رۆژنامەی ھەولێر

بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە زنجیرەیەک ڕێنمایی و مەرجی نوێی ئاراستەی سەرجەم کۆمپانیاکان دیاری دەکات

کاروان ستونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە ڕایگەیاند: پێویستە سەرجەم کۆمپانیاکان پابەندی ئەم خاڵە بن، بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەبنەوە.

رێنماییەکان بریتین لە:-

1- پێویستە کۆمپانیاکان پێشوەختە کاتی چوون و گەڕانەوە و بەرنامەی گەشتەکە بە شێوەی نووسراو بدەنە عومرەکاران.

2- بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت عومرەکار ببرێتە فڕۆکەخانە یان دەروازەی عەرعەر پێش دەرچوونی ڤیزەکەی.

3- کۆمپانیاکان پابەند کراون 48 کاتژمێر پێش گەشت ناوی عومرەکاران ڕادەستی نووسینگەکانی حەج و عومرە بکەن.

4- گۆڕینی ئۆتێل یان کەمکردنەوەی ڕۆژانی مانەوە لە مەککە و مەدینە قەدەغەیە و دەبێت بەرنامەکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.

5- نابێت عومرەکاران لە ئۆتێلێک بن و بۆ نانخواردن بچنە ئۆتێلێکی دیکە، هەروەها دابەشکردنی عومرەکارانی یەک گروپ بەسەر دوو ئۆتێلدا قەدەغەیە.

6- پێویستە جۆری خواردن باش بێت و بڕەکەی گونجاو بێت لەگەڵ ژمارەی عومرەکاران.

7- لە گەشتی وشکانیدا، دەبێت دوو شۆفێر هاوسەفەر بن و ڕێگە نادرێت خاوەن کۆمپانیا یان هاوبەشەکەی ببێتە شۆفێری پاسەکە.

8- ئەو کۆمپانیایانەی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی کەرکووکەوە گەشت دەکەن، بۆیان نییە هیچ بڕە پارەیەک بۆ گواستنەوەی ناوخۆیی لە عومرەکار وەربگرن.

9- وەرگرتنی پارە لە عومرەکاران لەبری زیارەتی “روضه‌” بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

10-بەڕێوەبەرایەتییەکە جەختی کردووەتەوە، نابێت عومرەکاران زیاتر لە 6 کاتژمێر پێش گەشتەکەیان ببرێنە فڕۆکەخانە بە مەبەستی چۆڵکردنی زووی ئۆتێلەکان. هەروەها لە کاتی ونبوونی هەر عومرەکارێکدا، خاوەن کۆمپانیا بۆی نییە بگەڕێتەوە کوردستان تا چارەنووسی عومرەکارەکە دیاری دەکرێت.

11- لە کۆتایی ئاگادارییەکەدا هۆشداری دراوەتە کۆمپانیاکان: هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان هێڵی سوورن و نابێت بە هیچ شێوەیەک پێشێلکاریی بەرامبەر مافەکانیان بکرێت یان تووشی ناڕەحەتی ببن.