رۆژنامەی ھەولێر

شۆڕشی كـــــــەزی جیهانی گرتەوە

كارزان گلی – هه‌ولێر

زۆرجار لەناكاو بابەتێك دەبێتە هێما و میللەتان شانازیی پێوە دەكەن، بۆ نموونە كەزی، ئەو هێمایەی لە بەشێكی زۆری وڵاتانی جیهان، ئافرەتان بۆ پشتگیریكردن لە ئافرەتی كورد پرچی خۆیان دەكەن بە كەزی، بۆیە كەزی، وەكوو هێمایەكی جوان و بەبایەخی كورد وێنا كرا و شۆڕشی كەزییش هەر بە ناوی كوردەوە دەچێتە مێژوو.

شۆڕشی كەزی، تەواوی جیهانی گرتەوە، لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، وەكوو پشتگیرییەك بۆ ئافرەتی كورد، ئافرەتان پرچی خۆیان دەكردە كەزی، بەڵام ئەم شۆڕشە مەدەنییە لە توركیا سزای قورسی لەسەرە و دەتخەنە زیندانەوە.
دوای ئەوەی سەربازێكی دیمەشق، كەزی شەڕوانێكی ئافرەتی دوای شەهیدبوونی لێ كردەوە و وەكوو سووكایەتییەكیش لە سۆشیال‌میدیا بڵاوی كردەوە، بۆ وەڵامدانەوە ئەو كردەوە دڕندانەیە، هەزاران ئافرەتی كورد، پرچی خۆیان كردە كەزی و بە دروشمی (ئێوە كەزییەك دەبڕن، ئێمە ملیۆنان دەهۆنینەوە)، وەڵامی ئەو سەربازەی دیمەشقیان دایەوە. پاشان كەزی بە جیهاندا بڵاو بووەوە و لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، ئافرەتان بۆ پشتگیری لە كورد، پرچی خۆیان كردە كەزی.
رەنگە لە بەشێكی زۆری وڵاتان، ئافرەت پرچی خۆی بکاتە كەزی، یان پرچی منداڵەكەی بكاتە پەلکە، ئەو كەزیكردنە وەكوو بابەتێكی رۆتینی لێك دراوەتەوە، بەڵام ئەمجارەیان ئافرەتی كورد كەزی لە بابەتێكی رۆتینی هێنایە دەرەوە و وەكوو هێمایەكی بەرخودان بە جیهاندا بڵاوی كردەوە، بۆیە كەزی بۆ تا هەتایە بە ناوی كورد و هێمایەکی بەرخودان دەمێنێتەوە.
لەناو پەرلەمانی توركیا، بەشێكی زۆری پەرلەمانتارانی دەم پارتی، پرچی خۆیان كردە كەزی، ئەمەش وەكوو پاڵپشتییەك بۆ ئافرەتانی كورد، بەڵام لە دەرەوەی پەرلەمان، هەر ئافرەتێك پرچی خۆی كردبێتە كەزی، دەستگیر كراوە.
تاوەكوو ئێستا زیاتر لە ١٠ ئافرەت بەهۆی ئەوەی پرچی خۆیان كردووەتە كەزی، لە توركیا دەستگیر كراون، بەشێكیان سزای ئابوورییان بەسەر سەپێنراوە و ئازاد كراون، بەشێكی تریش ئازاد نەكراون.
ئافرەتانی كورد لە تاراوگە، بە هەزارانیان پرچی خۆیان كردوەتە كەزی، دژی حكوومەتی توركیا قسە دەكەن، بەوەی لە كەزی ئافرەتی كورد دەترسێت بۆیە رێگە نادەن ئافرەتی كورد پرچی كەزی بكات و لە سۆسیال میدیا بڵاوی بكاتەوە.
