رۆژنامەی ھەولێر

هۆنینەوەی کەزییەکان خۆیان دەدوێن”

فەزیلە شۆرش
ئافرەتانی کورد وەک چیا بەرزەکانی کوردستان خۆڕاگر، خاوەن هەڵوێستی نەتەوەیی و خاکپەرستن. بۆ پاراستنی شکۆمەندیی نیشتمان بەرگەی هەموو فشارێکی داگیرکەرانیان گرتووە و دەگرن، بۆیە مایەی ترسن بۆ دوژمنانی کورد. ئافرەتان لەپاڵ پیاوەکاندا بۆ هەموو جیهانیان سەلماند کە کورد و کوردستان یەک جەستەیە؛ گەیشتنی هەر ئازارێک بە پارچەیەکی جەستەی کوردستان، ئازارە بۆ هەموو پارچەکانی کوردستان. هەستی یەکبوون بە ڕەنگ و دەنگ لەناو هەر چوار پارچەی کوردستاندا جوانترین وێنەی ڕووبەڕووبوونەوە و بەرگریکردنە لە قڕکردنی کورد؛ ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە کە یەکێتی و یەکڕیزیمان پێویستە بەردەوام بێت تا بەهێزتر بین. ڕێپێوانەکان لە کوردستان و بە تایبەتی لە وڵاتانی ئەورووپا کە کوردانی تاراوگە پێی هەستان و هەڵدەستن، کوردی گەیاندە قۆناغی یەکبوون و گەیاندنی دەنگی ناڕەزایی کورد بە سەرکردە و دانیشتووانی جیهان؛ بێگومان یەکبوون ئەنجامەکەی یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ سەربەخۆییمان.

لە هێرشەکان و دەستدرێژییە نامرۆڤانەکانی ئەندامانی سوپای سووریای عەرەبی بۆ سەر ڕۆژاوا، ئافرەتانی کورد بە گشتی و شەڕڤان و پێشمەرگە بە تایبەتی، ڕۆڵێکی زۆر چاونەترسانەیان هەبووە و هەیە لە بەرگریکردندا. بە شانازییەوە هێزێکی بێوێنەن لە بەرەنگاربوونەوە بۆ پاراستنی کوردستان. هەموو کات و بە تایبەتی لەم ڕۆژە سەختانەدا، ئافرەتان و پیاوانی کورد بە هەموو جیهانیان ڕاگەیاند کە هەموو کورد شەڕڤان و پێشمەرگەن و پشتیوانی یەکتر و یەکهەڵوێستن؛ هەر شەهیدێکی کورد سیمبوڵی بەرخودان و شکۆی کوردستانە.

بێگومان کەزییە بڕاوەکەی کچە شەڕڤانەکەمان، هێمای سووربوونی کوردە لەسەر ئازادی و سەربەخۆیی لە هەر چوار پارچەی کوردستان. ڕاستە کەزییەک بڕا، بەڵام هەزارەها کەزی، ڕۆڵەکانی کوردی بە یەکتر بەستەوە. ئەوەی جێگای خۆشحاڵییە، بە شانازییەوە پیاوانی کورد وەک وەڵامێکی ڕاستەوخۆ بۆ ئەم کارە قێزەونەی داعشی سووریا، پرچی کچەکانیان دەهۆننەوە؛ هەر هۆنینێک لە پرچدا، پەیامێکی بەرەنگاربوونەوەیە بۆ هەموو ئەوانەی دژایەتیی کورد و ئافرەتی کورد دەکەن. هۆنینی کەزییەکان خۆیان دەدوێن لە بەرزیی ڕەوشتی پیاوی کورد و ڕێزگرتنی بۆ ئافرەتان و بەرزیی پێگەی ئافرەتان لە کۆمەڵگەی کوردیدا. کەواتە کەزی ئاماژە بەوە دەکات کە ئافرەت خۆی دەکاتە قوربانیی خاک و ئاڵای کوردستان، بۆیە کەزیی ئافرەتی کورد بووەتە سیمبوڵێک بۆ کڵپەی ئاگر و پەتێکە بۆ وێرانکردنی دوژمنان.