رۆژنامەی ھەولێر

ڕاگەیاندراوێك لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش

​لیژنەی لەناوبردنی ماددە هۆشبەرەکان لە بەردەوامی کارەکانیان، ئەمڕۆ ڕێککەوتی (٢٠٢٦/٢/٢) هەڵدەستێ بە سووتاندن و لەناوبردنی بڕی (١٢٠ کیلۆ و ٤٦٤ گرام) لە ماددەی هۆشبەر و حەبی هۆشبەری جۆراوجۆر کە پێکهاتوون لە (کریستاڵ و هێرۆین و تلیاک و حەشیش و ماریجوانە و گراس و یەک تۆپ قوماش و دوو دانە قەمسەڵە و دوو دانە کڵاو کە ڕووپۆشکراون بە ماددەی هۆشبەر)، لەگەڵ (٣٨ دانە جگەرەی هۆشبەر) و (٨ دانە دەرزی هۆشبەر) و (٢٢ دانە شرووبی هۆشبەر) و (٨٩٨ دانە لە کەلوپەل و ئامێری بەکارهێنان و کێشانی ماددەی هۆشبەر).

​لە ماوەی ڕابردوودا بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، (٢١١٣ دۆسیەی ساڵانی ٢٠٢٣-٢٠٢٤-٢٠٢٥) ڕەوانەی دادگای تایبەت مەندەکانی کەتن و تاوان کردووە، ئەویش دۆسیەکان یەکلاییکراونەتەوە و پلەی بنبڕیان وەرگرتووە، وە بەپێی ماددەی (٤٠) لە یاسای ژمارە (١)ی ساڵی (٢٠٢٠)، ئەم لیژنەیە بە سەرۆکایەتی دادوەرێکی پۆلێنکراوی یەک پێکهێنراوە کە لەلایەن ئەنجومەنی دادوەری هەرێم دەستنیشانکراوە، وە نوێنەری ئەم لایەنانەش ئەندامن لەم لیژنەیە:
۱_ ​دیوانی ئەنجومەنی وەزیران.
۲_ ​بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان.
۳_ ​بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگ.
٤_ ​پەیمانگای پزیشکی دادوەری هەرێم.
٥_ ​لیژنەی باڵا.
٦_ ​نوێنەرانی ئاژانسی پاراستن و زانیاری.
​وە بە ئامادەبوونی نوێنەری فەرمانگەی ژینگە و نوێنەری فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجومەنی وەزیران.

​لە سەرەتای دەستبەکاربوونی ئەم لیژنەیە لە ساڵی (٢٠٢٣) تاکو ئەمڕۆ توانراوە بڕی (١٧٤٧ کیلۆ و ٥٠٠ گرام) ماددەی هۆشبەر و حەبی هۆشبەری جۆراوجۆر و (١٤٧٠٠٠ شیت حەبی تر) و (١٩٥٩ دانە حەبی فەل جۆراوجۆر) و (٦٦٣٣ دانە دەرزی و شرووبی هۆشبەر و ماوە بەسەرچوو) و (٢٨٦٦ دانە لە کەلوپەل و ئامێری بەکارهێنان و کێشانی ماددەی هۆشبەر) لەلایەن ئەم لیژنەیەوە بە چەند قۆناغێک سووتێنراوە و لەناوبراوە.

​ئەرکی ئەم لیژنەیە بەدواداچوون و سەرپەرشتیکردنی گرتن و پشکنین و کۆگا کردن و لەناوبردنی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان و پێشینە کیمیاییەکانە، ئەوانەی حوکمی دەستبەسەرداگرتنیان دراوە و لەلایەن دادگا تایبەتمەندەکان دۆسیەکانیان یەکلاییکراوەتەوە و پلەی بنبڕیان وەرگرتووە.

ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش
۲/٢/۲۰۲٦