ڕائیب جادر – هەولێر
نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە حکوومەتی خۆجێی مووسڵ و ئەنجوومەنی ئەو پارێزگایە، بێ جیاوازی خزمەتی ھەموو چین و توێژەکانی ئەو پارێزگایە دەکەن. جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا دوای ھەڵبژاردنی ڕایگەیاند، لەسەر بنەمای ڕێبازی سەرۆک بارزانی، ئەرکی سەرەکیمان خزمەتکردنی بێ جیاوازیی تەواوی پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی پارێزگای مووسڵ دەبێت
.
لەسەر داوای سەرۆک بارزانی نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ لە ھەر پلە و پۆستێک بن جیاوازی لە نێوان ئاین و نەتەوە و ڕەنگە جیاوازەکان ناکەن، شەو و ڕۆژیان کردۆتە یەک بۆ ھاوکاری کردن و خزمەتکردنی ھاووڵاتییان.
سەرجەم نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو یەک تیم ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە شاری مووسڵ و دەوروبەری خزمەت دەکەن، ھاووڵاتییانیش ھەمیشە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان ڕوو لە پارتی دەکەن.
لە دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق لە ھەموو ھەڵبژاردنەکاندا پارتی دیموکراتی کوردستان بۆتە جێگەی متمانەی ھاووڵاتییانی شاری مووسڵ و ھەموو جارێک پارتییان کردۆتە حزبی یەکەم و زۆربەی دەنگەکانی بەدەستھێناوە بۆیە پارتییش بێ جیاوازی خزمەتیان دەکات.
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ گۆڕینی شەش یەکەی ئیداری و ھەڵبژاردنی ھەر دوو جێگری یەکەم و دووەم کۆبوونەوەی ژمارە ٥٠ی خۆی ئەنجامدا، لە کۆبوونەوەکەدا دەنگ لەسەر کاندیدی کۆمەڵێک بەرپرسی ئیداری درا، لەوانە غەزوان داودی پێشتر بەڕێوەبەری ناحیەی باشیک بوو، بەزۆرینەی دەنگ، لە پشکی پارتی بووە جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا، جگە لەوەش ھەرسێ پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەی باشیک، قەحتانیە و قەیرەوانیش بۆ کاندیدانی پارتی بوون.
ھەڵبژاردنی ھەر دوو جێگری پارێزگاری مووسڵ و ئەو یەکە ئیداریانە لە کاتێکدایە کە ماوەی چەندین ساڵە ھیچ گۆڕانکاریەک لەو پۆستانە نەکرا بوو، بۆیە بەزۆرینەی دەنگ ھەموو ئەو پۆستانە گۆڕدران و لە چەند ڕۆژی داھاتوودا دەستبەکار دەبن. بەڕێوەبەری ناحیەی باشیک دەڵێت: ئێمە خزمەتی ھەموو خەڵک دەکەین، وەکو سەرۆک بارزانی دەڵێت، ئێمە خزمەتی ھەموو پێکھاتەکانی عێراق دەکەین، پارێزگای نەینەواش ھەموو پێکھاتەکان لە خۆ دەگرێت، ھەر ئەوەش وای کردووە کە ھەڵبژاردن لە دوای ھەڵبژاردن ڕێژەی دەنگ و کورسییەکانی پارتی لەو پارێزگایە زیاتر ببن.
ئێریڤان مەھدی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ، گوتی: ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کۆبووەوە و دەنگی لەسەر کۆمەڵێک بەرپرسی تازە بۆ پارێزگا، قەزا و ناحیەکانی سنوورەکەیدا، لەوانە جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا بوو، کە غەزوان داودی بووە جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا، پۆستی جێگری دووەمی پارێزگار، قایمقامی قەزای ناوەندی نەینەوا، بەڕێوبەری ناحیەی باشیک، بەڕێوەبەری ناحیەی قەیرەوان، بەڕێوەبەری ناحیەی زومماڕ، بەڕێوەبەری ناحیەی قەحتانیە، بەڕێوەبەری ناحیەی عەیازیە و بەڕێوەبەری ناحیەی مەحلەبیە بە ڕێککەوتن لەنێوان کوتلەکان دەنگیان لەسەر درا.
غەزوان داودی، جێگری نوێی پارێزگاری مووسڵ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: تواناکانمان دەخەینە گەڕ بۆ گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ ٣١ یەکەی کارگێڕی و ٩ قەزای سەر بە پارێزگاکە و بایەخێکی تایبەت بەو ناوچە کوردستانییانەش دەدەین کە لە دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانن، بەمەبەستی پڕکردنەوەی پێداویستییە کارگێڕی و ئاوەدانییەکانیان، بۆیە بە ھەماھەنگی لەگەڵ پارێزگار و کادیرانی کارگێڕی، کار بۆ باشترکردنی بژێو و خزمەتگوزارییەکانی ھاووڵاتییان دەکەین.

