رۆژنامەی ھەولێر

بڕینی کەزی؛ کاتێک جەستەی کچێکی شەڕڤان بوو بە بابەتی هۆشیاریی گشتی

شوعلە ڕەسوڵ
کەزیی کچێکی شەڕڤانی ڕۆژاوا لە هۆشیاریی کورددا، هێمایە بۆ بەشداریی ژن لە خەباتی نەتەوەیی، قوربانی و فیداکاری.
بڕینی کەزیی کچە کوردێک لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، بڵاوبوونەوەی هەواڵ و وێنەکەی بووە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی بەهێزی ناڕەزایی لە سۆشیاڵ میدیای کوردیدا؛ لە سنووری هەواڵی ئاسایی تێپەڕی و بوو بە ترێند لە میدیای کوردیدا، لەبەر ئەوەی ئەم ڕووداوە تەنها زیانێکی جەستەیی نەبوو، بەڵکو هێرشێک بوو بۆ سەر هێمای خەباتی ژنان، بەرگریی کورد و شانازیی نەتەوەیی.
کچانی شەڕڤانی ڕۆژاوا لە هۆشیاریی گشتیی کورددا وەک نیشانەی فیداکاری، بەرگریی دژ بە تیرۆر و شکاندنی نۆرمە کۆنەکان ناسراون، بۆیە هەر زیانێک بە جەستەی ئەم هێمایە بکەوێت، کاریگەرییەکی هەستیارانەی فراوان دروست دەکات. بڵاوبوونەوەی وێنە و زانیاری لە سۆشیاڵ میدیا، بەبێ ڕوونکردنەوەی فەرمیی خێرا و تەواو، بووە هۆی بەرزبوونی حەماسەتی تاکی کورد و ڕەخنە و تووڕەیی گشتی، کە بابەتەکەی زیاتر لە سنووری هەواڵێکی ئاسایی بردە دەرەوە.
تێکەڵبوونی ژن بە خەبات، ناسنامەی نەتەوەیی و هەستی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی، وای کرد گەلی کورد ڕووداوەکە بە سوکایەتیی دابنێن. ئەمە وای کرد ئەم ڕووداوە ببێتە بابەتێکی گشتی و ترێند لە سۆشیاڵ میدیای کوردیدا و دووبارە پرسیاری پاراستنی شەڕڤانان و ڕۆڵی ژن لە خەباتدا بهێنێتە پێشەوە.