رۆژنامەی ھەولێر

فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان پاڵپشتی و پشتیوانی بۆ هێزی پێشمەرگە

لە کۆبوونەوە و دیداری وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، بەردەوامی پاڵپشتی و پشتیوانیەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکای بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان دووپاتکردەوە.

ئەمڕۆ ٣ـی شوباتی ٢٠٢٦ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ فیتزگیڕاڵد،فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان کرد.

لەو کۆبوونەوەیەدا، کە عبدالخالق بابیری، بریکاری وەزارەت تێیدائامادەبوو. وەزیری پێشمەرگە ڕۆڵی گرنگی هێزەکانی هاوپەیمانان و لە ناویشیاندا هێزەکانی ئەمریکا لە پاڵپشتی و پشتیوانیان بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و پرۆسەی چاکسازی بەرزنرخاند. وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند:’ستایشی ڕۆڵی باڵای ئەمریکا و هاوپەیمانان دەکەین بۆ هاوکارییە بەردەوامەکانیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، هیوادارین پاڵپشتیەکان لەم ساڵدا فراوانتر ببن’.
چەند پرسێکی گرنگ و پەیوەست بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان، دەسەڵاتە کارگێڕی و دارایی و یاساییەکانی فەرماندەی دەڤەری یەک و دوو، گفتوگۆمان لەبارەوە کرد.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری پێشمەرگە و فەرماندەی هاوپەیمانان باسیان لە دۆخی ئەمنی ناوچەکە و دوایین گۆڕانکارییەکان کرد – بە تایبەتی پرسی ئێستای سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان؛ پێویستی هاوپەیمانان و ئەمریکا لە چاودێری دۆخی سوریا و جێبەجێکردنی ڕێکەوتنامەکەیان و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هەر هێرش و پەلامارێک؛ پاراستنی مافەکانی کورد لە چوارچێوەی دەستوورێکی هەمیشەییدا.

کۆڵۆنێڵ فیتزگیراڵد، دوای ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی و گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکەی، بەردەوامی پاڵپشتی و پشتیوانیەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکای بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان دووپاتکردەوە. دڵخۆشی خۆی دەربڕی کە پرۆسەی چاکسازی بەردەوامە، و هیوای خواست هەوڵەکان چڕتر بکرێنەوە بۆ لابردنی هەر کۆسپ و تەگەرەیەکی بەردەم پرۆسەکە.