كارزان گلی – ههولێر
ئاڵپئەرسەلان بەیرەقدار، وەزیری وزە و سەرچاوەكانی توركیا رایدەگەیەنێت، لە ٢٠٢٦دا، لە تەواوی توركیادا ٨ملیۆن ماڵ، بە گازی سروشتی توركیا گەرم دەبنەوە، بەرنامەشیان هەیە تا ٢٠٢٨، لە تەواوی توركیادا ١٧ملیۆن ماڵ بە گازی سروشتی توركیا گەرم ببنەوە و بەكاری بهێنن.
بەیرەقدار، لە كاتی سەردانیدا بۆ شاری هەتای توركیا، چاوی بە بەرپرسانی ئەو وڵاتە كەوت و پاشان لەبارەی پێداویستی هاووڵاتیان قسەیان كرد و یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی خەڵك ئەوە بووە، بەم زستانە ناتوانن ماڵەكانیان گەرم بكەنەوە، چونكە پارەی گازی سروشتی بۆ گەرمكردنەوەی ماڵەكانیان زۆر زۆرە. بایراكتار ئاماژەی داوە، لە ٢٠٢٦دا، لە تەواوی توركیادا ٨ ملیۆن ماڵ، بە گازی سروشتی توركیا گەرم دەبنەوە، بەرنامەشیان هەیە تا ٢٠٢٨، لە تەواوی توركیادا ١٧ملیۆن ماڵ بە گازی سروشتی توركیا گەرم ببنەوە و بەكاری بهێنن.
لە بەشێكی تری قسەكانیدا رەخنەی لە شارەوانییەكانی سەر بە جەهەپە گرت، كە بەردەوام رەخنە لە حكوومەت دەگرن و دەڵێن، نرخی كارەبا و گازی سروشتییان بەرز كردووەتەوە، بایراكتار دانی پێدا دەنێت نرخی كارەبایان ٤٣٪ زیاد كردووە، بەڵام رەخنەش لە شارەوانییەكانی جەهەپە دەگرێت، كە نرخی ئاویان ٣٥٠٪ زیاد كردووە.
بەیرەقدار دەڵێت: ”شارەوانییەكانی سەر بە جەهەپە زۆر خراپن و كار ناكەن، تەنانەت ئەو پاسانەی بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان دابین كراوە كار ناكەن، ئاو گرانە و خزمەتگوزاری وەكوو پێویست نییە و زبڵ و خاشاكیش باش كۆ ناكەنەوە، كەچی دێن رەخنە لە حكوومەت دەگرن پارەی كارەبای زیاد كردووە.“
شانازیش بەوەوە دەكات، لەسەر فەرمانی سەركۆماری توركیا، تەواوی شارەكانی توركیا كە ٨١ شارە، گازی سروشتیان بۆ ماڵان راكێشاوە و دەڵێت لە ٢٠٠٥، تەنیا لە پێنج شاری توركیا گازی سروشتی هەبوو، بەڵام ئێستا لە تەواوی توركیا گازی سروشتی بۆ ماڵان دابین كراوە.
بەگوێرەی گوتەی بەیرەقدار توانیویانە گازی سروشتی لە قوڵایی دەریای رەش بدۆزنەوە، لەكاتێكدا پێشتر پێیانیان دەگوت چۆن لە قووڵایی دەریاوە گازی سروشتی دەدۆزنەوە و دەڵێت ”ئەو گازە سروشتییەی ئێستا بۆ ٨ملیۆن ماڵی دابین دەكەین، گازە سەوشتیەکەی خۆمانە و بەردەوام دەبین لە دۆزینەوەی گازی سروشتی. ئابووری توركیا بەهیزە، نموونەش بۆ ئەمە، كە ٢٠٢٣ بوومەلەرزە لە توركیای دا ١٠٠ ملیار دۆلار زیانمان پێگەیشت، بەڵام چونكە سندوقمان پارەی تێدا بوو، بۆیە توانیمان ئەو بڕە پارەیە دابین بكەین و لە هیچ وڵاتێكی قەرز نەكەین، ئەمەش مایەی دڵخۆشییە.“
وەزیری وزەی توركیا دان بەوەدا دەنێت، لە باكووری كوردستان نەوتێكی زۆریان دۆزیوەتەوە و بەرنامەیان هەیە لەمەولا نەوتی زیاتر لە باكووری كوردستان بەرهەم بهێنن و بیخەنە خزمەتی هاووڵاتیان.
ئەو شارانەی نەوتی تێدا دۆزراوەتەوە لە باكووری كوردستان ئەمانەن (چای گابار، ئامەد، سیرت، هەكاری، باتمان، ئادیەمان).
داهاتی نەوت و گازی سروشتی لە توركیا تاوەكوو ئێستا ئاشكرا نەكراوە، بەڵام بەیرەقدار ئاشكرای دەكات، ئێمە بە چ پارەیەك دەتوانین هاوكاریی هاووڵاتیان بكەین، بۆ نموونە هەر هاووڵاتییەك لە توركیا ئەگەر پارەی كارەبای مانگانە دووهەزار لیرەی بۆ بێتەوە، ئێمە وەكوو حكوومەت ٩٠٠ لیرەی بۆ دەدەین، ئەو پارەیە لە داهاتی نەوت و گازی سروشتییە.

