رۆژنامەی ھەولێر

رامۆس پرۆژەیەكی هەیە و زەحمەتە بگەڕێتەوە یاریگەكان

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

سێرخیۆ رامۆس بەرگریکاری پێشووی یانەکانی سێڤییا ریاڵ مەدرید و هەروەها پاریس سانجێرمان، دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی مۆنتیری مەکسیکی، ئەستەمە جارێکی دیکە بگەڕێتەوە یاریگاکان، ئەو یاریزانەی پێشووی هەڵبژاردەی ئیسپانیا ئێستا خەریکی مامەڵەیەکە بۆ کڕینەوەی یانەی سێڤییا و ئامادەیە ئەو یانەیە بەرامبەر 450 ملیۆن یۆرۆ بکڕێتەوە.
دوای بڵاوبونەوەی دەنگۆی گواستنەوەی سێرخیۆ رامۆس لەلایەن یانەی قوەجەوییەی عێراقی، ئەمجارەیان دەنگۆیەکی دیکەی بڵابووەتەوە و پێدەچێت لە چەند رۆژی داهاتوو ئەو یاریزانەی پێشووی یانەکانی ریاڵ مەدرید و پاریس سانجێرمان ببێتە خاوەن یانەی خۆی.
بەگوێرەی میدیایەكانی عەرەبی عێراقی، یانەی قوە جەوییە تا دوایین ساتەكانی داخستنی دەرگەی گواستنەوەی یاریزانان لە هەوڵەكانی بۆ گواستنەوەی سێرخیۆ رامۆس بەردەوامە، ئەمەش لە كاتێكدایە رۆژی پێنجشەممە بە فەرمی دەرگای گواستنەوەی یاریزانان دادەخرێت.
سێرخیۆ رامۆس ژیانی پیشەگەری لە ساڵی 2004 لەگەڵ یانەکەی سێڤییا دەستی پێکرد، دوای نزیکەی ساڵێک یاریکردن بۆ ئەو یانەکە دواجار لە ساڵی 2005 ریزەکانی ئەو یانەیەی بەرەو ریاڵ مەدرید جێهێشت و دوای ساڵانێکی زۆریش لە ساڵی 2023 گەڕایەوە ئەو یانەیە، ئێستاش رامۆس سەرقاڵی کڕینەوەی یانەکەی پێشوویەتی.
رامۆس کاروانی یاریکردنی هەر لەگەڵ یانەی سێڤییا بووە، ئەو یاریزانە لە ساڵی 2002 لە تیپی خوار 19 ساڵانی یانەکەی گواسترایەوە بۆ تیپی دووەمی ئەو یانەیە، دواجار لە ساڵی 2004 بەهۆی ئاستە بەرزەکەی، بڕیاردرا بانگهێشتی تیپی یەکەمی یانەی سێڤییا بکرێت.
بەرگریکارەکەی پێشووی یانەکەی هەرێمی ئەندەلوس، ماوەیەکە سەرقاڵی کڕینەوەی یانەکەی پێشووی واتە سێڤییا، بەم دواییەش لەگەڵ سندوقێکی وەبەرهێنان لەسەر هێلە بۆ کڕینەوەی ئەو یانەیە و چاوەڕێش دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوو ئەو یانەیە بکڕنەوە.
رۆژنامەی وەرزشی مارکای ئیسپانی زانیاری دەستکەوتووە، رۆژی پازدەی مانگی رابردوو سێرخیۆ رامۆس هاوتا لەگەڵ براکەی کە بەرێوەربەری کارەکانیەتی، کۆبونەوەیەکی لەگەڵ کارگێڕی یانەی سێڤییا هەبووە و یەکەم ئۆفەریشیان بۆ کڕینەوەی ئەو یانەیە 450 ملیۆن یۆرۆ بووە.
مارکا بڵاویشی کردەوە بێجگە لە سێرخیۆ رامۆس دوو گەورە کۆمپانیای ئەمریکیش لەسەر هێڵن بۆ کڕینەوەی یانەی سێڤییا، بۆیە تاوەکو ئێستا چارەنوسی ئەو یانەیە یەکلایی نەبووەتەوە و خودی رامۆسیش چاوەڕێ دوو لایەنەکەی دیکە دەکات.