رۆژنامەی ھەولێر

لقی ٦ی ئەوروپا یادی ٣٩ ساڵەی کۆچی ئیدریس بارزانی و شەهیدانی ١ی شوباتی کردەوە

لە مەراسیمێكی شایستەدا و بە ئامادەبوونی نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكان، كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی كوردی، فەرماندە تێكۆشەرەكانی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و ژمارەیەكی زۆر لە كوردستانیانی دیاسپۆرا، لە بارەگای لقی ٦ی ئەوروپای پارتی دیموكراتی كوردستان، یادی ٣٩ ساڵەی كۆچی دواییی ئەندازیاری ئاشتی و تەبایی، كاك ئیدریس بارزانی و شەهیدانی ١ی شوبات بەرز ڕاگیرا.

لە مەراسیمەكەدا، سەرهەد غەفووری، بەرپرسی لقی ٦ی ئەوروپای پارتی، وتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا تیشكی خستە سەر ڕۆڵی مێژوویی و دیپلۆماسیی كاك ئیدریس بارزانی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستاندا. ئاماژەی بەوەش كرد كە كاك ئیدریس وەك دیپلۆماتكارێكی وردبین و سەركردەیەكی داهێنەر، كاریگەرییەكی مەزنی لەسەر بەدیهێنانی دەستكەوتە نەتەوەییەكان هەبووە.

هەر لە چوارچێوەی مەراسیمەكەدا، نوێنەرانی پارتە سیاسییەكان لە وتارەكانیاندا ستایشی كەسایەتیی كاك ئیدریسیان كرد و دەستخۆشییان لە لقی ٦ كرد كە وەك چەترێك بۆ كۆكردنەوەی هەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەكانی كوردستان لە ئەوروپا كاردەكات و بووەتە پردێك بۆ بەستنەوەی ڕەوەندی كوردی بە نیشتمانەوە.

لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا، بەرپرسی لقی ٦ی ئەوروپا یادی شەهیدانی نەمر و قارەمانی كارەساتی ١ی شوباتی بەرز ڕاگرت و دروودی بۆ گیانی پاكیان نارد. هه‌روه‌ها سوپاسی ئامادەبووانی كرد و بەڵێنی دووپات كردەوە كە لقی ٦ بێ جیاوازی لە خزمەت هەموو كوردانی دیاسپۆرادا دەبێت.

سەرهەد غەفووری جەختی لەوەش كردەوە، ”کە پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەر شوێنێك بێت، بە هەستكردن بە بەرپرسیارێتی، خزمەتكردنی تاكی كورد بە ئەرکی خۆی دەزانێت، چونكە پارتی داکۆکیکارێکی سەرسەختی دۆز و مافە ڕەواکانی گەلی کوردە و بارەگاكانی هەمیشە ماڵی هەموو كوردستانیانن.