رۆژنامەی ھەولێر

سەرکەوتنی پڕۆژەیاساکەی لیندسی گراهام لە کۆنگرێس گەرەنتیی پاراستنی کورد بۆ ماوەیەکی درێژخایەن دەکات

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

دۆستایەتیی کورد تەنیا لەگەڵ حکوومەتی وڵاتان نەبووە و هەست دەکرێ لە ئاستی پەرلەمان و کۆنگرێس و دامەزراوە جیاوازە سیاسی و یاساییەکانی جیهان بازنەی پێوەندی و پاڵپشتیکردن لە کورد ڕۆژ بە ڕۆژ فراوانتر دەبێت. گەلی کورد کە قوربانییەکی سەرەکی سیاسەتی نێودەوڵەتی لە سەد ساڵی ڕابردوو بووە و خەباتگێڕێکی زیندوو و لەسەرپێی پاراستنی ئاسایشی جیهانی و ئارامی و پێکەوەژیان و لەناوبەری تیرۆریزمە، لە ڕووداوەکانی ئەمدواییانەی سووریا هەڵوێستی وڵاتان لە ئاستی چاوەڕوانیی کورددا نەبوو هەرچەندە هەڵوێستی هەندێک دامەزراوە و کەسایەتی خاوەن هەژموون مایەی پێزانینە و سەرخستنی هەندێک هەنگاو لەوانەش پڕۆژەیاساکەی لیندسی گراهام لە کۆنگرێس دەتوانێت ئەو قەرزە بداتەوە و گەرەنتیی پاراستنی کورد بۆ ماوەی درێژخایەن بکات.

یەکێک لە گرنگترین ئەو پاڵپشتییانەی لە کورد کراوە لە لایەن لیندسی گراهام، سیناتۆری بەناوبانکی کۆماریخوازەکانی ئەمریکا بووە و ئەو سێناتۆرە هەر لەدوای هێرشەکانی سوپای سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێری تێکچوونی بارودۆخی سووریا کرد و یەکێک بوو لە کاریگەرترین سیاسەتمەدارەکانی جیهان کە بانگەوازی ئەوەی بڵاو کردەوە کوردی هاوپەیمان و دۆستی ئەمریکا لە لایەن حکوومەتی سووریا و تورکیا لە ژێر هەڕەشە دان.
ئەو زۆر بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند دەستبەرداربوون لە کورد، کە هاوپەیمانی سەرەکی بووە لە تێکشاندنی خەلافەتی داعش، دەبێتە کارەسات بۆ ناوبانگ و بەرژەوەندییە تەناهییەکانی ئەمریکا و مایەی ئابڕووچوونە بۆ ئەمریکا، پشت لە هاوپەیمانێکی گرنگی وەک کورد بکات کە بە هەزاران کەسیان لە شەڕی دژی داعش فیدا کردووە.
لیندسی گراهام پڕۆژەیاسایەکی پێشکەشی کۆنگرێس کردووە کە ناوەڕۆکەکەی لە ڕووی سیاسییەوە زۆر گرنگە و یەکەم جارە لە مێژوودا پڕۆژەیەک لە ژێر ناوی یاسای ڕزگارکردنی کورد پێشکەش دەکرێت. پڕۆژەیاساکە هەفتەی ڕابردوو لە کۆنگرێس پێشکەش کرا و بە گوێرەی ناوەڕۆکەکەی سزای توند بەسەر هەر حکوومەت یان گرووپێکدا دەسەپێنرێت کە کە بەشداری بکات لە کردەوەی دوژمنکارانە دژی کورد.
لیندسی گراهام توانیویەتی کۆمەڵێک سێناتۆری دیکە ڕازی بکات بۆ ئەوەی پاڵپشتی لە پڕۆژەکەی بکەن و خۆیشی گوتوویەتی پڕۆژەکە پشتیوانییەکی بەهێزی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتەکانی ئەمریکا مسۆگەر دەکات.
پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییە بکرێت کە پاڵپشتیی کۆنگرێس تەنانەت لە پاڵپشتیی حکوومەتی ئەمریکا زۆر گرنگترە چونکە پاڵپشتیی کۆنگرێس ڕەنگێکی یاسایی هەیە بە پێچەوانەی پاڵپشتیی حکوومەت کە لەوانەیە لە پڕ گۆڕانکاری بەسەردابێت.
وەرسووڕانی پاڵپشتیی حکوومەتی ئەمریکا لە کورد لە ساڵی ٢٠١٩ هەموو کوردێکی تووشی شۆک کرد کاتێک دۆناڵد ترەمپ لە خولی پێشووی سەرۆکایەتییەکەیدا لە پڕ بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریای دا و دواتر سوپای تورکیا لە ئاسمان و زەوی هێرشی کردە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و بەشێک لەو خاکەی داگیر کرد کە بە خوێنی هەزاران شەهید ڕزگار کرابوو.
ئەو کاتیش گوشاری کۆنگرێس و ژمارەیەکی زۆر لە سێناتۆرە دیموکرات و کۆماریخوازەکان بوو کە وایکرد ئەمریکا پێداچوونەوە بە سەر سیاسەتەکانیدا بکات و دووبارە درێژە بە پاڵپشتییەکانی کوردستان بدات.
مانگی ڕابردوو هەمان ڕووداو لە ڕۆژئاوای کوردستان دووبارە بوویەوە و سەرەڕای ئەوەی کە کورد ڕووبەڕووی هێرشێکی فراوانی هێزە توندڕەوەکان و سوپای عەرەبیی سووریا بوویەوە ئەمریکا بێدەنگ بوو و تەنانەت تۆم باراکی نوێنەری دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری سووریا قسەیەکی زۆر ناخۆشی کرد و لەپڕ هاوپەیمانێتیی ئەمریکا و دیمەشقی بەسەر هاوپەیمانێتیی ئەمریکا و کورد زاڵ کرد و گوتی هاوپەیمانێتیی پێشتری ئەمریکا لەگەڵ هەسەدە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش بوو و ئەو ئەرکە لەگەڵ ئەو لایەنە کۆتایی هات و ئێستا لەگەڵ سووریا بەرەنگاری داعش دەبنەوە.
ئەم هەڵوێستەی باراک لە نێو کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان و تەنانەت لای ژمارەیەک لە کۆنگرێسمان و سێناتۆرەکان نیگەرانی لێکەوتەوە و ئەوە گوترا سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر کورد زۆر مەترسیدارە چونکە ناکرێت گەلێک کە دەیان هەزار شەهیدی داوە و بەشدارێکی سەرەکی بووە لە دابینکردنی ئاسایشی جیهانی ئەمڕۆ بەم شێوەیە پشتی تێ بکرێت.
کۆی ئەو هەڵمەت و پاڵپشتییانە هۆکار بوو لەوەی دیسان ئەمریکا تا ڕادەیەک بە سیاسەتەکانی خۆیدا بچێتەوە و تێڕوانینی باراک لە دانوستانەکانی دواتردا گۆڕانکاری بەسەردا بێت و ئەو گوشارانە لە واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی نوێ لە نێوان کورد و دیمەشق ڕەنگ بداتەوە کە لەچاو ڕێککەوتنەکانی پێشتر خاڵی زۆر ئەرێنی و باشی بۆ کورد تێدایە و کۆتایی بەو پیلانە هێنا کە بڕیار بوو لە دژی کورد جێبەجێ بکرێت.