیاسی گرنگ بۆ ھەموو گەلی کورد کە لە ھەر کونجێکی ئەم جیھانە بێت و لێرەوە ھەم شەڕی مافەکانی کورد دەکرێت و ھەمیش بۆتە دەرگایەک بۆ بە ھاناوەچوونی پارچەکانی دیکەی کوردستان کاتێک تووشی دۆخێکی ناھەموار دەبنەوە، ڕۆڵ و پێگەی سەرۆک بارزانی لە ڕابردوو و مێژووی سیاسی خۆیدا کاریگەری تەواوی ھەبووە، چونکە سەرۆک ھەمیشە داکوکیکارێکی سەرسەخت بوو لە چەسپاندنی ئاشتی و دوورکەوتنەوە لە شەڕ و کوشتن و ئەو کێشە و ئالۆزیانەی کە ناوچەکە دەگرێتەوە بەتایبەتی کە دەیانەوێت بەسەر میللەتی کورد بچەسپێنن، لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا بینیمان لە کوردستانی ڕۆژئاوا ئەو ڕووداوەی کە ڕوویدا بووە جێگەی نیگەرانی ھەموو ئاشتیخوازانی دونیا بەتایبەت کوردستانیان، ڕۆڵ و پێگەی سەرۆک بارزانی زۆر بە گرنگی دەرکەوت و ھەوڵێکی تەواوی دا بۆ ئەوەی کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن و دوور بکەونەوە لەو شەڕ و ئەو کێشە و ئالۆزیانەی کە ناوچەکەی گرتۆتەوە.
شەھین تەحسین، چالاکوانی سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: سەرکردایەتی سیاسی کورد لە ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی سەرۆک بارزانی لەگەڵ ئەوە بوو کە پێویستە پاڵپشتی خوشک و براکانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەین، ھەروەھا لە ھەمان کاتدا کار بکرێت بۆ ئەوەی شەڕی نێوان کورد و عەرەب ڕوونەدات، بەڵکو ھەموو ھەوڵێک بدرێت بۆ ئەوەی بە دیالۆک کێشەکان لە نێوان کورد و عەرەب چارە بکرێن، وەکو ئەوەی ئێستا کە ڕێککەوتنێک ھاتووتە ئاراوە بۆ چارەکردنی کێشەکان، ھەروەھا کار بکرێت بۆ ئەوەی مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان لە چوارچێوەی دەستوورێکدا بچەسپێن لەبەر ئەوەی دەزانین ئەو خەبات و بەرخودانەی کە گەلی کورد لە ڕۆژئاوا کردوویەتی بەتایبەتی بەناوی کوردەوە بەرگری کردووە لە مرۆڤایەتی دەبێت ئەمڕۆ پاداشتی ئەو بەرگری و قوربانیدانە بدرێتەوە، ھەر ھیچ نەبێت ئاشتی بگەڕێتەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، بۆیە لای ھەموومان و لەسەر ئاستی ناوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتیش ڕوونبوویەوە کە پارێزەری ئاشتیی ناوچەکە سەرۆک بارزانییە، کوردستان، خەڵک و ھەموو دنیاش تەنیا ئەو وەک ڕێبەری گەلی کوردستان دەبینن، ئەمەش مێژوو و حەقیقەتەکانی ژیان گەواھیی بۆ دەدەن.
نیاز حاجی، نووسەر و چالاکوان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: بۆ دۆست و نەیار ئەو ڕاستیە سەلما کە ڕابەر و مەرجەع و پشت و پەنای کورد سەرۆک بارزانییە، نەک تەنھا بۆ ھەرێمی کوردستان، بەڵکو بۆ پارچەکانی تریش، ئەمەریکا، ئەوروپا و وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەراستیش تەنیا سەرۆک بارزانی دەناسن و بەکردەوە وەک ڕابەر و مەرجەعی کوردان بۆی دەگەڕێنەوە و ھەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکەن.
ئەو نووسەرە، ئەوەشی گوت: بۆ ھەموو لایەک ڕوونبوویەوە کە لە ژێر ڕابەرایەتی سەرۆک بارزانی ئەو ھەرێمەی خۆمان چەندە گرنگە بۆ کورد، ئەم ھەرێمە تەنیا پارچەی کوردستانە کە فەرمیە و دەتوانێ بەھانای پارچەکانی تر بچێت کاتێک کورد لێی دەقەومێت و دەشبێتە پشت و پەنا بۆیان.