ئەمڕۆ یەکشەممە 2026.2.2، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، پێشوازیی لە شاندێکى بازرگانى وڵاتى چین بە سەرۆکایەتى ” ژانگ شیرۆنگ ” سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی دەزگای بەیتولحیکمەی وڵاتی چین كرد، كە بەیاوەری مصطفی شێخ عبدالرحمن، سەرۆکی هاوردە و هەناردەکارانی كوردستان و عطا محمد نوری، سەرۆکی لقی سلێمانی و ڕەسووڵ حاجی عمر، سەرۆکی لقی هەولێر و مەشخەڵ کەوڵۆسی، نوێنەری دەزگای بەیتولحیکمەی چینی لە کوردستان سەردانی پارێزگای هەولێریان كردبوو.
لە دیدارەکەدا، شاندى میوان مەبەستى سەردانەکەیدا بۆ هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان خستەڕوو و تیشکیان خستە سەر کار و پڕۆژەکانیان و ئاشکرایان کرد خواستى ئەوان بە هەماهەنگى پارێزگاى هەولێر ئەنجامدانى چەند پڕۆژەیەکی هەمەچەشنە لە بوارە جیاجیاکانى کارەبا و تەکنەلۆژییا بۆ زیاتر گەشانەوە و ئاوەدانکردنەوە و بەرەوپێشبردنى هەولێرى پایتەخت.
لە بەرامبەردا پارێزگاری هەولێر، ویڕاى بەخێرهێنان، ئومێدى خواست ئەو ماوەیەى کە لە هەولێرى پایتەختن بە ئاسوودەیی بەسەر ببەن، ئامادەيى پارێزگاى هەولێریشى نیشاندا لە چوارچێوەى یاسا و ڕینماییە بەرکارەکانى هەرێمى کوردستان هەموو ئاسانکارى و هاوکاریەکیان پێشکەش بکات.
پاشان خواستى هەرێمى کوردستانى بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ سەرجەم وڵاتان و، لە نێویشیاندا وڵاتى چین کە وڵاتێکى گرنگى ناوچەکەیە نیشاندا، ئاشکراشى کرد لە ماوەى ڕابردوودا بە هاوبەشى لەگەڵ کونسڵخانەى وڵاتى چین لە هەولێر، جگە لە ئەنجامدانى کارى هاوبەش، کە یەکێک لەو کارانە ڕووناککردنەوەى شەقامى هەڵەبجەى شەهید بووە بە تیشكى خۆر و ئەوەى دیکەش دروستکردنى پارکێکى چینى بوو، توانراوە پەرەى زۆر بە پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمی کوردستان و کۆمارى چین بدرێت، هیواشى خواست ئەو پەیوەندی و دۆستایەتییە پەرەى زیاترى پێبدرێت.
لە کۆتایدا شاندى میوان، وێڕاى خۆشحاڵیان بە سەردانیکردنى هەولێرى پایتەخت و ئەو سەقامگیرى و ئارامییەى بەرقەرارە لە شارەکە، زۆر سوپاسی پارێزگاری هەولێریان کرد بۆ پێشوازیی و پاڵپشتى و هاوکاریان لە کار و پڕۆژەکانیان.

