شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوایین زانیارییەکانی لەبارەی دانیشتنی پەرلەمان و پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار خستەروو.
شاخەوان عەبدوڵڵا رایگەیاند، گفتوگۆکان لەبارەی پرسی سەرۆککۆمار هێشتا بەردەوامن و جەختی کردەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان بە هیچ شێوەیەک هۆکار نەبووە بۆ دواخستنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان. گوتیشی: “ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی لێرەین و کاندیدی فەرمییشمان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار ئامادەیە.”
سەبارەت بە پۆستی سەرۆکوەزیران، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوە کرد: “ئێمە وەک لایەنی کوردی بەربژێرمان بۆ سەرۆککۆمار هەیە، بەڵام پرسی سەرۆکوەزیران پەیوەستە بە ماڵی شیعە و لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەوان خۆیان بڕیار دەدەن کێ بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان دەکەن.”
شاخەوان عەبدوڵڵا باسی لەوەش کرد؛ بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی پەرلەمان بریتییە لە پرسی سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران و کۆمەڵێک پرسی دیکەی گرنگ.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە توانای چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆکوەزیران، گومانی خۆی نیشاندا و رایگەیاند: “لەو بڕوایەدا نیم چوارچێوەی هەماهەنگی بتوانێت لە ئێستادا ئەو پرسە یەکلا بکاتەوە.”
بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی لە دوای 2003، عێراقی نوێی لەسەر بنیادنراوە، پۆستی سەرۆککۆماری عێراق پشکی کوردە و لایەنە کوردستانییەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی کاندیدیان بۆ پۆستەکە هەیە.