چەند میدیایەكی توركیا، لەبارەی كەزی و پەلکەوە قسەی بێبنەما دەكەن، دەڵێن پێویست ناكات كەزی ببێتە مڵكی ئافرەتی كورد، چونكە كەزی لە بنەڕەتدا ئافرەتی تورك كردوویەتی، بۆیە مەیكەنە مڵكی كورد، تەنانەت مامۆستایەكی زانكۆی توركیش ئەوە بۆچوونی بوو.
بەڵام ئەحمەد نەسین، لێكۆڵەری سیاسی لە توركیا، وەكو گاڵتەیەك بەو میدیایە و ئەو مامۆستایەی زانكۆ، دەڵێت هیچتان پێ ناڵێم، تەنیا دەڵێم خوا ئەقڵتان بداتێ.
ئامەد سپۆر، لە یارییەكدا لەناو یاریگە رێزی لە كەزی نا و لەسەر شاشەیەكی گەورە پەلکەی ئافرەتی كوردی نیشان دا و خەڵكیش بە حەماسەوە پشتگیریی خۆیان بۆ كەزی دەربڕی، بەڵام فیدراسیۆنی تۆپانێی توركیا، هەرزوو ئامەد سپۆری سزا دا.
ناهید ئێرین سەرۆكی یانەی ئامەد سپور، لەلایەن فیدراسیۆنەوە سزایەكی قورس درا، ئەویش ١٥ رۆژ دوورخستنەوەی بوو لە ئامەد سپۆر، جیا لەوەش ئامەد سپۆریان تۆمەتبار كرد بەوەی بانگەشەی بۆ تیرۆر كردووە.
لە هەموو دنیادا شۆڕشی كەزی بووەتە یەكێك لە شۆڕشە مەدەنییەكان و ئافرەتان شانازیی پێوە دەكەن، كەچی لە توركیا هەر ئافرەتێك پرچی بكاتە كەزی و لە سۆسیال میدیا بڵاوی بكاتەوە، تۆمەتی تیرۆری دەخەنە پاڵ.
شۆڕشی كەزی بۆ هەموو دنیای سەلماند، ئافرەتی كورد بوێرە و شان بە شانی پیاو بۆ رزگاری خاكی خۆی دەجەنگێت، بۆیە سووكایەتی بە ئافرەتی كورد، بەو جۆرە وەڵام دەدرێتەوە كە ببێتە مایەی شانازی بۆ هەموو دنیا.
لەسەر قەڵای هەولێری پایتەخی هەرێمی كوردستان، درێژترین كەزی هەڵواسرا، كاتێك هەڵواسرا بووە هەواڵی بەشێكی زۆری میدیاكانی ناوەخۆ و جیهانی، هەزاران كەسیش هاتن وێنەیان لەگەڵ ئەو كەزییە درێژەدا گرت.
هەروەها بەبڕیاری پارێزگاری هەولێر، هەر وەكوو رێزگرتن لە كەزی، شەقامێكی هەولێر بەناوی كەزییەوە كرا و لە سلێمانیش پەیكەرێكی گەورەی كەزی دروست كراوە و لە شوێنێكی گرنگی ئەو شارە دادەنرێت.
لە دیاسپۆراش هەزاران ئافرەت و پیاوی كورد، گرنگییەکی زۆریان بە كەزی داوە، لەلایەن پرچی ئافرەتی خۆیان یان كچ و دایكیان بە كەزییەوە لە سۆشیال‌میدیا داناوە، لەلایەكی تریشەوە لە كاتی بەشداریكردنیان لە خۆپیشاندان بۆ بەرگری لە رۆژئاوای كوردستان، هەزاران وێنەی كەزی و پەلکەیان چاپ كردبوو و نیشانیان دەدا.
شۆڕشی كەزی بەردەوامە و بۆ هەتا هەتایەش مێژوو دەینووسێتەوە، كە میللەتی كورد بووە كەزی و پەلکەی كردە هێمای بەرخودان و بەرگری و رێزگرتن لە ئافرەت.